نەتەوە یەکگرتووەکان: لەپاڵپشتی عێراقییەكان بەردەوام دەبین
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق پەیامێکی بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوە ورایگەیاند:"کەمیی رێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنە بۆ زۆر خەڵک بێهیواکەربوو."
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگە لە تایبەتمەندیی هەڵبژاردنەکەی 10ـی ئۆکتۆبەر تێبگەن کە پێزانین بووە بەو داواکارییەی خەڵکی عێراق دوو ساڵە باسی دەکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی لەوەشکردووە، وڵاتان بەر لە هەڵبژاردن و لە رۆژی هەڵبژاردنیشدا لە پاڵ عێراقییەکان بوون و لە رۆژانی داهاتووشدا هەروا دەمێننەوە.
دەستخۆشی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش دەکات، دەڵێت جێگەی رێز و تەقدیرن بۆ ئەو کارە سەختەی لە رۆژی هەڵبژاردندا کردوویانە، هاوکات دەستخۆشی لە هەوڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەکات کە ئەمنییەتی پرۆسەکەیان پاراستووە.
بەرنامەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە 94٪ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ پارتێک لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان زۆرینەی بەدەستنەهێناوە.
رێژەی بەشداریی دەنگدەران بە 41٪ کەمترین رێژەی تۆمارکرد و ژمارە پێوانەییەکەی هەڵبژاردنی 2018ـی شکاند کە ئەوکات رێژەی بەشداریی خەڵک 44٪ بوو.