قوباد تاڵەبانی: دەبێ بەوپەڕى توانامانەوە بەرپەرچی پەلامارە ترسنۆکانەکانی تێرۆریستیان بدەینەوە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ داوا دەکات کە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە نەهێڵرێن و رایدەگەیێنێت: "دەبێ بەوپەڕى توانامانەوە بەرپەرچی پەلامارە ترسنۆکانەکانی ئەو تاقمە تێرۆریستیانە بدەینەوە".
ئەمڕۆ شەممە 01-05-2021 قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکدا لەبارەی هێرشی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە رایگەیاند: "بەتووندی سەرکۆنەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لە پردێ دەکەین لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "ئەم پەلامارە تیرۆریستییانە ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێ زیاتر چاوکراوەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و تۆقاندن بە هەموو شێوەکانی و بە هەر هۆکارێک بێت. پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم ئافاتە مەترسیدارە کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووەتە ئامانج بنبڕ بكرێت".
لە هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە سێ پێشمەرگە شەهید و دووی دیکەش بریندار بوون، قوباد تاڵەبانی پرسە وسەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
لە لەكاتژمێر12:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1-5-2021 لە سنووری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوە دروستبوو. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.
دوو بریندارەکە براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتووە. فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
دەقی پەیامی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەتووندی ئیدانەى پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەپردێ دەکەین لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە، دووپاتیشی دەکەینەوە کە دەبێ بەوپەڕى توانامانەوە بەرپەرچی پەلامارە ترسنۆکانەکانی ئەو تاقمە تێرۆریستیانە بدەینەوە و بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە نەھێڵرێت.
ئەم پەلامارە تیرۆریستیانە ئەوەمان پێ دەڵێت کە دەبێ زیاتر چاوکراوەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەى تێرۆر و تۆقاندن بەهەموو شێوەکانی و بەهەر هۆکارێک بێت. پێویستە کاربکەین بۆ ئەوەی ئەم ئافاتە مەترسیدارە کەئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کردۆتە ئامانج بنبڕ بكرێت.
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کەخۆیان کردە قوربانی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.قوباد تاڵەبانی
جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
