هێشتا نەوتی سپی نەدراوەتە ئاوارەكان لەدهۆك

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

ئاوارەكانی كەمپی شاریا لەپارێزگای دهۆك داوا دەكەن لەم وەزری زستانەدا نەوتیان بەسەردا دابەشبكرێت، بەڵام بەرپرسانی كەمپ دەڵێن چاوەڕێی حكومەتی عێراقن تا سوتەمەنیان بۆ رەوانە بكەن.

هەموو ساڵێك حكومەتی عێراق بۆ هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی 100 تا 200 لیتر نەوتی سپی بەسەردا دابەشكردوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێكیان پێنەدراوە.

سێڤێ حەمو سلو ، كچێكی ئاوارەیی ئێزیدییە لە كەمپی باجد كەنداڵا لەسنوری قەزای زاخۆ لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت» چەند رۆژێكە وەرزی سەرما و باران دەستیپێكردووە، لەبەیانیان و شەوان زۆر سەرمایە بەناچارییەوەو لەسەر حسابی خۆمان نەوتمان كڕیوە، ئەگەر لە وەرزی باران و سەرما نەوت بەئێمە نەدەن دوای چەند مانگێكی تر چی لێبكەین خۆ نایكەینە ناو موبەریدەوە».

 سێڤێ پێشیوابوو كە ئەوە حەوت ساڵە ئەو كێشەیەیان هەیە هەموو ساڵێك چەند مانگێك دوادەكەوێت ئینجا نەوت وەردەگرن، وتیشی:»زانیاریمان هەیە كە نەوت هەیە بەڵام دابەشی ناكەن، ئێمە ئاوارەین و لەژێر خێوەتدا دەژین».

هەروەها سلێمان خودێدا، ئاوارەیەكی قەزای شنگال ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریای سەر بەشاری دهۆك دەژی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سادەترین ماف بەئێمە نادرێت ئەویش دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوتە، چ خوا قبوڵ دەكات ئێمە بەو سەرمایە و بەبێ سۆپا لەناو خێوەتدا بژین، ناچار بە بەتانی و لحێف خۆمان گەرم دەكەین، منداڵەكانمان لەبەر سەرما خەویان لێناكەوێت».

سلێمان خودێدا وتیشی» لەبەر خاتری منداڵەكان كە لەژێر خێوەتێكی دڕاو دەژین با نەوتمان بۆ دابین بكرێت».

پیر عەلو كەچەل، بەڕێوەبەری كەمپی خانكێی ئاوارەكانی شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی نەوت بەسەر ئاوارەكان دیارینەكراوە، رۆژانە ئاوارەكان بۆ دابەشكردنی نەوت سەردانی كارگێڕی كەمپ دەكەن، ئێمەش داواكاری ئەوانمان گەیاندوە لایەنە پەیوەندیدارەكان».

هەروەها پێشیوابوو كە هۆكاری دابەشنەكردنەكە بۆ حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە، ئەوان هەموو ساڵێك نەوتیان بۆ ئاوارەكان دابین كردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ تائێستا هیچ دیارنیە هەر دەڵێن بەمنزیكانە پێیان دەدرێت.

پیر عەلو وتیشی « هێشتا وەجبەی دووەمی ساڵی رابردوو دابەش نەكراوە ، هەموو ساڵێك بەدوو وەجبە نەوت دابەشدەكرێت بۆ هەر وەجبەیەك بڕی 100 لیتر زۆرینەی ئاوارەكان ناتوانن نەوت بۆ خۆیان بكڕن تەنانەت هەندێك خێزان هەن ناتوانن یەك لیتر نەوت بكڕن ، لەوەرزی زستان دۆخی ژیانیان دوو ئەوەندە سەخت و ناخۆش دەبێت».

هاوكات، ئەسكەندەر موحەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك ئەوەی خستەڕوو كە ساڵی رابردوو 100 لیتر نەوت بەسەر ژمارەیەكی زۆر لەئاوارەكان دابەش كردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی چەند رێكارێكی كارگێڕی تا ئێستا دابەشیان نەكردووە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك، ئەوەشی باسكرد كە داوایان لەوەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كردووە تا بەشە نەوتی ئاوارەكان رەوانە بكەن.

ئەسكەندەر موحەمەد ئەمین ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئاوارەكان زیاتر پەلەیانە  بۆ ئەوەی نەوت لەسەریان دابەش بكەن، چونكە مافی ئەوانە و وەزری سەرماو باران  دەستیپێكردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار