ئایندەی تورکیا لەسایەی قەیرانە ئابوورییەکەی بەکوێ دەگات؟
هیوا سەید سەلیم
3 ساڵ لەمەوپێش
هیوا سەید سەلیم
کۆماری تورکیا، وەک دەوڵەتێکی کاریگەری ناوچەکە بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، میراتگری دەسەڵاتێکە کە شەش سەدە بەقەیرانی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی حوکمی جوگرافیەکی بەرفراوانی ناوچەکەی کردووە، لەبەشێکی کیشوەرەکانی ئاسیاو ئەوروپا و ئەفەریقا، ئەویش خەلافەتی عوسمانیە (١٢٩٩-١٩٢٣).
کاتێک مستەفا کەمال ئەتاتورک، بڕیاردەدات کۆتایی بەدەسەڵاتی خەلافەتی دەوڵەتی عوسمانی بهێنێت، ئەو دەسەڵاتە نقوومی قەیرانی ناوخۆیی و شکستی دوای جەنگی جیهانی یەکەم بووبووەوە، لەقەیرانی ئابووری و شکستی سەربازی، بێزاری خەڵک لەدەسەڵاتی سوڵتان و خەلیفەکان. هەربۆیە کەمال ئەتاتورک توانی لەڕاگەیاندنی کۆماری تورکیا (٢٩ ئۆکتۆبەری ١٩٢٣) سەرکەوێت، کۆتایی بەحوکمی شەش سەدەی خەلافەت بێنێت کە (٣٧) سوڵتان پشتاوپشت حوکمیان کردبوو.
لێرەدا تێدەگەین کە بونیادی دەوڵەتی تورکیا بریتی بووە لەدونیایەک قەیران، کەخۆی دەبینێتەوە لەسیاسەتی داگیرکاری و پەلهاویشتن بۆ دەوروبەرو چاوتێبڕین لەخاکی میللەتانی دراوسێی.
کەمال ئەتاتورک، وەک ئەفسەرێکی ناو سوپای تورکیا لەدوای شکستی سوپاکەی لەجەنگی جیهانی یەکەم بڕیاردەدات کۆماری تورکیا رابگەیەنێت، ئەو پشت ئەستوور بوو بەو سەرکەوتنانەی کە لەجەنگی رزگاری نیشتمانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە راماڵینی تورکیا لەسوپای بیانی بەدەستیهێنابوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا قەیرانەکانی دوای جەنگ نەک هەر بەتەنیا بۆ تورکیا، بگرە بۆ تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە پڕووشکی جەنگەکەیان بەرکەوتبوو هێندە زۆربوون رووبەڕووبوونەوەیان ئاسان نەبوو.
لەماوەی ١٥ ساڵی دەسەڵاتی کەمال ئەتاتورک وەک سەرۆک کۆمار، تورکیا گۆڕانێکی گەورەی لەسەر دەستی ئەتاتورک بەسەرداهات، دوابەدوای راگەیاندنی سیستەمی کۆماری، ناسنامەی ئەو دەوڵەتە کرایە دەوڵەتێکی علمانی، تورکیای نوێ بەتەواوی داماڵدرا لەو بەرگەی کە پێشتر بە بەریەوە کرابوو، هەروەها ئەتاتورک کۆمەڵێک یاساو رێسای بۆ کۆمارە تازەکەی دانا، کە بەپڕەنسیپەکانی ئەتاتورک ناسراون، تا رۆژی ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت دەستبردن بۆی ئاسان نین.
لەدوای مردنی باوکی روحی کۆماری تورکیا (کەماک ئەتاتورک) لە ١٠ی نۆڤێمبەری ١٩٣٨، مستەفا عیسمەت ئینینۆ کە دەستەڕاست و کەسێکی نزیکی ئەتاتورک بوو دەبێتە دووەم سەرۆک کۆماری تورکیا.
