كوشتنی زانا ئەتۆمییەكەی ئێران لەڕێی رۆبۆتێكەوە لەیەك خولەكدا ئەنجام دراوە

3 ساڵ لەمەوپێش



نامۆ سەربەست

كوشتنی موحسن فەخریزادە زانای ئێرانی و فەرماندە لەسوپای پاسداران، دووبارە بووەوە بابەتی گەرمی میدیا جیهانی و ئێرانییەكان، دوای ئەوەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی وردەكاریی نوێی لەسەر دوا ساتەكانی ژیانی دیارترین بەرەوپێشبەری بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران و شێوازی كوشتنی لەلایەن مۆسادی ئیسرائیلییەوە بڵاوكردەوە.

زانیارییە دژەكانی سەرەتا

دوای كوژرانی زاناكە لە 27ی تشرینی دووەمی 2020دا، دەزگاكانی راگەیاندن زانیاری دژبەیەكیان بڵاوكردەوە لەسەر شێوازی كوشتنەكەی، یەكێك لەڕاپۆرتەكان باسی لەئەوە كرد كەتیمێك بەدرێژایی ئەو رێگایەی فەخریزادە دەیگرتەبەر چاوەڕێی كردووە. دانەیەكی تر هێمای بۆ ئەوە كردبوو كە دانیشتوانی ناوچەكە گوێیان لەتەقینەوەیەكی گەورە بووە و بەدوایدا بووە بەتەقە.

هەروەها باسی ئەوە كرا كەبارهەڵگرێك لەبەردەم ئۆتۆمبێلەكەی فەخریزادەدا تەقیوەتەوە پاشان پێنج بۆ شەش چەكدار لە ئۆتۆمبێلێكی نزیكەوە دابەزیون و تەقەیان لێكردووە. كەناڵێكی سەر بەپاسدارانیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وای بڵاوكردەوە، كە شەڕ لەنێوان پاسەوانەكانی زاناكەو هێرشبەرەكاندا روویداوە.

لەبەرامبەردا ئاژانسی هەواڵگریی ئێران رایگەیاند:» بكوژەكە رۆبۆتێك بووەو هەموو ئۆپراسیۆنەكە لەدوورەوە كۆنترۆڵكراوە، بەڵام بەپێی نیویۆرك تایمز، ئەو گێڕانەوەیە بووە مایەی گاڵتەپێكردنی ئێرانییەكان و وایانبینی بۆ كەمكردنەوەی شەرمی «هێزەكانی ئاسایشی نوخبە»یە كەشكستی هێناوە لەپاراستنی یەكێك لەو كەسایەتییانەی بەتوندترین شێوە پارێزراوە لەوڵاتەكەدا.

بەپێی ئەو چاوپێكەوتنانەی رۆژنامەكە لەگەڵ بەرپرسە ئەمریكی و ئیسرائیلی و ئێرانییەكاندا كردوویەتی، لەوانە دوو بەرپرسی هەواڵگری كەئاگاداری وردەكایی پلاندانان و جێبەجێكردنی ئۆپراسیۆنەكە بوون و لێدوانەكانی خێزانی كوژراوەكە بۆ راگەیاندنە ئێرانییەكان، سەركەوتنی ئۆپراسیۆنەكە پەیوەندیی بەچەند فاكتەرێكەوە هەبووە، لەوانە شكستی ئەمنیی لەلایەن پاسدارانەوەو پلان و چاودێریی چڕی مۆساد، هەروەها گوێنەدانی فەخریزادە بەو ئاگاداركردنەوانەی پێی دەگەیشت.

ئەم ناوەتان بیربێت

لەدوای ساڵی 2012ەوە ئیسرائیل بەهۆی رێكەوتنی ئەتۆمییەوە ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانەی راگرتبوو، بەڵام لەگەڵ كشانەوەی ترەمپدا لەڕێككەوتنەكە دەستیپێكردەوە، بەتایبەت لەكۆتاییەكانی 2019و سەرەتاكانی 2020دا ئامادەكارییەكان بۆ كوشتنی فەخریزادە لەنێوان بەرپرسە ئیسرائیلییەكان بەسەرۆكایەتی یوسی كۆهین بەڕێوەبەری مۆسادو چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمریكی، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ و مایك پۆمپیۆ وەزیری پێشوی دەرەوەو جینا هاسبڵ بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی.

رۆژنامەكە دەڵێت وەڵامی لاوازی ئێرانییەكان بۆ كوشتنی قاسم سولەیمانی، پاڵنەری سەرەكیی بەرپرسە ئەمریكییەكان بوو لەپشتیوانیكردنی كوشتی فەخریزادەدا، كە لەساڵی 2018ەوە مۆساد لەهەوڵدا بوو بۆ كوشتنی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی ئیسرائیل لەكۆبوونەوەیەكدا باسی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێرانی كردو چەند جارێك ناوی فەخریزادەی بردو رایگەیاند:»ئەو ناوەتان لەبیربێت».

رۆژی كوشتنەكە

راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز ئەوەی ئاشكراكردووە وێڕای پێگە بەرزەكەی و هەوڵی 14 ساڵەی ئیسرائیل بۆ كوشتنی، بەڵام فەخریزادە ویستوویەتی ژیانێكی ئاسایی بژی و زۆر گوێی بەپاسەوانیی و پاراستن نەداوەو تەنانەت بەقسەی تیمە ئەمنیەكەشی نەكردووە كە وتوویانە خۆی ئۆتۆمبیل لێنەخوڕێت، ئەوەش بووەتە كارئاسانیی بۆ مۆساد.

رۆژی كوشتنەكەی وێڕای ئاگاداركردنەوەی لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێرانیەوە لەپیلانی كوشتنی، بەڵام فەخریزادە لەخانووی پشووەكەی سەر دەریای قەزوینەوە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا بە ئۆتۆمبیلە نیسانە رەشەكەی بۆ بەسەربردنی كۆتایی هەفتە، بەرەو ماڵە گوندییەكەیان لە ناوچەی (ئاب سەرد)ی رۆژهەڵاتی تاران بەڕێدەكەوێت.

لەڕێگا كۆمەڵێك بریكاری ئێرانی كە كاریان بۆ مۆساد كردووە، بارهەڵگرێكی پیكاب لەجۆری (نیسان زامیاد) لە پێگەیەكی تاڕادەیەك بەرزدا، لەقەراغ ئەو رێگایە دادەنێن كە ناوچەی ئاب سەرد دەبەستێتەوە بە شەقامە خێراكەوەو لە پشتەكەیدا تفەنگێكی قەناسی قەبارە 7.62 ملم لە جۆری FN MAGی بەلجیكی دادەنێن و بەقوماشی مۆمكراو دایدەپۆشن، لەچاوەڕوانیی تێپەڕینی زانا ئێرانییەكەدا.

كاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆ تیمی كوشتنەكە ئاماژەی پێدەگات كە فەخریزادەو هاوسەرەكەی و تیمی پاسەوانە چەكدارەكانی لەچەند ئۆتۆمبێلێكدا بەرەو ئاب سەرد بەڕێكەوتوون، لەو كاتەدا قەناسێكی كارامە دەچێتە پێگەكەی خۆی و تفەنگەكە ئامادەدەكات بۆ جێبەجێكردن، بەڵام ئەوكەسە لەدووریی نزیكەی 1600 كیلۆمەترەوە لە بەرامبەر شاشەیەكدا دانیشتبوو، تیمەكەی تریش بەر لەجێبەجێكردنەكە، ئێرانیان بەجێهێشتبوو.

بەپێی ئەو وردەكارییانەی راپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، شێوازی كوشتنی فەخریزادە پێشبینی نەكراو بووە و بەتەواوی جیاوازبووە لەو شێوازە جۆراوجۆرانەی ئیسرائیل بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسە ئەتۆمییە ئێرانییەكان بەكاری دەهێنان، ئیسرائیل یەكەم زانای ناوەكی ئێرانی لەساڵی 2007دا بە ژەهر كوشت، ساڵی 2010 دانەیەكی تری بە بۆمبێك كوشت بە ماتۆڕێكەوە بەسترابوو لە دوورەوە تەقێندرایەوە.

دوای كوژرانی سولەیمانی، وێڕای گوێنەدانی فەخریزادە، هێشتا ئێران پاسەوانییەكی زۆر چڕی بۆ دانابوو، نیویۆرك تایمز دەڵێت، دوای كوژرانی ئەو فەرماندە باڵایە، ئێران وانەیەكی گەورە فێربوو، بەوەش كە دەیزانی فەخریزادە لە لیستی ئیسرائیلییەكاندایە، یەكەیەكی پاسەوانیی پڕ چەك و مەشقپێكراوی لەنوخبەی پاسداران بۆ دانابوو كە لەقافڵەی چوار بۆ حەوت ئۆتۆمبێلیدا پاسەوانییان دەكرد، بۆیە ئیسرائیل بڕیاریدا بە تفەنگێكی رۆبۆتی بیكوژێت كە لەدوورەوە كۆنترۆڵ دەكرێت.

بەوتەی بەرپرسێكی هەواڵگریی ئیسرائیلی بۆ رۆژنامەكە، تفەنگە رۆبۆتەكە كێشی نزیكەی تەنێك بووە و بەجۆرێك دروستكراوە لەگەڵ پشتی پیكابێكی زامیادی ئێرانیدا بگونجێت.

رۆبۆتەكە هەڵوەشێندراوەو لەكاتی جیاوازدا پارچە پارچە براوەتە ئێرانەوە و لەوێ لەسەر پیكابەكە بەستراوە و پاشان بۆمبڕێژ كراوە، تا دوای ئۆپراسیۆنەكە بتەقێندرێتەوە

 

هەروەها چەندین كامێراو هەستەوەری پێوەكراوە تا وێنەیەكی تەواو دەربارەی ئامانجەكە و دەوروبەرەكە بدات بەژووری كۆنترۆڵ، كە بە زیرەكیی دەستكرد بەرنامە كراوە تاشوێنی دواكەوتنی ناردنی وێنەكان و لەرینەوەی پیكابەكە و خێرایی باو ئۆتۆمبێلەكان و هەموو وردەكارییەكانی تر بگرێتەوە.

دواتر رۆبۆتەكە هەڵوەشێندراوەو لەكاتی جیاوازدا پارچە پارچە براوەتە ئێرانەوە و لەوێ لەسەر پیكابەكە بەستراوە و پاشان بۆمبڕێژ كراوە، تا دوای ئۆپراسیۆنەكە بتەقێندرێتەوە و هیچ پاشماوەیەك بەجێ نەهێڵێت.

تاكە چاڵنج كە مابووەوە بۆ تیمەكە ئەوەبوو چۆن دڵنیابن كە ئایا فەخریزادە خۆی ئۆتۆمبێلەكە لێدەخوڕێت یان نا؟ بۆ ئەوە هەستان لەو یەكتربڕەكەدا كە دەبێت كاروانەكەی فەخریزادە پێچبكاتەوە بۆ ئاب سەرد، ئۆتۆمبێلێكیان وانیشاندا كە پەنچەرە و لەسەر جەگە، ئۆتۆمبێلەكە كامێرای توانا بەرزی تێدابوو بۆ ناسینەوەی زاناكە و بەوجۆرە دڵنیابوون خۆی لێیدەخوڕێت.

كەمێك بەر لەكاتژمێر 3.30 كاروانەكە دەگاتە لای پیكابەكە، تفەنگەكە دەستڕێژێك لەپێشی ئۆتۆمبێلەكە دەكات، بەڵام دیارنابێت ئایا فەخریزادەی پێكاوە یان نا؟ ئۆتۆمبێلەكە لادەدات و دەوەستێت، لەوێدا قەناسەكە تفەنگەكە رێك دەكاتەوە و بەلایەنی كەمەوە سێ فیشەك دەنێت بە جامی پێشەوەیەوە، ئەوسا فەخریزادە لە ئۆتۆمبێلەكە دادەبەزێت و لەپشت دەرگای شۆفێرەوە بە چیچكانەوە دادەنیشێت و بەپێی ئاژانسی فارسی ئێرانی سێ فیشەك بڕبڕەی پشتی بڕیوە و لەسەر رێگاكە كەوتووە.

رۆژنامە ئەمریكییەكە نووسیویەتی تاكە شت كە بەتەواوی سەرینەگرت تەقاندنەوەی پیكابەكە بوو، چونكە ئامانج لە تەقاندەوەكەی ئەوەبوو پارچەی نەمێنێتەوە تا ئێرانییەكان نەتوانن بیبەستنەوە، بەڵام زۆرینەی پارچەكانی وێڕای ئەوەی بەكەڵكی بەكارهێنان نەمابوون، بەڵام روون و ئاشكرابوون كە چین.

دواتریش هەڵسەنگاندنی پاسداران ئاشكرایكرد، هێرشەكە لەڕێی رۆبۆتێكەوە بووە لەدوورەوە كۆنترۆڵكراوە و سیستمی مانگی دەستكردنی زیرەكی تێدا بەكارهاتووە و هەموو ئۆپراسیۆنەكە كەمتر لەخولەكێكی خایاندووە كە 15 فیشەكی تێدا تەقێندراوە.

لەكۆتاییشدا راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمز دەڵێت:» ئەم شێوازو تەكنەلۆجیا نوێیە رووخساری جیهانی ئاسایش و سیخوڕی دەگۆڕێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار