نرخی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی دەفڕێت
بانكی ناوەندی عێراق كردوویەتیە مەرج كە نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراوو حەواڵە بكرێنە كۆمپانیا
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
لەئێستادا بڕیار دراوە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەهەرێمی كوردستاندا بكرێنە كۆمپانیاو لەو رێگەیەوە لەكارەكانیان بەردەوام بن و بەهای كڕینی كۆمپانیایەكیش لەسلێمانی گەیشتووەتە زیاتر لە 100 ملیۆن دینار، ئەوەش بارگرانی دارایی بۆ دروستكردوون.
چەند مانگێك لەمەوبەر بانكی ناوەندی عێراق كردوویەتیە مەرج بۆ ئەوانەی ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن دەبێت وەك نووسینگە نەمێنن و ببنە كۆمپانیاو تۆماركردنی كۆمپانیاش لەسلێمانی راگیراوەو بەوهۆیەوە نرخی كۆمپانیا لەبازاڕدا بەرزبووەتەوە.
بەهای كڕینی یەك كۆمپانیا لەسلێمانی گەیشتووەتە سەد ملیۆن دینار
بانكی ناوەندی عێراق رۆژانە 100 تا 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت بە بریكارەكانی ئاڵوگۆڕی دراو، بۆ هەر سەد دۆلارێك 146 هەزار دینار وەردەگرێت، بریكار و كۆمپانیاكانیش جارێكی دیكە ئەو بڕە دۆلارە دەفرۆشنەوە بەنووسینگەو كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقدا.
بڕیارە لقێكی بانكی ناوەندی عێراق تەنها بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی بكرێتەوە، بەڵام پێش كردنەوەی ئەو لقە مەرجێكیان دیاری كردووە بۆ نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە وەك نووسینگە نەمێنن و ببنە كۆمپانیا.
خاوەنی یەكێك لەنووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەدات لەم كارەدا تەنیا سوودی بۆ حكومەت هەیە و هیچ قازانجێكی بۆ خەڵك تێدا نییە.
عەبدوڵا بەكر، زیاتر لە 10 ساڵە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی هەیە لەبازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی و دەڵێت:»تائێستا نەبووە هاووڵاتیەك كێشەی بۆ دروست ببێت، بۆیە تەنیا كردنی نووسینگەكان بە كۆمپانیا لەپێناو بەرژەوەندی حكومەتدایە، چونكە بەهۆی ئەو بڕیارانەوە نرخی كۆمپانیا بەرزبۆتەوەو بڕی ئەو زەمانەش زیادیكردووە كە پێویستە لەحساب بانكیەكەتدا هەبێت».
هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كرد كەهیچ كات نەبووە تووشی كێشە بن، «لەمكارەدا تەنیا سوودی بۆ حكومەتەو بۆیە ئێمە ئامادەنین نووسینگەكانمان بكەینە كۆمپانیاو بەو شێوەیەی خۆمان بەردەوام دەبین لەكاركردن».
ئاراس حامید، پارێزەری كۆمپانیاكان لەبواری ئاڵوگۆڕی دراو، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» ئەم هەنگاوە سودی بۆ خاوەن كۆمپانیاكە و بۆ خەڵكیش هەیە، بۆ كۆمپانیاكە سودەكەی ئەوەیە، دەتوانێت راستەوخۆ بەناوی كۆمپانیاكەوە پارە لەبانكی ناوەندی عێراق وەربگرێت، بۆ ئەمەش هاتوون كۆی 10 كۆمپانیایان پێكەوە كۆكردۆتەوە و بەنوێنەریان گروپی ئەی پێكبهێنن پێكەوە پارەكە لەبانكی مەركەزی وەربگرن».
لەئێستادا لەپارێزگای سلێمانی زیاتر لە 360 كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو هەیە و ماوەی دوو مانگە مۆڵەتی پێدانی كۆمپانیا راگیراوە، بەوەش نرخی فرۆشتنی مۆڵەتی كۆمپانیا زۆر زیاتر بەرزبۆتەوە تا 70 بۆ 80 هەزار دۆلار.
لەپارێزگای هەولێرو لە2017وە مۆڵەتی كۆمپانیا راگیراوە بەو هۆیەوە نرخی مۆڵەتی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو گەیشتووەتە 270 هەزار بۆ 300 هەزار دۆلار، كۆمپانیاكانی ئالۆگۆڕی دراو راستەوخۆ لەلایەن بانكی مەركەزییەوە پارە وەردەگرن.
ئاراس پێشیوابوو كەئاسایش دەیەوێت ئەو نووسینگانە ببنە كۆمپانیا، وتیشی»هەموو كەسێك دەتوانێت نووسینگەیەك دابنێت و مامەڵە بەپارەی خەڵكەوە بكات، بۆیە سبەینێ هەستاو رۆیشت پارەی خەڵك و هاووڵاتیان دەفەوتێت، بەڵام كۆمپانیا دامەزراوەیەكەو متمانەی زیاترەو لەڕووی پارە وەرگرتنیشەوە لەبانكی مەركەزی ئەمە وادەكات هەموو كۆمپانیاكان بەبێ جیاوازی لێی سودمەندبن».
«بازرگانی دراو هەیە كەخاوەنی 10 كۆمپانیایە، لەو رێگەیەوە دەیكاتە گروپ و دەتوانێت پارە لەبانكی مەركەزییەوە وەربگرێت، لەوكاتەدا سودی 10 كۆمپانیاكە بۆ كەسەكە دەبێت».
بەپێی یاسای عێراقی كۆمپانیا ناتوانێت كە لەسلێمانی كرایەوە نەقڵی پارێزگایەكی دیكە ببێت یاخود لق بكاتەوە، بۆیە بەپێی ئەو رێنماییە نوێیەی حكومەتی هەرێم دەتوانرێت كاتێك ئەو 10 كۆمپانیایە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە مامەڵە دەكەن دەتوانن لقی تر لەهەر پارێزگایەك كە لەعێراقدا هەیە بیكەنەوە.
هەروەها پەیوەند ئەنوەر، پارێزەری كۆمپانیاكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «لەگەڵ ئەوەی بڕیارەكە بڕیاری ساڵی 2012یە، بەڵام هەندێك لەخەڵكەكە تائێستا مۆڵەتی كۆمپانیایان بۆ نووسینگەكەیان نەكردووە، لەكاتێكدا لەو ساڵەوە مۆڵەتی نووسینگە نوێ نەكراوەتەوە، بۆیە ئێستا وەك ئەوە وایە هەر وجودیان نەبێت».
ئەم پارێزەرە پێشیوابوو كە لەئێستادا بەغدا دووبارە فشاری كردۆتەوەو دەیەوێت ئەو كەسانەی ئەو كارە دەكەن مۆڵەتی كۆمپانیایان هەبێت و لەڕێگەی بانكی ناوەنی عێراقەوە مامەڵە بكەن، وتیشی:» بوونیان بەكۆمپانیا وادەكات متمانەیان زیاتربێت و لەبەرژەوەندی خەڵكە، چونكە بوونی نووسینگە هیچ بڕگەیەكی یاسایی نیە و لەكاتی بوونی كێشەدا هیچ بۆ خەڵك ناكرێت، تەنانەت سكاڵای مەدەنیش بكەیت لەسەری رەتدەكرێتەوە، چونكە وەك ئەوە وایە وجودی نەبێت».
بانكی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلار گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراودا دەكات تا بۆ هەر سەد دۆلارێك كە بە 146 هەزار دینار دەفرۆشرێت نرخێكی زۆر زیادی نەچێتە سەرو هاووڵاتیان تووشی زەرەر نەبنەوە.
پەیوەند ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو وجودی قانونییان نیە، بۆیە لەكاتی كردنی بەكۆمپانیا بۆ خەڵك و بۆ كۆمپانیاكەش ئەوەیە راستەوخۆ حسە وەردەگرن لەبانكی ناوەندی عێراق بۆ ئەوەی هاوسەنگی بازاڕی پێ وەربگیرێت.
بانكی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلار گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراودا دەكات تا بۆ هەر سەد دۆلارێك كە بە 146 هەزار دینار دەفرۆشرێت نرخێكی زۆر زیادی نەچێتە سەرو هاووڵاتیان تووشی زەرەر نەبنەوە.
پەیوەند ئەنوەر، ئەوەشی روونكردەوە لەسلێمانیدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر كۆمپانیا هەیەو زۆر لەپێویستی زیاترە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كۆمپانیاكان لەسلێمانی دەڵێت كاری ئەوان دامەزراندنیانەو وردەكاری مۆڵەتەكەی پەیوەندی بەبانكی هەرێمەوە هەیە.
سۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی كۆمپانیاكان لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»كاری ئێمە دامەزراندنە، بۆیە هەر كۆمپانیایەك بێتە لامان جا ئاڵوگۆڕی دراو بێت یاخود هەر كۆمپانیایەكی دیكە، ئێمە بۆی دادەمەزرێنین دوای ئەوە وردەكاری مۆڵەتەكەو شێوازەكەی لای بانكی هەرێمەو لای ئێمە نیە».
وتیشی:»لەئێستادا سەرمایە(راس مال) كۆمپانیا بووەتە 500 ملیۆن دینار، لەكاتێكدا پێشتر 150 ملیۆن بووە»