عیسمەت ئینینۆ، لەدەستپێکی دەسەڵاتەکەیدا جیهان و ناوچەکە بەرەو رووی کێشەیەکی گەورە دەبنەوە، ئەویش جەنگی جیهانی دووەم دەبێت. سەرۆک کۆمارە تازەکەی تورکیا بەئەزموون وەرگرتن لەبڕیاری بەشداری وڵاتەکەی لەجەنگی جیهانی یەکەم بڕیار دەدات کەتورکیا هەڵوێستی بێلایەنانەی هەبێت لەو جەنگە.
وێرای ئەوەی تورکیا راستەوخۆ نابێتە بەشێک لەو جەنگە، بەڵام واژۆکردنی رێککەوتنامەی دۆستایەتی لەگەڵ بەریتانیا و دواتر لەگەڵ فەرەنسا، دواجاریش لەگەڵ یەکێتی سوڤیەت، وادەکات قەیرانەکانی دوای جەنگ لەناویاندا قەیرانی ئابووری تورکیای لێ بەدەر نەبێت.
لەژێر کاریگەری ئەو قەیرانانە حزبەکەی ئەتاتورک (پارتی گەلی کۆماری) لەهەڵبژاردنی ١٩٥٠ شکست دەخوات، حزبی دیموکرات کە وەک باڵی چاکسازیخواز ساڵانێکی کەم بوو دامەزرابوو لەو هەڵبژاردنە زۆرینەی پەرلەمانی دەباتەوە، ئەویش بە بەدەستهێنانی ٣٩٧ کورسی لەکۆی ٤٨٧ کورسی ئەوسای پەرلەمانی تورکیا.
دواتریش لەهەڵبژاردنی ١٩٥٤ پارتەکەی ئەتاتورک کورسیەکانی لەپەرلەمان بۆ ٣١ کورسی دادەبەزێت، بەهێزبوونی پێگەی حزبی دیموکرات لە پەرلەمانی تورکیا هانی عەدنان مندرس سەرۆک وەزیران دەدات دەست بۆ هەندێک پرەنسیپی ئەتاتورک ببات، بە تایبەت لەگێڕانەوەی بانگدان بەزمانی عەرەبی لە مزگەوتەکان و ئازادییە ئاینییەکان کە ئەتاتورک سنوورداری کردبوون.
ئەم کارەی حزبی دیموکرات، دەستپێکی سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەی سیاسی دەبێت لەتورکیا، چونکە ئەوسا لایەنگرانی ئەتاتورک بەتایبەت لەنێو سوپا پێیان وابوو دەستبردن بۆ پڕەنسیپەکانی کەمالیزم بۆ کەس و لایەنێک خەتی سوورە.
دوابەدوای ئەو پێشهاتە سیاسیان روویان لەتورکیا کرد، سوپای تورکیا ئیدی نەیتوانی وەک بینەر تەماشایی رووداوەکان بکات، بۆیە لەساڵی ١٩٦٠ سوپا پەنا بۆ ئەنجامدانی یەکەمین کودەتایی سەربازی دەبات، لەو کودەتایەدا سوپا کۆتایی بە دەسەڵاتی حزبی دیموکرات بەسەرۆکایەتی عەدنان مندرس هێنا.
شایانی باسە، بیانویەکی دیکەی سوپا بۆ پەنابردنە بەر کودەتا بریتی بوو لەچاکسازی لەبواری ئابووری، ئەویش بەهۆی ئەو قەیرانەی کە رووبەڕووی تورکیا ببوەوە، هەر بۆیە کودەتاچیەکان هەریەک لە مەحمود جەلال بەیار سێیەم سەرۆک کۆماری تورکیا، عەدنان مندرس، سەرۆک وەزیرانی ئەوسا، وەزیری دارایی راپێچی زیندان دەکەن، داواتر لەسێدارەیان دەدەن، وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر ئەو کارەی سوپا کردی وەزیری ناوخۆ خۆی دەکوژێت.
ئەگەر ساڵانی ( ١٩٢٣-١٩٥٠) بەماوەی دامەزراندنی کۆمارو سیستەمی سکۆلاریزم راگەیاندنی دەستووری تازە هەروەها دانانی بەردی بناغەی سوپایەکی هاوشێوەی سوپای رۆژئاوایی لە تورکیا هەژمار بکرێت، ئەوا گومانی تێدانیە کە دەبێت بەساڵانی (١٩٦٠-١٩٧٠- ١٩٨٠) بووترێت سەردەمی کودەتا سەربازییەکان و دەسەڵاتی سەربازی لەتورکیا.
دوابەدوای یەکەمین کودەتای سوپا، ئیدی دەستی سەرباز ئاوەڵابوو تا دەستوەردان لە کاروباری تورکیا بکات، لە ١٢ی ئاداری ١٩٧١، دوای دوانزە ساڵ لەکودەتای یەکەم، جەنەڕاڵەکانی سوپا لە یاداشتێکدا داوایان لە سلێمان دیمیریل کرد کەئەوسا سەرۆک وەزیران بوو، کە دەست لەکا بکێشێتەوە، ئەو داواییەی سوپا کە لەتورکیا بە(کودەتای یاداشت) ناسراوە، دوابەدوای ئەوە هات کەدامەزراوەی سەربازی لەتورکیا پێیان وابوو کابینە وەزاریەکەی دیمیریل لە بەرامبەر ناڕەزایەکانی شەقام دەستەوەستانە.
لەساڵانی دواتردا بێکاری و هەڵئاوسانی ئابووری، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لەتورکیا، زەمینەی بۆ هەندێک رەوتی ئیسلامی خۆشکرد کە لەچوارچێوەی حزبی سیاسی خۆیان رێکبخەن، لەو بارەیەوە (نەجمەدین ئەربەکان) وەک کەسایەتییەکی ئیسلامی بەختی خۆی لەدامەزراندنی حزبی ئیسلامی تاقیکردەوە، لەسەرەتای حەفتاکان (حزبی نیزامی وەتەنی) دامەزراند، دوای قەدەغەکردنی ئەو حزبە لەلایەن دادگای سەربازی، ئەو جارەیان (حزبی سەلامەی وەتەنی) دامەزراند، دوای قەدەغەکردنی کاری سیاسی لەو دوو حزبە ئەربەکان لەژێڕ ناوی (حزبی فەزیلە) چووە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان.
شایانی باسە، سەرهەڵدانی رەوتە ئیسلامیەکان و لاوازی ئیئتیلافی حکومی لەو سەردەمە، زەمینەی سێیەمین کودەتای سەربازی رەخساند، بۆیە لە ١٢ی سێبتێمبەری ١٩٨٠، جەنەڕالێکی سەربازی بەناوی (کەنغان ئیڤرین) ئەو جارەیان نەک هەر کودەتای بەسەر دەسەڵاتی هەڵبژێردراودا کرد، بەڵکو پەرلەمانی هەڵوەشاندەوەو دەستوری پەکخست.
جێگای ئاماژەپێدانە کە قۆناغی دەستوەردان و کودەتا سەربازییەکان لەتورکیا نەک قەیرانەکانی تورکیای چارەسەر نەکرد، بگرە هێندی دیکە تورکیای بەرەو قەیرانی زیاتر برد، تێکڕای ئەو قەیرانانە دەرفەتی زۆرتری بۆ هاتنەپێشی رەوتە ئیسلامییەکان دروسستکرد، ئەمجارەیان ئیسلامییەکان هەرجارەو لەژێر ناوکانی (رەفا، فەزیلەت، سعادەت) توانیان کاربکەن، کوورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن وە بەشێک بن لەهاوپەیمانی حوکمڕان.
دوایین ئەزموونی رەوتە ئیسلامییەکان بریتی بوو لەهاتنەپێشی پارتی دادو گەشەپیدان بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کە وا بۆ بیست ساڵ دەچێت لەدەسەڵاتە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەر لەوەی لەساڵی ٢٠٠٢ پارتەکەی زۆرینەی پەرلەمانی بباتەوە، عمدەی شاری ئەستەنبۆل بوو، بە تۆمەتی پێشکەشکردنی وتارێک کە بۆنی ئاینی لێدەهات، چەند مانگیک دەخڕیتە زیندان، بۆیە بە ئەزموون وەرگرتن لەو هەموو قەیرانانەی کە لە رابردوودا تورکیای پێداتێپەڕیوە دەسەڵات وەردەگرێت.
شایانی باسە، دە ساڵی بەرایی حوکمی AKP و ئەرۆغان، دەتوانین ناوی بنێین دەرس و پەند وەرگرتن لەئەزموونی رابردوو، بۆیە دەبینرێت بە سیاسەتی کرانەوە، دانانی سنورێک بۆ دەستوەردانی سوپا، چاکسازی ئابووری، تورکیا هەنگاوی باش دەنێت.
ئەو سیاسەتەی AKP تەنیا دە ساڵێک بەردەوامی دەبێت، هەر بۆیە تورکیا جارێکی دیکە رووبەڕووی قەیرانی دیکە دەبێتەوە، قەیرانەکانی ئەو جارەیان بە هۆی سیاسەتی دەستوەردانی لەکاروباری وڵاتان و بەردەوامی دانی بەبژاردەی شەڕ بۆ چارەسەری کێشەکان، بەتایبەت لەبەرامبەر پرسی کورد وایکرد ئەوەی بۆ AKP لە دە ساڵی یەکەمی حوکمڕانی بەدەستکەوتی بزانبێت، لەو چەند ساڵەی دواییدا پاشەکشەیان لێبکات، بەتایبەت لە بواری چارەسەری هەڵئاوسانی ئابووری، بێکاری، بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی تورکی.
قەیرانەکانی ئێستای تورکیا قەیرانێکی جدین، چونکە لەتەمەنی کۆماری تورکیادا کە باسمان لەسەرجەم قۆناغەکانی کرد، هەرگیز ئاستی هەڵئاوسان بەو شێوەیە نەبووە، بەهای لیرەش بەو ئاستە دانەبەزیوە.
بەڵام لەئێستادا رێگاچارەسەرەکان لەگەڵ سەردەمی کۆنی تورکیا جیاوازن، جاران کوتکی سوپا بۆ قەیرانەکان هەمیشە ئامادەبووە، هەر کاتێک سوپا هەستی کردبێت سیاسییەکان تورکیا بەئاڕاستەی قەیرانەکان دەبەن، ئەوا پەنایان بۆ کودەتاو دەستوەردان بردووە ، بۆ نموونە لە ١١ سەرۆک کۆمار کە حوکمی تورکیایان کردووە ٥ لەوانە بەکودەتای سەربازی یان بەپشتیوانی سوپا دەسەڵاتیان وەرگرتووە.
لە کاتێکدا کە کودەتای سەربازی لەتورکیا بەدوور دەزانرێت، بڵێ بێ بەهابوونی لیرەی تورکی جۆرێکی دیکەی کودەتای لێبکەوێتەوە؟ لە نموونەی پەنابردنە بەر هەڵبژاردنی پێشوەختە کە بۆ کاتی هەڵبژاردن هێشتا دوو ساڵی ماوە.
پیناچێت لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و شەقامی تورکیا لەبەرامبەر ئەو قەیرانانەی تورکیا لەوە زیاتر پشوو درێژبن، بەتایبەت لەوە زیاتر بەرگەی ئەو قەیرانە ئابووریە بگرن، بۆیە پێداگیری لەسەر پێشخستنی هەڵبژاردن، یان درووستکردنی فشاری جەماوەری بۆ لادانی ئەردۆغان، تەنانەت هەنگاوی دیکەش ئایندەی ئەردۆغان و پارتەکەی لەئایندەدا دیاری دەکەن.