ونبوون له‌وه‌رگێڕاندا
تێڕوانینێکى رۆژئاواییانهى جیاواز بۆ رۆمانى چل ڕێساکهى عه‌شق
6 ساڵ لەمەوپێش
نوسینی: میشێل گۆلدبێرگ
وه‌رگێڕانی: پێشه‌وا جەلال
چل ڕێساکهى عیشق ڕۆمانێکى زۆر ماندووکه‌ره، چونکه هه‌مووشتێک له‌باره‌یه‌وه سه‌رنجڕاکێشه جگه له کاره‌که خۆی. نوسه‌ره‌که‌ى ئه‌لیف شه‌فه‌ق سه‌رچاوه‌ى ئیلهامه. ئه‌و کاره‌کانى پڕفرۆش‌ترین و پاڵه‌وانێکى کۆزمۆپولیتانه. فیمینیستێکى ئاڵۆز‌و ڕۆماننوسێکى به‌رزخوازه که چیرۆکى سیحری-ڕاسته‌قینه پێکه‌وه ده‌چنێت و تێکه‌ڵاوى بیرۆکه‌ى گه‌وره و گرنگى ده‌کات. ڕۆمانه‌که‌ى (زۆڵهکهى ئه‌ستانبوڵ) که له ٢٠٠٦ بڵاوکرایه‌وه، په‌نجه ده‌خاته‌سه‌ر بابه‌تێکى قه‌ده‌غه‌کراوى وه‌ک جینۆسایدى ئه‌رمه‌نه‌کان و له ئه‌نجامدا تۆمه‌تبارکرا به سوکایه‌تیکردن به «تورک بوون» . تاوانێک که به‌ندى بوونى لێده‌که‌وێته‌وه. ڕۆمانه سوریالیستهکهى (چاوتێبڕین) له ساڵى ٢٠٠٠ بڵاوبووه‌وه، ئه‌ویش بووه جێگاى سه‌رنجى ئه‌وانه‌ى گرنگى ده‌ده‌ن به بابه‌تى په‌یوه‌ندیدار به جیاوازى ڕه‌گه‌زی.
ئه‌م ڕۆمانه‌ى (چل رێساکهى عیشق) له‌باره‌ى ژنێکى جووى ئه‌مریکیه که عیشق ئه‌دۆزێته‌وه له‌گه‌ڵ سۆفییهکى گه‌ڕیده. ڕۆمانه‌که پڕفرۆش‌ترین کتێب بووه له تورکیا. ئه‌و هاوسۆزییه‌ى بۆ ڕۆمانه‌که دروستبوو توانى کینه‌ى ناسیۆنالیستى و ئاینى تێپه‌ڕێنێت. وه‌کو زۆر له ڕۆمانه‌کانى ئه‌لیف شه‌فه‌ق، (چل ڕێساکهى عیشق) دوو چیرۆکى لێک ئاڵا‌و ده‌گرێته‌وه که به چه‌ندین سه‌ده له‌یه‌ک جودا بوونه‌ته‌وه. گێڕه‌ره‌وه‌ى چیرۆکه‌که، (ئێلا ڕۆبنستنه)، ژنێکى ٤٠ ساڵه، هاوسه‌رگیریى کردووه له‌گه‌ڵ دکتۆرێکى ددان به‌ڵام به‌خته‌وه‌ر نییه. نقوم بووه له ژیانێکى ناخۆشى چینى ناوه‌ڕاست. وا ده‌رده‌که‌وێت که ژیانى خولانه‌وه‌یه به ده‌ورى رۆشتن بۆ کێڵگه و بازاڕکردن. ئێلا، کارێک ئه‌دۆزێته‌وه له ده‌زگایه‌کى ئه‌ده‌بى ئه‌ویش خوێندنه‌وه‌ى دهستنوسهکانه. له‌وێ ڕۆمانێکى ده‌درێتێ به ناوى «کفرى شیرین» له باره‌ى ڕۆمى که شاعیرێکى سۆفییه. ئه‌و ئه‌که‌وێته داوى ئه‌و نامه ڕۆمانسى ئاسایانه‌ى که نوسه‌رێکى گه‌ڕۆک خاوه‌نێتی. سۆفییه‌که به ناوى ێ. ز زه‌هارا. ژیانى بۆ هه‌تا هه‌تایه ده‌گۆڕێت، به شێوه‌یه‌ک پێشبینى کراوه‌و قایلکه‌ره له هه‌مان کاتدا.
چیرۆکى ئێلا، تێکه‌ڵکێش ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانى ڕۆمانه‌که‌ى زه‌هارا، که چیرۆکێکى خۆشه‌ویستى ڕۆحییه له نێوان ڕۆمى و شه‌مسى ته‌برێزی، که ده‌روێشێکى گه‌ڕیده‌یه و سۆفیزم به ڕۆمى ده‌ناسێنێت. شه‌فه‌ق خۆى خوێندکارى سۆفیزمه. ئه‌م ڕۆمانهشى وا ده‌رده‌که‌وێت که له هه‌ندێ ڕووه‌وه هه‌وڵدانێکه بۆ خه‌یاڵکردنى ئه‌وه‌ى ئیسلامى ڕابردوو له‌گه‌ڵ به‌ها هاوچه‌رخه‌کان یه‌کده‌گرێته‌وه که پڕۆژه‌یه‌کى تایبه‌ته. ئیسلامى سۆفییانه زیاتر په‌یوه‌ندیداره به یه‌کانگیرى جوانییه‌کانى تاک به خوداوه، نه‌ک یاساى شه‌ریعه‌ت. واته سۆفیزم په‌یڕه‌وێکى لێبورده‌یه. شه‌مسى ته‌برێزى لێکترازانى گروپه ئاینییه‌کان و یاسا تونده ئاینییه‌کان به دوژمنایه‌تى خودا ده‌بینێ و خۆى باوه‌ڕدارێکه که باوه‌ڕى ئه‌و له‌گه‌ڵ ئیسلامى هاوچه‌رخ یه‌ک ناگرێته‌وه، ئه‌و ته‌نانه‌ت ڕۆمى ده‌نێرێت بۆ مه‌یخانه تا نیشانى بدات که وابه‌سته‌بوون به‌و یاسا توندانه‌ى شه‌ریعه‌ت، بۆ خۆى جۆرێکه له په‌رستن. ڕۆمى پێى ده‌ڵێت» یاسا ئاینى و قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانى گرنگن؟» شهمس له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت « به‌ڵام ناکرێت ببنه تابوویه‌ک که پرسیار هه‌ڵنه‌گرن، له‌م ئاگاییه‌وه‌یه من ئه‌مڕۆ ئه‌و شه‌رابه ده‌خۆمه‌وه که پێشکه‌شت کردم، له ته‌واوى دڵمه‌وه باوه‌ڕم وایه له‌پشت مه‌ستبوون به خۆشه‌ویستی، ئاگایى هه‌یه «.
ئه‌م فۆڕمه له ئیسلام، ته‌نانه‌ت ژنێکى عه‌لمانى و جوله‌که ده‌توانێت خۆشى بوێت، شهمس وه‌ک موسڵمانێکى مۆدێرن یان وه‌ک مامۆستایه‌کى یۆگا که قورئان ده‌خوێنێته‌وه ده‌رده‌که‌وێت، له‌وانه‌یه خوێندنه‌وه‌ى ئه‌لیف شه‌فه‌ق ڕاست بێت، به‌ڵام له‌و پێگه‌یه‌دا نیم بتوانم دادوه‌رى بکه‌م له‌سه‌ر بابه‌ته‌که.
به‌شێکى کێشه‌که له کاتى وه‌رگێڕاندا له شێوازى نوسینه‌که‌یه. نوسین له (چل ڕێساکهى عیشق) نه‌بزۆکه و زۆر قوڵه. له سه‌ره‌تاوه وا هه‌ستم کرد که هۆکارى بێ چێژییهکهى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى سڕبوونى ئاگایى ئێلا بێت به‌ڵام کاتێک به‌شه‌کانى ڕۆمانه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ى سیانزه، هه‌مان کێشه‌یان هه‌یه. هه‌ندێ ده‌ربڕین که به درێژایى به‌شه‌کانى کتێبه‌که به‌رده‌وامن، وه‌ڕسکه‌رن. ئه‌مه جێى سه‌رسوڕمانه، چونکه له کتێبه‌کانى پێشترى (ئه‌لیف شه‌فه‌ق) زمانه‌که‌ى زۆر ڕوونن و پڕ بزاوتنه. ئه‌لیف شه‌فه‌ق له پێشتردا (چل ڕێساکهى عیشق)ى نوسیوه به هه‌ردوو زمانى ئینگلیزى و تورکى دواتر به شێوه‌یه‌کى چڕ خه‌ریکى وه‌رگێڕانى بووه‌ته‌وه. ئه‌و به به‌شى ئینگلیزى ڕۆژنامه‌ى زه‌مانى تورکى ده‌ڵێت» سه‌ره‌تا ڕۆمانه‌که‌م به ئینگلیزى نوسى و له لایه‌ن باشترین وه‌رگێڕه‌وه کرا به تورکى، دواتر وه‌رگێڕانه‌که‌م برد و دووباره نوسیمه‌وه، کاتێک تورکییه‌که ئاماده‌بوو، گه‌ڕامه‌وه سه‌ر ئینگلیزییه‌که دووباره به ڕووحیهتێکى نوێوه نوسیمه‌وه« ئه‌مه ئه‌زمونێکى سه‌رنجڕاکێشه و نیشاندانى خۆشه‌ویستییه بۆ تێکه‌ڵبوون له ناو دوو که‌لتووردا، به‌ڵام هه‌ر جۆره ڕوحێک له نوسینه‌که‌یدا هه‌بێت وا دیاره له‌ناوچووبێت به‌هۆى ئه‌و هاتن و چوونه‌وه.
کێشه‌که له (ئێلا)وه ده‌ستپێده‌کات، که هه‌رگیز وه‌ک زیندوو ده‌رناکه‌وێت. بیرۆکه‌ى ئێلا تێڕامان و که‌وتنه داوى ئاره‌زووى زانینه. نوسه‌ره ئه‌مریکیه‌کان زۆرجار خه‌یاڵى ئه‌وه ده‌که‌ن که له که‌لتورى تر دان، به‌ڵام ئێمه وا ڕا نه‌هاتووین ئه‌وانى تر ببینین خه‌یاڵ بکه‌ن له کهلتوورى ئێمه دابن. ئیلا ژنێکى ده‌وڵه‌مه‌ندى تۆراوى ئه‌مریکییه که خه‌مه‌کانى که‌م ده‌بێته‌وه به به‌رکه‌وتنى له‌گه‌ڵ سۆفیزمى ڕۆحانى ڕۆژهه‌ڵاتی. ئه‌م کتێبه به‌ڵگه‌ى
ئه‌وه‌یه سیاسه‌تى باش و نیه‌تى باش، مه‌رج نیه به‌رهه‌مهێنه‌رى ئه‌ده‌بى باش بێت.