پارێزگاری سلێمانی داوا دەكات مووچەی خانەنشینان لەڕێگەی ئاسیا حەواڵەوە دابەش بكرێت

«لەڕۆژێكدا 100 هەزار كەس دەتوانن مووچە وەربگرن لەڕێگەی سیستمی ئاسیا حەواڵەوە»

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

دابەشكردنی موچەی خانەنشینی لەنێو قەرەباڵغییەكی زۆرو نۆرە وەستاندا كەچەندین كاتژمێری دەوێت سەرەڕای بوونی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا وایكرد كۆمپانیای ئاسیا سێڵ و بەشی حەواڵە پێشنیاری دابەشكردنی موچەكانیان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بكەنە پڕۆژەیەك و بیدەنە وەزارەتەكان وەك هاوكارییەك بۆ خانەنشینان، بەڵام زیاتر لەساڵێكە پڕۆژەكە لەلای ئەنجومەنی وەزیرانەو وەڵامنەدراونەتەوە سەرەڕای داواكاری پارێزگاری سلێمانی.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا  بە هاوڵاتى   وت:»بەهۆی قەرەباڵغییەكی زۆر لەكاتی دابەشكردنی موچەی خانەنشیندا رەزامەندیمان لەسەر پڕۆژەكی  ئاسیاسێڵ دا بۆ دابەشكردنی موچە بەشێوەی نەختینەو پڕۆژەكەمان نارد بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام تائێستا وەڵاممان وەرنەگرتۆتەوە».

ناوبراو داوای لەحكومەتی هەرێم كرد رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیە بدات كە كارئاسانییەكی تەواوەتی بۆ خانەنشینان و بانكەكان و تەواوی هاووڵاتیان دەكات بەتایبەت لەم دۆخەدا.

بەرپرسی بەشی فرۆشتنی ئاسیا حەواڵە دەڵێت:» ئاسیا حەواڵە توانای هەیە، لەڕۆژێكدا (100) هەزار كەس موچە وەربگرێت لەڕێگەی  ئەم سیستمەوە».

كاوان خالید، بەرپرسی بەشی فرۆشتنی ئاسیا حەواڵە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى  وت:»ئاسیا حەواڵە زۆر بواری جیاواز جیاواز دەگرێتەوە كە یەكێك لەوانە موچەدانە لەڕێگەی ئەلیكترۆنییەوە، پارەكانیان وەربگرن».

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پڕۆژەیەكیان پێشكەش بەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و وەزارەتەكان كردووە بۆ دابەشكردنی موچە لەڕێگەی ئاسیا حەواڵەوەو لەوەزارەتەكان پەسەندكراو تاگەیشتە ئەنجومەنی وەزیران تائێستا وەڵام نەدراونەتەوەو هۆكارەكەی نازانن.

هاوكات جەختی لەوەش كردەوە» ئێمە كۆمپانیایەكی خۆماڵین ئامانجمان ئەوەیە، خزمەتی هاووڵاتیان بكەین و سێكتەری دارایی لەم وڵاتەدا پێشبخەین، چونكە زۆر گرنگە بەشێوازێكی تەقلیدی موچە وەرنەگرین و لەزۆربەی وڵاتان سەركەوتوو بووە».

تائێستا كۆمپیانیای ئاسیا سێڵ بەشی ئاسیا حەواڵە كۆنتاكتیان لەگەڵ چەندین كۆمپانیای كەرتی تایبەت و رێكخراو و رێكخراوی نێودەوڵەتی هەیە لەڕێگەیەوە موچەكانیان دەگەیەننە كارمەندانیان كەزیاتر لە (40) هەزار بۆ  (50) هەزار كارمەند لەم رێگەیەوە لەسەرانسەری عێراق موچەی پێوەردەگرن، كە لەسەدا 90ی ئەو رێژەیە لەهەرێمی كوردستانن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار