ئەمریکا: تاڵیبان سەرکەوتنی ستراتیژی تۆماردەکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاند:"  تاڵیبان لە مەیدانی شەڕدا سەردەکەوێت، بەڵام سەرکەوتنی ئەوان هێندە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن خێرا نییە و هێشتا ئەو وڵاتە لەبەردەم چەندین سیناریۆدایە".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری، مارک مێڵی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد، تاڵیبان لە مەیدانی شەڕدا سەردەکەوێت، بەڵام سەرکەوتنی ئەوان هێندە پڕوپاگەندەی بۆ دەکەن خێرا نییە و هێشتا ئەو وڵاتە لەبەردەم چەندین سیناریۆدایە کە دیار نییە کامیان روودەدەن.

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تاڵیبان لە کۆی نزیکەی 400 یەکەی ئیداری، سەرووی 213 یەکەی کۆنترۆڵکردووە، بەڵام هێشتا ناوەندی 34 ویلایەتەکەی ئەفغانستانی بەدەستەوە نییە.

لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، هیبتوڵڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت، "لەگەڵ بەرەوپێشڤەچوون و دەستکەوتە سەربازییەکان، ئیماراتی ئیسلامی بە جیدی خوازیاری رێککەوتنێکی سیاسین لە وڵاتەکە."

سەرۆکی تاڵیبان باسی لەوەشکردووە، "هەموو دەرفەتێک بۆ دامەزراندنی سیستمێکی ئیسلامی لەلایەن ئیماراتی ئیسلامییەوە بەکاردەهێنرێت."

چوار مانگە حکومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان ناوبەناو کۆبوونەوە لە دەوحە دەکەن، ئەمڕۆش گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەکانیان بەڕێوە دەچێت. 

سەرۆکی تاڵیبان ئاماژە بەوە دەکات، بزووتنەوەکەیان پابەندە بەوەی بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێت، نەیارەکانیشی بەوە تۆمەتبارکرد کە تەنیا "کات بەفیڕۆ دەدەن".

تاڵیبان دەڵێت، ناوچەی سپین بۆلداکیان لەسەر سنووری نێوان ئەفغانستان و پاکستان لە باشووری رۆژهەڵاتی قەندەهار کۆنترۆڵکردووە. تاوەکو ئێستاش بە تەواوەتی نازانرێت ئێستا ناوچە سنوورییەکە بەدەست چ لایەنێکەوەیە، چونکە سوپای ئەفغانستان دەڵێت کۆنترۆڵیان کردووەتەوە.

بەگشتی تاڵیبان لەڕووی سەربازییەوە لە بارودۆخێكی یەکجار باشدایە؛ لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ستراتیژی نێوان ئەفغانستان و پاکستانەوە نزیکە و دوو دەروازەی سنووریی لەگەڵ ئێران و دەروازەیەکی سنووریی لەگەڵ تورکمەنستانی کۆنترۆڵکردووە.

سەرۆکی بزووتنەوەی تاڵیبان دەڵێت، لەبری پشتبەستن بە لایەنی دەرەکی، ئەوان دەیانەوێت لە نێوخۆدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، شەڕوپێکدادانی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 270 هەزار ئەفغانی و کۆی ئاوارەکانی بۆ 3.5 ملیۆن کەس بەرزکردەوە.

ئەوەی کە 40 ساڵ چەک و تەقەمەنی بە تاکە رێگەی گونجاوی چارەسەرکردنی کێشەکان تەماشاکردووە، ئەستەمە باوەڕ بە مێزەکانی گفتوگۆکان بهێنێت؛ لەکاتێکدا تاڵیبان جەخت لە ئاشتیی و ئاشتەوایی دەکاتەوە و بەڵێنی ژیانێكی ئەفسانەیی نوێ بۆ ئەفغانییەکان دەدات؛ تەقینەوەکانی نێو خەڵکی سیڤیل و کوژرانی چالاکڤان و رۆژنامەڤانان، بەڵێنەکانی تاڵیبان بەتاڵ دەکاتەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکی بزووتنەوەکەیشدا هیچ ئاماژەیەک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە رۆژانی جەژنی قورباندا نەکراوە کە لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە دەستپێدەکەن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار