ئەم یارییەم بینیوە!

ئاوات نامق ئاغا

3 ساڵ لەمەوپێش



ئاوات نامق ئاغا

‎​​​​​​

‎من کەمتر خۆم لە قەرەی ئەم بابەتانە ئەدەم بەڵام ئەمجارە نەمتوانی لەوە زۆرتر بێدەنگ بم و ئەمەوێ لەسەر ئەم بەزمی پێنجەمین هەڵبژاردنە پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقە نوێیە بنوسم کە  لە ساڵی ٢٠٠٥ وە بەڕێوە ئەچێ، و خەریکە لە ناو کۆمەڵگای کوردەوارییدا لە گرێژنە دەرئەچێ و بە ئاقاریکی ترسناکدا وەرئەچەرخێ.

‎ئاشکرایە ئەم وادە پێشخستنە بە هۆی ئەو ناڕەزایەتییە بەر فراوان و خوێناوییەی شەقامی عەرەبی عێراقەوە بوو کە دوای ماوەیەکی زۆر لە بێدادیی و گەندەڵیی بژاردەی سیاسی وڵات، ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ سەریهەڵدا و حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی پێ هەڵوەشایەوە و ئەنجا مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی نوێی ناچار کرد گفتی ئەم پێداچوونەوەیە بدات و هەوڵێک بدەن دڵی میللەت بە تایبەت گەنجان بهێننەوە جێ!  بۆیە سەرەڕای تێكڕای دەنگە ناڕازیی و هەوڵی پەکخستنەکان هێشتا ئومێدێکی زۆری لەسەر هەڵئەچنرێ و چاوەڕوانی ئەوە ئەکرێ ئاکام حکومەتێکی نوێ بهێنێتە سەرکار کە لە ئاستی داخوازییەکانی جەماوەردا بێ.  ئێمەی کوردیش کە تا هەنووکە بەشێکین لە عێراق و ئەمانەوێ لە ئاستی گٶرانکارییەکاندا بین لەو پێناوەدا کەوتوینەتە خۆ تا داکۆکی لە تێكڕای مافەکانمان بکەین و نەهێڵین گۆڵمان لێ بکرێ!

‎ دیارە حیزبە کوردییەکان هەقی خۆیانە کە هەوڵبدەن باشترین و لێوەشاوەترین بەربژێرەکان بۆ نوێنەرایەتی گەلەکەمان یان چاکتر بڵەین خۆیان لە بەغدا هەڵبژێرن وسەربخەن. مەخابن چونکە لە کوردستان ناتوانن ناکۆکییەکان وەلا بخەن و ببنە هێزێکی سیاسی، سەربازی، ئیداری و ئابووری یەکگرتوو بۆیە دەوەن بە ئاشەکە ئەبەنە پایتەخت و هەر لایەنێک بە جودا هەڵوەدای دەستخستنی چەند پۆستێکی وەزاریی و باڵوێز و بەڕێوەبەرانی گشتی و جێگرەکانیان ئەبن، جگە لە سەرۆککۆماریی کە بووە بە مارەکەی شێخ هۆمەر لێمان! ئیتر بۆ سەرگرتنی ئەم ویستە ناجۆریی و کاڵ و کرچییەکی زۆر بەرپا ئەبێ، لەوێشەوە زۆرینەی کێشەکان لەبەرچاوی دۆست و دوژمنانمان لە ناوچەکە ئەوەندەی تر زەق ئەبنەوە. 

‎وێڕای پێزانینی زۆر بۆ ئەوانەی کە هێشتا مەبەستیان خزمەتکردنە و لە ئاستی پێویستدان، کەچی هەر جارە کۆمەڵێک دەست و پێ سپی و پارەپەرست ئەهێنرێنە پێشەوە و هانی میللەت ئەدرێ دەنگیان پێ بدەن. ئەوانیش کە مەبەستیان ڕوون و ئاشکرایە بە کۆمەڵێک بەڵێنی قەبە و دروشمی ساختە و دیماگۆگییانە خۆیان پف ئەدەن. بێگومان هەوڵی خۆ دەوڵەمەندکردن و ژیان مسۆگەرکردن مافێکی سروشتیی هەموو مرۆڤێکە، بەڵام لەسەر دەستخەڕۆکردنی خەڵک و ئارەقەو خوێنی شەهیدان و قوربانییەکان، نەک سروشتیی نییە بەڵكە شورەییشە! بۆیە گۆر وایە سوک و باریک سلێمانییانە پێیان بڵێن 'ئەوە نیت!'  

‎مەخابن زۆرینەی ئەم بەربژێرانە نە کەسایەتییەکی مەعنەوی دیارن، نە خاوەن ئەزموونێکی سیاسی قوڵ، نە کەڵکەڵەی کوردایەتی ڕاستەقینەش رۆژێک لەڕۆژان لە ژیانیاندا هەبووە. ئەمە جگە لەوەی کە هیچ بڕوانامەیەکی زانستی پەیوەندییداریان بە دەست نەخستووە. نە زمانزانن و نە بەکلتوری گەلانی عێراق ئاشنان، تەنانەت بەشێکیان پێکهاتەی لەش ولاریشیان ئەوەندە لەبار نییە کە گەر خوانەکردە شەڕە مستێک پەیدا بوو بێتە وەڵام.  بۆیە وا پێشبینی ئەکرێ لە بەردەم کەڵەگایی و دەمهەراشی بەشێك لە پەرلەمانتارەکانی ئەوێدا بسڵەمێنەوە و دەمیان بچێتە کلیلە!

‎ئەم دۆخە وەک یاری ی تۆپی پێ دێتە پێش چاو کە ئێمەی کورد بەدوای ئەوەدا بگەڕێین تیمێک دروست بکەین، تا بچنە بەغدا و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقدا گەمان بکەن!  ئاخر خۆ نابێ ئەوان باشترین و یاریزانترین بۆ خۆیان هەڵبژێرن و ئێمەش لێرە لەبەر ئەوەی فڵانە سەر بە فیسارە و ئەمیان نەوەی ئەم خەباتکار وئەو شەهیدە بکەین بە دەمڕاستمان!

‎ئێمە هەموو سەرمان بۆ خەبات و خوێنی پیرۆزی تێکڕای ئەو قارەمانانە دائەنەوێنین کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا بەرگرییان لە خاک و ڕۆمەتی گەلەکەمان کردووە و پێیانەوە ئەنازین و شانازی ئەکەین کە بە داخەوە  ئێستا بەشێک لەم بەربژێرانەی حیزبەکان بۆ گەیشتن بەو پلە پایەیە ئەیانکەنە دەستمایەی دەستییان. بۆیە کۆتا جار تیمەکەی ئێمە ئەبێتە دەستەیەکی نەشارەزای پێکەوە نەخەمڵیو کە هەریەکە لە ئاوازێک بخوێنێ و ئاشکرایشە کۆتا یاریەکە کە لە ساحەکەی ئەواندا ئەکرێ، ئەوەیە کە خاراتێ گۆڵمان لێ ئەکرێن!

‎نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەو شانزە ساڵەی تەمەنی ئەم پەرلەمانەی عێراقدا ڕەنگە هەندێک ئیشی بچکۆلانەیان کردبێ، بەڵام هەرگیز هیچ کەسێکیان یان بەرەیەکیان نەیتوانیوە کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر سیاسەتی بەغدا دابنێن کە هەردەم لەهەوڵی سڕینەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستاندایە؟ ئاخۆ توانیان مادەی ١٤٠ بەرنە پێش؟ یاخود لە بەرامبەر ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایەی لە وڵاتانی دراوسێوە تا ئەمێستا ئەکرێنە سەر گەل و خاکەکەمان توانییان بەغداو شەقامی عەرەبی شیعی و سوننی  هانبدەن هەر نەبێ بە بەیاننامەیەک، سەرکۆنەی ئەو کردەوانە بکەن؟

‎لە ساڵانی ۲٠۱٤ بە دواوە کە حکومەتی ناوەند بەشە داهاتی کوردستانی بڕی، توانیان وا بکەن مووچەی کوردستان لە کاتی خۆیدا بنێرن، لە کاتێکدا لە هەمان بەروارەوە بەشە مووچەی تێکڕای ئەو شارانەی کە داعش داگیری کردبوون لە کاتی خۆیدا ڕەوانە ئەکران؟ چییان بۆ هەڵسانەوەی کوردانی شەنگال کرد؟ ئەی دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۷ کە بەغدا بە هەموو هێزی خۆی پەلاماری کوردستانی دایەوە توانیان ئەو هێرشە ڕابگرن و ئەو ٥٠٪ ی خاکەکەمان لە دۆڕاندن ڕزگار بکەن؟

‎مەخابن بەشێک لەمانە کە ئەچنە ئەوێ بەدەر لە هەوڵدان بۆ خۆبردنەپێش و خۆ دەوڵەمەند کردن و دواتریش هەر لەوێوە خۆ هەڵواسین بە  نەتەوەی سەردەستدا و لە دواوە رۆیشتنی ئەم سەرکردەی سیاسی و ئاینیی، و شان تەکاندنی ئەم و ئەو، سەرباری گاڵتەپێکردن و پلارگرتنە حکومەتەکەی کوردستان بە هەموو نەرێنییەکانیەوە لەبەردەمی نەیارەکانیدا چییان دەست خستووە؟ کامییان لە چوار ساڵی ئەندامێتییاندا چارەکێکی ئەو بەڵێنانەی بە جەماوەرەکەیان دا هێنایە دی؟!

‎ئەمە چ کاسبییەکی ترسناک و مسۆگەرە ئەمانە فێرکروان، کە جگە لە سەرلەقاندن و ملکەچی بۆ ئەم یان ئەو حیزب یاخود  بەرپرس زۆرتر هیچێکی دی نەوێ؟ بۆیە کۆمەڵێکیان کە لەیارییەکە شارەزابوون و تێگەیشتوون حەوشی گەورە یاپراخەکەی دووگی چەورە، بەرلەتەواوبوونی وادەکەی خولی پێشوویان یان خۆیان بە عەرەبدا هەڵئەواسن و دوای گەڕاندنەوەی ئەسڵ و نەسەبی خۆیان بۆ سەر ئەوان لە لیستی ئەواندا هەوڵی خۆ هەڵبژاردنەوە ئەدەن، یاخود هەوڵی جودا بوونەوە لە حیزبەکانی خۆیان ئەدەن. 

‎لە کاتێکدا بەربژێری کورد بۆ پەرلەمانی بەغدا ئەبێ پێشتر بە باشی تاقیکرابێتەوە کە لە بەردەم پارە و ئیمتیازاتدا خۆڕاگرە و خۆ نادۆڕێنێ، پەیوەندی ژێر بەژێر بەملاو ئەولاوە ناکات، سازش لەسەر بەهاو بنەماکانی باڵاکانی گەل و خاکەکەی ناکات و پابەندی بۆیان ئەخاتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتییەوە.  بەر بژێری کورد بۆ پەرلەمانی عێراق پێویستە شارەزایەکی تەواوی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی كورد و هەموو ناوچەکە بێ. مەرجە کلتوری عەرەب و عێراق تەواو شارەزا بێ،  بەڵکە زۆر گرنگیشە ماوەیەک لە ناو بەغدادا ژیابێ!

‎بەربژێری کورد پێویستە زانستی قانون و سیاسەتی خوێندبێ و کاری پێ کردبێ و ئاگاداری فێڵ و فەرەی ئەو کایانە بێ! ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە مەرجە عەرەبیزانێکی لێهاتوو بێ، چونکە زۆر جار ئێمەی کورد لەکاتی نوسینەوەی قانونەکاندا پاشقولمان لێ ئەگیرێن لەبەر ئەوەی زۆرینەی نوێنەرەکانمان ئەو عەرەبییە نازانن کە ئەو مادە قانونییە یان دەستورییەی پێ ئەنوسرێتەوە ئاخر وەک ئەڵێن بە سەر و بۆرێک یاری بەتەواوی لێکدانەوەکەی ئەکرێ! بەدڵنیایی چەندانێکمان هەبوون کە عەرەبیزانی تەواو بوون، بەڵام ئەمە هێشتا ئەوەندە نەبوون کە بتوانن فریای ئەو هەموو کارە بکەون.  بۆیە گەر هەر بەر بژێرێک ویستی لەو راستییە هەڵبێ، پێویستە لێی بپرسرێتەوە کەی دوا نوسینی خۆی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردۆتەوە یان گوتارێکی بەو زمانە پێشکەش کردووە؟ یان هەر نەبێ بزانرێ کاتی خۆی لە تاقیکردنەوەی بەکالۆریدا لە وانەی عەرەبیدا چەندی هێناوە و داڕشتنێکی خۆی بەو زمانە بخاتە بەر چاو؟  چونکە ئەم عەرەبییەی پەرلەمان ئەوە نییە کە لە پۆلی سێیەمی سەرەتاییدا کاتی خۆی ئەخوێندرا.. 'قام ندیم، بوقی رقیق، داری قریب!'  'قدوری قزاز، بدری بزاز، قدوری قاد بقرتنا!' 

‎ لێرەوە دەقی ئەو نامەیەی مەلای دێیەکم بیرهاتەوە مامۆستا علائەدین سوجادی باسی ئەکات کە کاتی خۆی دانیشتوانی ناوچەیەکی خۆمان ڕوویان لە مەلای دێ نابوو تاکو نامەیەک بکاتە سەر عەرەبەکانی گوندێکی هاوسنوریان کە گاو گۆلکیان کردبووە ناو بێستانی ئەمانەوە. 
‎'عەرەبەکان الی اختیار و مختار قریتکم، قد دخل فی زراعتنا گاوگولککم، لولا پیر و ریش سپیکم، لقگعنا کلک و گوێی گاوانکم!'

‎ بۆیە گۆڕ وایە بەربژێرەکانمان زۆر پێشتر ئامادە بکرێن و چەندین خولی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ بکرێتەوە و  ئەنجا بکرێنە ئەو تیمەی کە گەلەکەمان خاترجەم بێ و هیوایان لەسەرهەڵبچنێ.

‎ئەگینا وەک رەحمەتی کاک رەحیمی دەروێش مەحمودی ناڵبەندمان لێ بەسەر دێ، کە وەرزشەوانێکی ناوداری ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠کانی شار بوو، ئەڵێن جارێک ئەچێتە سەیری یارییەکی تۆپی پێ و هێشتا یاریەکە لە سەرەتای نیوەی یەکەمدا ئەبێ، بە هاوڕێکانی ئەڵی 'من بە دۆعا!' ئەڵێن 'بۆ کوێ،  بۆچی ئەڕۆی؟' ئەویش لە وەڵامدا ئەڵێ 'ئەم یارییەم بینیوە!'
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار