کاڵکان زانیاریی لەسەر هاوڵاتییەک کە تورکیا لە کۆپتەر هەڵیدایەخوارەوە ئاشکرا دەکات
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی مەدیاهەبار، زانیاریی لەسەر گۆڕەپانی مام ڕەشۆ و کەسایەتی مام ڕەشۆ ئاشکرا کرد.
کاڵکان لەسەر کەسایەتی مام ڕەشۆ وتی: من مام ڕەشۆم لە ساڵی ١٩٨٣ ناسی، وڵاتپارێزێک بوو کە ملکەچی دیکتاتۆریی سەدام حسێن م نەبوو، خاوەن کەسایەتییەکی شکۆدار بوو، لەو کاتەدا کە سەدام گوندەکانی دەسووتاند و خاپووری دەکرد، مام ڕەشۆ بۆ ئێران و تورکیا هەڵنەهات، بەڵکو پەنای بردە شوێنە سەختەکانی سەر سنوور و ژیانی لە سەر خاکی خۆی هەڵبژارد و لەوێ لەدژی ڕژێمی بەعس بەرخۆدانی کرد، ئەو لەو چیایە ڕەشماڵێکی هەبوو، کە ساڵی ١٩٨٣ ئێمە چووینە لای و نانمان لای ئەو دەخوارد.
لە ڕۆژی ٢٣ی مانگی نیسانەوە دەوڵەتی توركیا هێرشێکی بەرفراوانی داگیرکاریی بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکردووە و یەکێک لەو شوێنانەی کە زۆرترین هێرشی لەسەرە، گۆڕەپانی مام ڕەشۆیە لە ناوچەی ئاڤاشین، مام ڕەشۆ کە هەموو کەس وەکو چیایەک دەیناسێت، بەڵام ناوی ئەم دەڤەرە لە ناوی وڵاتپارێزێکەوە وەرگیراوە، کە لە دژی تورکیای داگیرکەر بەرخۆدانی کردووە و لە هێلیکۆپتەر هەڵداروەتە خوارەوە.
گۆڕەپانی مام ڕەشۆ لە ناوچەی ئاڤاشین ناوی خۆی لە وڵاتپارێزێکەوە وەرگرتووە، کە ساڵی ١٩٩٤ لە دژی دەوڵەتی تورک بەرخۆدانی کرد و دەوڵەتی تورک لە هێلیکۆپتەرەوە هەڵیدایە خوارەوە، دوران کاڵکان داوا لە گەلی باشوور دەکات خاوەنداریی لە ڕێگای مام ڕەشۆ بکەن.
کاڵکان لە بەردەوامیدا وتێ: هەتا ساڵی ١٩٩٤، ڕەشماڵەکەی مام ڕەشۆ وەکو بارەگایەکی شاراوەی سەربازیی گەریلاکان بوو و مام ڕەشۆ خۆی و خانەوادەکەی لەپێناو نیشتمانداا چیان لەدەست دەهات درێغیان نەدەکرد، سەرەڕای هێرشەکانیش ئەوان وازیان لە وڵاتپارێزیی نەهێنا.
دوران کاڵکان لە سەر شێوازی شەهید کردنی مام ڕەشۆ بەم جۆرە دوا “لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٤ سوپای تورک بە دەیان هەزار سەربازەوە هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان و مام ڕەشۆ و خانەوادەکەیان دەستگیرکرد، لە پاش ئەشکەنجەیەکی زۆر نەیانتوانی لەسەر پەکەکە هیچ زانیارییەک لە سەر زمانی مام ڕەشۆ بکێشننەوە، هەر بۆیە بە زیندوویی سواری هێلیکۆپتەریان کرد و بەشێویەکی دڕندانە لە سەر تاشەبەردەکان هەڵیاندایە خوارەوە، دواتر هەڤاڵان چوون تەرمەکەیان هێنایەوە و لە پاڵ ڕەشماڵەکەی بەخاکیان سپارد، ڕاستیی دەوڵەتی تورک ئەمەیە، ئێستاکەش شوێنکەوتووانی ئەوانەن هێرش دەکەن”.
لەسەر ناولێنانی ئەو چیایەیە کە مام ڕەشۆ تێیدا شەهید کرا، کاڵکان ڕایگەیاند، کە ئەوان بۆ گەورەیی ئاستی نیشتمانپەروەریی مام ڕەشۆ، گەریلاکان ناوی مام ڕەشۆیان لە ئەو شاخە نا و ئێستا هەموو کەس بەوناوە دەیناسێت، پێویستە گەلی باشووری کوردستان خاوەنداریی لە ئەم ڕێبازەی مام ڕەشۆ بکەن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا دوران کاڵکان ئاشکرای کرد کە ” ساڵی ١٩٩٥ لە ‘ئۆپەراسیۆنی چەلیک’ کە دەوڵەتی تورک لە هەرێمی مام ڕەشۆ دەستی پێکردبوو، گەورەترین زیانیان بینی، بە دەیان سەربازی تورک کەوتنە ناو ئاوی باسیا و خنکان، هەتاکو ئێستاش سوپای تورک بەدوایاندا نەگەڕا و نازانێ چییان بەسەرهات و بەسەدان شاهیدی ئەمەش هەیە لەو هەرێمە، مام ڕەشۆ گۆڕەپانێکی شەڕ و تێکۆشانە”.