مەسیحەكانی هەولێر پەنا بۆ عەبدولستار مەجید دەبەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند،"مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوەو هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیرکارییە بکرێت".
عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، 1ی ئایاری 2021 لە ڕاگەیاندراوێكدا ڕایگەیاند"تاڵان و گەندەڵییەکی زۆر خەتەرناک دەستیپێکردوە، ئەویش داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە. لە گوندەکانی ئاشۆڕکان و دارەبەن چوار هەزار دۆنم زەوی لە باشترین و بەپیتترین زەوی کشتوکاڵیی دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاریی."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لەنێوان هەردو شەقامی 100 مەتری و 150 مەتری زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی مەسیحییەکانی عەنکاوە هەیە کە حاڵی حازر بە گەنم چێندراوە، دراوەتە کۆمپانیایەک بەناوی لاڤا."
بەپێی قسەی عەبدولستار مەجید، كۆمپانیاكە "شۆفڵ و حەفارەی تێکردوەو تەنانەت چاوەڕێیان نەکردوە تا دروێنە دەکرێت، بەم هۆیەشەوە مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوەو هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیرکارییە بکرێت."
وتوشیەتی"کار گەیشتۆتە ئەوەی مەسیحییەکان بڵێن فیزامان بدەنێ با بەیەکجاری بڕۆین و ئەم وڵاتەتان بۆ جێبهێڵین."
