بۆ کۆچ؟
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
بەشی یەکەم
کۆچی لاوانی کورد لە باشور دوو پاڵنەری سەرەکی هەیە: پاڵنەری ناوخۆیی و پاڵنەری دەرەکی. سەرەتا باس لەپاڵنەری ناوخۆیی دەکەین. هۆکار و پاڵنەری سەرەکی کۆچی بە لێشاوی لاوان ئابورییە. دەبێت بە ووردی قسە لە سەر ئابوری بکەین. هەندێک دەڵێن کوردستان ئابوری نیە، چونکە بەرهەمهێنانی نیە، بەڵام ئەم دیدە راست نیە. ئابوری لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەشێوەیەکی بەرفراوان لە کەرتی خزمەتگوزاریدایە یان ئابوری خزمەت. بەپێی دیدی ئێمە هەموو ئاڵوگۆڕێکی مرۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان کردەیەکی ئابورییە. بەم پێیە هەرێم ئابوری هەیە و هەروەها سیستەمی ئابوریشی هەیە. سیستەمی هەرێم بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم شەپۆلەی کۆچ دادەنێین لەکوردستان. شیکاریکردنی سیستەمی ئابوری هەرێم کە سیستەمێکی دیفاکتۆیە لەبری ئەوەی سیستەمێکی پلانڕێژکراوبێت هەندێک سەختە. توێکاری سیستەمی ئابوری هەرێم. سیستەمی ئابوری هەرێم بە چەندین چەمکی حازربەدەستی بیرلێنەکراوە باسکراوە، وەک سیستەمی سۆشیالیستی، کرێخۆری یان رێنتییەر، یان لەهەندێ دۆخدا، کلیپتۆکراسی، حوکمی چەتە. بەڵام سیستەمی ئابوری هەرێم لەوە ئالۆزترە بە چەمکێک یان ناونیشانێک وەسفبکرێت بە تایبەتی کاتێک کە بەشی زۆری ئەم وەسفانە، وەک رەخنە یان بەشێک لە ململانێی هێزەکان بەکاردێت، کەواتە زیاتر بەشێکە لە خیتاب، نەک دەستنیشانکردنێکی زانستی. سەرەتا، سیستەمی ئابوری هەرێم یەک شێوەنیە. بەڵکو فرە شێوەیە. ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین زیاتر ئابوری حکومەتە. لە درەوەی ئەم ئابورییە ئابوری نافەرمی بونی هەیە، ئابوری دەرەکی یان نێودەوڵەتی کە خۆی لە کۆمپانیا بیانیەکاندا دەبینێتەوە، هەروەها ئابوری ئاینی یان خێر. ئابوری حکومەت بریتیە لە دەستبەسەراگرتنی داهاتی گشتی وڵات و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی حوکمڕانی. ئەم حکومڕانییە خۆی لە بوارەکانی حزب و حکومەتدا دەبینێتەوە. ئەو سیستەمەی کە لێرەدا بەڕێوە دەچێت تێکەڵێکە لە ئابوری کۆماند، command economy کە ڕەگی دەگەڕێننەوە بۆ نازییە ئەڵمانییەکان Befehlswirtschaft ، ئابوری سۆڤیەتیش بە هەمانشێوە بوو. لەسەرەتادا ئابوری نەمساوی Otto Neurath پەرەی بە ئەم چەمکە دا، وەک جۆرێک لە ئابوری بێ-پارە. بە کورتی ئابوری کۆماند یانی پێچەوانەی ئابوری بازاڕ. ئابورییەک کە دەوڵەت یان حکومەت تیایدا ئەکتەری هەرە سەرەکییە. ئابوری کۆماندی هەرێم، لەسەر بنەمای ئابوری کرێخوری وەستاوە. ئابوری کرێخۆری، رەیعی یان رێنتییەر، ئەو ئابورییە کە داهاتەکەی لە کرێوە سەرچاوە دەگرێت. لەڕابوردودا کرێی عەقار و زەویی بوە، لەڕۆژگاری ئەمرۆدا بە گشتی کرێی سامانە سروشتییەکانە. وڵاتانی خاوەن سامانی سروشتی، سامانە سروشتییەکەیان دەدەن بە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە و لەبەرامبەردا کرێیان لێ وەردەگرن. ئەو کرێیە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەت و ئیتر بە پێی پێداویستی حکومەت، رەنگە حکومەت پێویستی بە کۆکردنەوەی باج نەبێت لە کردە ئابورییەکانی دانیشتوانی. لە هەمانکاتدا حکومەت دەتوانێت بڕێکی ئەوەندە لەخەڵک لەڕێگای کاری کەرتی گشتییەوە رازی بکات کە بتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ حوکمڕانی وڵات. هەمومان چیرۆکی ئەم جۆرە ئابورییە و لایەنە باش و خراپەکانی دەزانین. یەکێک لە ئەو کەرتانە کە بەخێراییەکی گەورە گەشەی کردوە کەرتی چەکدارییە. چەکدار بەهەموو شێوازەکانییەوە، ژمارەیان نزیکەی حەوت سەد هەزار کەس دەبن لەکوردستان. دەرئەنجامی ئەمە کۆتایی لادێی و کەرتی کشتوکاڵ و زۆر بواری تر بوو.
شێوازێکی تری ئابوری لەهەرێم ئابوری نیولیبرالیزمی حزبییە. لە جێگاکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەراست چەمکی نیولیبرالیزمی تایفی بەکاردێت، بەڵام بۆ هەرێم زیاتر نیولیبرالیزمی حزبی راستترە. خۆی کرۆکی نیولیبرالیزم مارکێت یان بازاڕە. ئەم چەمکە لە دونیای ئاگایی کوردیدا روون نیە. بازاڕ یان مارکێت جۆرێکە لەڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری. کرۆکی ئەم فەلسەفەیە ئەوەیە کە بازاڕ ناوەندێکە کە خۆی خۆی ڕێکدەخات. کاتێک بازاڕ ئەم سروشتەی هەیە ئەوا نابێت کەس دەستوەردانی تیادا بکات. ئەم جۆرە لە فەلسەفەیە لە حەفتاکانی سەدەی رابوردوو لەسەردەستی خەڵکانکی وەک هایەک و ملتۆن فریدمان و ئەوانی تر گەشەی کرد.
بە کورتی نیولیبرالیزم جۆرێکە لە فیتیشیزم لەگەڵ بازاڕدا. بونی بازاڕ بە کرۆکی ئابوری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی ئێمە، وەرچەرخانێکی گەورەیە لەژیان و ژیاری ئێمەدا. کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئاستێکی زۆر کۆمەڵگایەکی نابازاڕی بوو. نابازاڕی یانی پارە یان سامان کرۆکی هەموو بون و بەهاکان نەبوو. مرۆڤ بە هەبونی سامان مرۆڤبونی نەدەپێورا. هەژار و دەوڵەمەند دەچونە هەمان جێگا. خەڵک کەلتوری هاوکاری و بەشکردن و پێکەوەیی هەبوو. کاسوسێ نمویەکی بچوک بوو کە لە منداڵیما هەمانبوو، کاتێک خواردنێکی خۆشمان هەبوایە لە گەڵ دراوسێکانماندا بەشمان دەکرد. بەڵام گەشەی کەلتوری بازاڕ یانی دروستبونی لێکدابڕان، رکەبەری، زاڵبون بەسەر ئەویتردا. لە کۆمەڵگای بازاڕدا، لێرەدا بۆ ئەم چەمکە دەگەڕێمەوە بۆ ئابوریناسی مەزن، کارل پۆلانی، پلەبەندی مرۆڤەکان دەستپێدەکات. مرۆڤەکان پەیوەندییەکی دڕندانە لە گەڵ یەکتردا دەبەستن. پەیوەندییەک لە سەر بنەمای نمایش و دەرخستنی من هەمە و تۆ نیتە، من خاوەندارم تۆ نەخێر. من سەرکەوتووم. یان ئەوەی لە ناو عەوامدا باوە، خۆی گرت. کە یانی ئەوانی تر، هێشتا لەرزۆکن و خۆیان نەگرتوە. کاتێک توێژێک لە خەڵک بە تایبەتی لاوان، لە دەرەوەی ئەم سیستەمە گەورە دەبن و ناتوانن بێنە ناوییەوە، ئەوا توڕە و ناڕازی دەبن. دیارە سیاستی توڕەیی لەکوردستان بوارێکی ترە کە باسی لێوە نەکراوە. ئێستا توڕەیی جۆرێکە لە بازرگانی سیاسی. رەنگە زەقترین نمونەی نیولیبرالیزمی بێ زەوق بێ بەزەیی جادی پۆزەکە بێت. هەبونی جادەیەکی وەها، دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێمە چێژ دەبینێت لە نمایشی نابەرابەری، نادادپەروەری هەروەها نایەکسانی. دیارە بە گەڕانەوە بۆ کارل پۆلانی لە ئەوە تێدەگەین کە هەژار دروستکردن یەکێکە لە بنەماکانی کۆمەڵگای بازاڕ. بەبێ هەژاران کە بە کرێی کەم کاری سەخت بکەن سیستەمەکە بەڕێوە ناچێت. بەڵام کەس نایەوێت هەژار بێت. کەواتە شەڕێک هەیە لەهەناو سیستەمەکەدا. ئەم دۆخە لەزۆر کۆمەڵگا ئەوروپییەکان بە سیستەماتیک کراوە. بۆ نمونە لە ئەڵمانیا و نەمسا لە تەمەنی یانزە ساڵی منداڵان تاقیدەکرێنەوە کە بۆ چ جۆرێک لە قوتابخانە بچن. زۆرینەی مناڵی کۆچبەران دەچنە ئەو قوتابخانانەی کە بۆ کاری دەستی ئامادەیان دەکات. لەبەر هەژاری زمان و کەلتور. لێرەوە بە شێوازێکی سیستەماتیک توێژی کۆچبەر بۆ سەردەمێکی زۆر لە وەبەرهێنانی عەقڵی دادەبڕن . نیولیبرالیزمی حزبی جۆرێکی تایبەتە لە نیولیبرالیزم. ئەگەر بە گشتی نیولیبرالیزم یانی کشانەوەی حکومەت یان دەوڵەت لە بازاڕ، ئەوا نیولیبرالیزمی حزبی مانای جیاوازی هەیە. دەکرێت نیولیبرالیزمی حزبی وەها پێناسە بکەین. بریتیە لەهەڵسورانی بازاڕ بە سودی حزب، بە دەر لەدەسەڵاتی حکومەت. دیارە حکومەت لەسیستەمی نیولیبرالیزمدا بە تەواوی لە دەرەوەنیە، جگە لە باج، حکومەت کاری رێکخستن، چاودێری، تەندروستی کاڵا، ژینگە، دژایەتی قۆرغکاری و زۆر کاری تر دەکات، بەڵام لە نیولیبرالیزمی حزبیدا رێگە بە ئەمان نادرێت.
حکومەت دەتوانێت بڕێکی ئەوەندە لەخەڵک لەڕێگای کاری کەرتی گشتییەوە رازی بکات کە بتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ حوکمڕانی وڵات. هەمومان چیرۆکی ئەم جۆرە ئابورییە و لایەنە باش و خراپەکانی دەزانین. یەکێک لە ئەو کەرتانە کە بەخێراییەکی گەورە گەشەی کردوە کەرتی چەکدارییە. چەکدار بەهەموو شێوازەکانییەوە، ژمارەیان نزیکەی حەوت سەد هەزار کەس دەبن لەکوردستان
ئەم سێ شێوازی ئابوری لەکوردستان، نافەرمی، کۆماند لەگەڵ نیولیبرالیزمی حزبی، لە پەیوەندییەکی گرژدان لەگەڵ یەکتردا. ئەوەی زیاتر ئەم قوڕەی خەستکردەوە بەبنبەست گەیشتنی ئابوری کۆماند یان حکومییە. ئابوری کۆماند سەودایەک بوو لە نێوان سیاسەت و ئابوریدا. نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار، ئەوەیان بە خەڵک دەگوت، وەرە سەر بەمن بەو ببە بەفەرمانبەر لە دەزگایەکی حکومەتدا (پێویست بونی تەزکییە بۆ دامەزراندن بەڵگەی ئەم پرۆسەیە). حکومەتی هەرێم بە هەموو پێوەرێک کەمتر لە دووسەد هەزار کەسی دەوێت بۆ ئەوەی وەک کاتژمێری سویسری بەڕێوەبچێت، بەڵام هەڵاوسانی ئەمە لە پێناو ئامانجی سیاسیدایە . لەبەشەکانی تردا دێینە سەر بوارەکانی تر کۆچ
بەشی دووەم
لەبەشی یەکدا جەختمان لەسەر هۆکاری ئابوری کردەوە. ئەوەمان پێشاندا کە ئابوری کۆماند یان حکومەت گەشتووەتە بنبەست. ئەم دۆخی بە بنبەست گەیشتنە، چەند ساڵێکە لەئارادایە. دۆخەکە هەستی پێکراوە، هەوڵ هەیە بۆ دەربازبون لێی، بەڵام هەتا ئێستا بێ ئەنجامە. یەکێک لەئەو هەوڵە سەرەکییانەی کە لەئارادایە بۆ دەربازبون لە دۆخی بنبەستی ئابوری هەرێم، کەرتی تایبەتە. چەمکی کەرتی تایبەت لەکوردستان وەک دەرمانی دەردان نمایش دەکرێت.
بۆ زەمینەسازی ئەم بوارە ئابوری هەرێم بەسۆشیالیستی پێناسە دەکرێت. سۆشیالیستی لێرەدا یانی حکومەت خەرجی زۆربەی خزمەتگوزارییەکان دەگرێتە ئەستۆ. دیارە لەڕوی زانیاری و پلانەوە بانکی جیهانی بە پلان ون راوێژکاری ووردەوە لە پشت ئەم گۆڕانکارییەوەیە. لەبەر مردویی نوخبەی زانکۆو رۆشنبیریی ئێمە نە ئاگایان لێیە و نە بایەخی پێدەدەن. قسەکردن لەسەر کەرتی تایبەت و گشتی لەکوردستان بە گشتی چەند خەسڵەتێکی هەیە: یەکەم، نەبونی شارەزایی، دووەم، دروشمگەرایی، سێیەم، ئایدۆلۆجیا. هەموو ئەمانە پێکەوە وەها دەکات کە بوارەکە هێندە روون نەبێت. ئەمە لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵک تاقەت و حەوسەڵەی خوێندنەوەی ئەم بوارەیان نیە، بەتایبەتی هەتا زانستی بێت کەمتر خەڵک دەیخوێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدا کە پێوەری باشی یان سەرکەوتویی هەر نووسینێک رێژەی خوێنراوەییەتی، ئەوا ئەم بوارە هەمیشە ناسەرکەوتوو دەبێت. (ئەمەش یەکێکی ترە لەبازاڕیی بوونی مەعریفە). بەم پێیە ئێمە قەیرانی بەرهەمهێنانی مەعریفەمان هەیە بەرامبەر ئەم وەرچەرخانە گرنگەی ژیاری ئێمە. دەبێت لەسەرەتاوە ئەو بنەمایە ئاماژە پێبدەین کە نە کەرتی گشتی و نە کەرتی تایبەت و نەکەرتی تێکەڵ چارەسەرنین. بەڵکو هەموو ڕێگان بۆ بەڕێوەبردنی ئابوری لەسات و دۆخی تایبەتدا، کە دەکرێت سەرکەوتوو و شکستخواردوش بن. دیارە رەهەندی فیکریی و فەلسەفی ئەم بوارە، زۆر گرنگن، بەڵام ئێمە لێرەدا ئەوەندە جەختی لەسەر ناکەینەوە.
بۆ نموونە، ئایا مرۆڤ بونەوەرێکی تاکگەرایە یان کۆمەڵایەتی؟ ئەگەر وەڵامەکە تاکگەرایی بێت ئەوا سیستەمەکە بەرەو لیبرالیزم و سەرمایداری و کەرتی تایبەت دەڕوات. ئەگەر وەڵامەکە وەهابێ کە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. ئەوا سیستەمەکە بەرەو سۆشیالیزم و کەرتی گشتی دەڕوات. بەڵام ئەم پرسیارانە لە دونیای ئێمەدا ناکرێت، کردنیشی هیچ بایەخێکی نیە لای تاکی ئێمە. بێگومان لەکوردستان کەرتی گشتی لەقەیراندایە، بە تایبەتی ئەگەر لەڕوانگەی کواڵتی خزمەتگوزاریی و شێوازی دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە لێی بنواڕین. فەرمانبەر هێشتا ئەو بوونەوەرە بەعسییەیە کە لەهەناو یاسا و رێساکانی بەعسدا هەڵسوکەوت دەکات و پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندییەکی خزمەتگوزاریانە نیە بەڵکو پەیوەندییەکی سزاییانە و بێڕێزی و کارنەکردنە. وەک میراتێکی دیکتاتۆریەت بیروکراتیەتی ئێمە پڕیەتی لەواژۆی ئەم و ئیمزای ئەوو پشتگیری ئەم و رەزامەندی ئەو.
ئەم خەسڵەتە دوو رەهەندی هەیە: رەهەندی دیکتاتۆریی. ئەم رەهەندە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە لەهەناو سیستەمی سەددامدا هەڵە، هەرچەندە بچوکیش بوایە سزاکەی گەورەبوو. رەهەندی دووەمی، لەوێوەیە کە لە پێناو دابینکردنی پۆستی ناپێویست خەڵکی زۆر مۆرو واژۆیان پێسپێردراوە. دیارە هۆکارێکی تریش هەیە کە گەندەڵییە، ئەمە تایبەتە بەپرۆژە گەورەکانەوە کە زۆرجار کەسێک بۆ واژۆیەک چەندین دەفتەر دۆلار وەردەگرێت. کەواتە کەرتی گشتی، کەرتی سستی و بیرۆکراسیەت بەمانا خراپەکەی و کەرتی ترسنۆک و گەندەڵە. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە کەرتی گشتی هەمیشە وەها دەبێت یان ناتوانرێت باش بکرێت. کەرتی گشتی، چەند سیفەتێکی باشی هەیە وەک کراوەیی بۆ هەموان، بەبێ جیاوازی لەگەڵ قازانج نەویستی. بەڵام ئەم رەهەندانە زیاتر کارگێڕین. ئەوەی گرنگە ئابوریی یان دەرفەتی کارە. ئایا ئێمە لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزاری کەرتی گشتی دەگۆڕین بەکەرتی تایبەت یان لە پێناو دابینکردنی هەلی کار؟ دیارە لای ئەوانەی کە کاریان نیە وەڵامەکە دەبێت دەرفەتی کار بێت، ئەوانەی کە کاریان هەیە وەڵامەکە خزمەتگوزارییە.
ئێستا کاتیەتی بپرسین ئایا کەرتی گشتی دەتوانێت دەرفەتی کار بڕەخسێنێت؟ لەڕاستیدا ئەم پرسیارە لەسەر کۆمەڵێک بنەماو وەستاوە، کە دەبێت سەرەتا قسەیان لەسەر بکەین و بوونیان هەبێت. گواستنەوە لەکەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت پرۆسەیەکی ئێجگار ئازاراویی و سەختە، بەگشتی دوو شێوازی هەیە، شێوازی خێرا shock therapy و شێوازی هێواش step by step . کوردستان هیچ کام لە ئەو دوو مۆدێلە پەیڕەو ناکات. پێش ئەوەی بگوێزینەوە بۆ کەرتی تایبەت دەبێت بنەما سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکان بۆ ئەو بوارە ئامادە بکەین. ئەم پرۆسەیە بەلای کەمەوە تەمەنی نەوەیەکی پێویستە، کە دەکاتە ٣٣ ساڵ. قسەکردن لەسەر کەرتی تایبەت، بەبێ باڵابوونی یاسا، کۆتایی قۆرغکاری سیاسی و ئابوری، گۆڕینی سیستەمی خوێندن و پەیوەندی تاکی کۆمەڵگا لەگەڵ بواری کاردا، مەیسەر نابێت.
بەکورتی وەرچەرخان لە کەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت، یان هەوڵدان بۆ گەشەدان بە کەرتی تایبەت، پێش هەموو شتێک پرسێکی سیاسییە. بۆیە لێرەدا دەمەوێت کەمێک لەسەر پرسی سیستەمی سیاسی هەرێم بوەستم. چونکە بەبێ گۆڕانی سیستەمی سیاسی قسەکردن لەسەر کەرتی تایبەت بەتەواوی مەحاڵە. کاتێک دێتە سەر سیستەمی سیاسی هەرێم قسەی زۆر کراوە لەسەر رووکەشی سیستەمەکە نەک لەسەر سروشتی یان ناوکی سیستەمە. سیستەمی سیاسی هەرێم هیچ پەیوەندی بە پەرلەمانتاریی و سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتییەوە نیە، ئەم جۆرە رێکخستنانە دەرکەوتەی فەرمی سیستەمێکی قوڵترن کە پێویست بە ئەوە دەکات بچینە پشت ئەم رووکەش و رواڵەتانەوە بۆ تێگەیشتن لێی. لەهەناو سیستەمی سیاسی هەرێمدا شەڕ یان جەنگێک هەیە کە هێشتا نەگۆڕاوە بۆ سیاسەت. هەموو دەزانین لای کلاوزڤیتز جەنگ ئامرازێکی سیاسەت بوو یان جۆرێکی ترە لەسیاسەتکردن بە ئامرازێکی تر. فۆکۆ ئەم هاوکێشەیە بە جۆرێک لەجۆرەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە، جەخت لەشەڕ دەکاتەوە و سیاسەت بە دەرکەوتەی شەڕ یان درێژەپێدانی شەڕ دەبینێت. لەهەناو سیستەمی سیاسی کوردستاندا ئەم دیدە فۆکۆییە بەزەقی دەردەکەوێت. بۆیە دەتوانین بڵێین هەموو ئەو جۆرە رێکخستن و پەیوەندی و دەزگا و سیستەم و حکومەت و خیتاب و پێکهاتانە کە بونیان هەیە، هەموو ئامرازی جەنگن لەنێوان هێزو کەسایەتی و پارتەکاندا لەکوردستان. (ئەمە بە زەقی لەزەلکاوی سۆشیال میدیادا دیارە). نەبوونی توانای گواستنەوە لەشەڕەوە بۆ سیاسەت تەنها سنوردارنیە بە نوخبەی سیاسی و حزبی، بەڵکو سەرتاپا پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە دەگرێتەوە.
باوبونی چەمکی شۆڕش لەدونیای ئێمەدا لەم دۆخەوە سەرچاوە دەگرێت. شۆڕش هیچ نیە جگە لە تیونیوتییەکی نەشکاو بۆ کوشتن و خوێنڕشتن و تۆڵەکردنەوە. بۆیە دەبینین لەدونیای ئێمەدا نەک هەر لەکایەی سیاسەت، بەڵکو لەناو کایەکانی تری وەک رۆشنبیری، هونەر، میدیا، زەواج، پەیوەندییەکان پەیوەندی سیاسی نین هێندە پەیوەندی جەنگین. پەیوەندی جەنگی یانی پەیوەندی هەرەمی، پلەبەندی، هەبونی باڵا و نزم. بە نەبونی سیاسەت یانی نەبوونی هیچ کۆکەرەوەیەکی گشتی لەنێوان هێزو گروپەکاندا جگە لەململانێ بۆ زاڵبون یان بەدەستهێنان. ئایا هەموو ئەمانە چ پەیوەندییەکیان بە کۆچەوە هەیە؟ ئەگەر سادەترین پێناسەی کۆچ بکەین، بریتیە لەهەڵاتن یان جێهشتنی کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر.
بەم پێیە دەبێت لەهەناو ئەو کۆمەڵگایەدا پاڵنەری جۆراوجۆر هەبێت کە خەڵکی پاڵ دەنێت بۆ دەرەوەی کۆمەڵگا، یان ناچاریان دەکات بچن لەهەناو کۆمەڵگایەکی تردا بژین و ئامادەبن دەستبەرداری هەموو کەلتورو دابونەرێت و یادەورییان ببن. کۆچبەر وەک مەحمود مەمدانی پێناسەی دەکات کەسێکە کە دەچێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی کۆمەڵگایەکی تر. بەم پێیە کۆچکردن هەڵاتنە لەخراپەوە بۆ باش بەپێی دیدی کۆچبەر. وەک راڤەمان کرد، سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە بونیادنەنراوە کە سیاسی بێت یان خاوەن بەها و بەرژەوەندی و پرس و گرنگی گشتی بێت، بەڵکو لەجەنگێکی سەرەتاییدایە لەگەڵ یەکدا. لێرەوەیە یەکێک لەو پرسانەی کەڕۆژئاواییەکان لێی تێناگان دەربارەی ناوچەکە ئەوەیە، چۆن هەموو دەزگا رۆژئاواییەکان بوونیان هەیە، کەچی دەرئەنجامەکانی جیاوازن؟ وەک باڵیۆزی هۆڵەندی لە چاتەم هاوس وتی: سەختە تێبگەیت چۆن کۆمەڵگایەک هێندە دژ بەخۆی هەڵدەسوڕێت؟ کاتێک سیستەمی سیاسی سیستەمی جەنگی یەکترە، ئەوا ناتوانێت بایەخ بە کۆمەڵگاو سیستەم و پرسە گشتیەکان و نیشتمان و هەلی کارو بازاڕ و ئازادی بدات، بەڵکو لەترس و بەدگومانی و هەڵپەدایە. ئەمە وەها دەکات کەزۆرێک لەهەناو سیستەمەکەدا جێگاین نەبێتەوە، یان سیستەمەکە نەتوانێت بەپێی پێداویستی کۆمەڵگا بکرێتەوە یان خۆی بگۆڕێت. لەئەنجامدا دابڕان دروست دەبێت لەنێوان هەردوولادا . ئەم دابرانە بنەمای ئەو دۆخەیە کە کۆچ بەرهەم دەهێنێت.