ناڕەزایی، خۆپشاندان: خوێندنەوە!

سەردار عزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

ئێمە لەسەردەمی ناڕەزایی و خۆپیشانداندا دەژین، نەک تەنها لەکوردستان، بەڵکو لەسەرتاپای دونیادا. بەداخەوە سەرباری ئاسانی و هەرزانی ئامرازەکان و دەست گەیشتن بەزانیاری، دونیای کوردی هێشتا بێتوانایە لە پەیوەندیکردن بەدونیاوە، وەک خۆی. جێگای تێڕامانە کە تەکنەلۆجیا کۆمەڵگای کوردی زیاتر داخستوە لەبری کرانەوە. داخستن هەمیشە خەسڵەتی یەکەمی ئایدۆلۆجیا و ئاینە، کۆمەڵگای کوردی بەشی هەرە زۆری هێشتا لەجوت روباری ئایدۆلۆجیاو ئاین تینوێتی دەشکێنێ، نەک زانست و مەعریفە.

کۆمەڵێک نووسەر لەژێر ناوی [ناڕەزاییەکانی جیهان] کتێبێکیان نووسیوە کە هەوڵی پۆلێنکردن و ناساندنی خۆپیشاندانەکانی دونیایان داوە لە هەموو کیشوەرەکان. بۆ تیورەزەکردنی ئەم دۆخە دەزگای Brill گۆڤارێکی ئەکادیمی تایبەتیان بۆ ناڕەزایی لەژێر ناونیشانی Protest دا وەشاندوە . ناڕەزایی بەگشتی چەند بنەمایەکی هەیە: کێ خۆی پێشان دەدات؟ دژ بەچی؟ چۆن؟ بە زمانێکی تر هەموو ناڕەزاییەک ناسنامەو هۆکارو شێوازی تایبەتی هەیە. لەهەمانکاتدا خۆپیشاندان دەکرێت بوترێت دوو مێژوی هەیە: مێژوویەکی جیهانی لەگەڵ مێژوویەکی لۆکاڵی. هەمیشە لەجێگایەکی دونیادا خۆپیشاندان هەیە، بەڵام کاتێک لەزۆربەی وڵاتانی دونیا لەساتەوەختێکی دیاریکراودا خۆپیشاندان هەیە ئەوا دەکرێت ناوی بنێین سەردەمی ناڕەزایی، یان خۆپیشاندان. بۆ نموونە شەستەکانی سەدەی بیست سەردەمی ناڕەزایی بوو، دژایەتی شەڕ، نایەکسانی، نادادپەروەریی و زۆر هۆکاری تر. ئەمڕۆ هەمان ئەو هۆکارانە جارێکی تر لەسەرهەڵدانەوەدان.  دونیا ئەمڕۆ لەزۆر رووەوە بەرەو وەرچەرخان دەچێت، لەئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا نایەکسانی بەجۆرێکە کەهەندێک بیرمەند بەفیودالیزمی نوێ ناوی دەبەن. توماس پێکتی باش کاری لەسەر ئەم بوارە کردووە.  ناڕەزایی یان خۆپیشاندان لەکوردستان وەک زۆر ڕووداوی تر، کردەیەکی بێ مەعریفییە. دیارە ناڕەزایی دروشم و خیتاب و وتاری خۆی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام ئەمانە ناچنە خانەی مەعریفەوە. بەگشتی، گەر لەمێژوو بنواڕین؛ نە مەعریفە پاڵنەری خۆپێشاندانە و نە دەبێتە بەرهەمهێنانی مەعریفی؛ بۆیە زۆرجار وەک رووداوێکی راگوزەر تێدەپەڕن.  ئەمە ڕەنگە یەکەم تراژیدیای ناڕەزایی دەربڕین بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم تراژیدیایە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە هۆکاری ناڕەزایی لەگەڵ بەڕێوەبەری ناڕەزایی و سودمەندانی ناڕەزایی، خەڵکانێکی زۆر لەیەکتر جیاوازن. بۆ نموونە تەماشای دەرئەنجامی ئەوەی بۆ گاڵتەجاڕی پێی دەڵێن شۆڕشی گەلانی ئێران، یان دەرئەنجامەکانی ئەوەی پێی دەڵێن بەهاری عەرەبی. نە لەئێران و نە لەدونیای عەرەبی کەس بۆ ئەوە رانەپەڕی هەتا ئیسلامی سیاسی ببێت بە پێشەنگ یان خاوەنی بەناو شۆڕش. ئەم دیاردەیە دەمانبات بۆ دوانەی رێکخراوو ناڕێکخراو. ئەو هێزانەی رێکخراون دەتوانن زیاتر سودمەندبن لەناڕەزاییەکان، بەڵام ئەو هێزانەی کە ناڕێکخراون و زۆرجار خواستێکی سنورداریان هەیە، ئەوا نە خواستە سنوردارەکەیان مەیسەر دەبێت و نە هەوڵەکانیان دەچێتە خزمەتیانەوە . ئێمە هەردوو چەمکی ناڕەزایی و خۆپیشاندان وەک هاومانا بەکاردەبەین. بەڵام هەوڵئەدەین کەمێک هەڵوێستەی لەسەر بکەین. ناڕەزایی و خۆپیشاندان، جیاوازە لەشۆڕش و راپەڕین و کودەتا. لەکوردستان لەبەر زاڵبونی رۆمانسیەتی شۆڕش بەردەوام هەوڵدەدرێت خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان وەک شۆڕش لەقەڵەمبدرێت.  لەدونیای کوردیدا سنور نیە لەنێوان هەڵچون و دەربڕیندا، بۆیە زۆربەی جار دەربڕین دەربڕی دۆخێکی دەرونییە نەک دونیابینییەکی روون. دیارە بێگومان، کۆبوونەوە، دەربڕینی هەست و سۆز، پشتیوانی یەکترکردن و پێکەوەبون، هەموو دۆخێک دەخوڵقێنێت کە تاک تیادا خۆی ون دەکات و دەبێت بە بەشێک لە لێشاوەکە. لەم دۆخەدا زۆرجار هێزە کۆنە دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵگە کەسانی خۆیان دەنێرنە ناو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی و بەدەستهێنانی ئامانجی تایبەتی خۆیان . بەڵام رەهەندی دەروونی ناڕەزایی کورتە، هەرچەندە زۆرجار کاریگەرە و بۆ یەکجاری ئاراستەی ناڕەزاییەکان دەگۆڕێت. ناڕەزایی هەندێک جیاوازە لەخۆپێشاندان. ناڕەزایی یانی دەربڕینی ناڕازیبون لە کەسێک، دەزگایەک، ناوەندێک، لەبەر کارێک یان کردارێکی نەشیاو یان خراپ. بەم پێیە ناڕەزایی بەگشتی سیفەتی راستکردنەوەی هەیە. ناڕەزایی دەردەبڕیت بەرامبەر خراپبوون یان لادانی ئاراستەی هەمیشەیی پرۆسەیەک. بۆ نموونە، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر گرانی نرخی شمەکێک، مانای دەربڕینی خواست بۆ گێڕانەوەی بۆ نرخەکەی جارانی. یان بەرامبەر دەرکردنی بڕیارێک. بەمجۆرە ناڕەزایی کردارێکی سنوردارە بۆ راستکردنەوەی پرۆسەیەک کە لەدیدی ناڕازییانەوە خراپبوە. ئەم خەسڵەتانەی ناڕەزایی وەها دەکات کە بەگشتی نەبن بە جەماوەریی، مەگەر شمەکەکە گشتی بێت وەک نان، بەنزین، یان لەهەندێک وڵات بیرە. خۆپێشاندان وەرگێڕانی دیمۆیە. ماناکەی جێگای سەرنجە. خۆپیشاندان یانی پێش ساتەوەختی خۆپیشاندانەکە، کەسەکان بینراونین، بەتایبەتی لەلایەن دەسەڵاتەوە. خۆپیشاندان بریتیە لەبەکاربردنی کات و شوین بەشێوازێکی ستراتیژی و سیمبولی بۆ دەرکەوتن و بینراو لەپێناو گەیاندنی پەیامێک یان خواستێکدا. لەڕەهەندێکی ترەوە، ئەگەر ژیانی رۆژانە وەها ببینین کە رۆتینە، لەمیانەی رۆتیندا نادیارییەک بەرهەم دێت، ئەوا خۆپیشاندان، یان تێکدانی رۆتین، لەپێناو دروستکردنی ئاگایی و بینراویی. هەردوو ناڕەزایی و خۆپیشاندان پێویستیان بەدەوڵەت و حکومەتە. بەم پێیە ناڕەزایی یان خۆپیشاندان ساتەوەختی پچڕانی پەیوەندی ئاسایی و رۆتینی نێوان حکومەت و خەڵکە، لەدەرئەنجامی کردارێکی تایبەتی حکومەتدا. لێرەوە پرسی کاریگەری دێتە ئاراوە، هەتا ناڕەزایی وخۆپیشاندان بتوانن زیاتر رۆتینی حکومداری تێکبدەن، کاریگەرییان زیاترە. لەکتێبی کاربۆن دیموکراسیدا تیمۆسی میتشڵ جوان باس لەم پەیوەندییە دەکات. پێش بوونی نەوت بەسەرچاوەی سەرەکی وزە، خەڵوز سەرچاوەی سەرەکی وزە بوو. خەڵوز پێویستی بەدەستی کاری زۆرو کاری سەخت بوو، بۆیە کرێکاری کانەکان هەموو نیقابەیان هەبوو، ئەم نیقابانە رێکخەرییان بوون و هەر مانگرتنێک یان ناڕەزایی دەربڕینێک راستەوخۆ کاریگەری دەبوو لەسەر سەرتاپا جومگەکانی حکومەت. نەوت ئەم پرۆسەیەک کۆتایی هێنا. نەوت پێویستی بەدەستی کاری زۆرنیەو زۆرجار لەجێگای دوورەوە بەبڕی زۆرو بەئاسانی دەهێنرێت، بۆیە بەزۆربونی نەوت، ئاسان بوو بۆ وڵاتانی پشت بەستو بەکانە خەڵوز دەستبەرداری کانەکان ببن و گوێ بەمانگرتنی کرێکاران نەدەن. لەکوردستان ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن هەموو لەچەند ساڵی دواییدا بوون بەدیاردە. بەڵام بەدەگمەن رەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و حوکمدارییەکەی لێکدراوەتەوە. ئەم جۆرە جیاوازانەی ناڕەزایی، هەرچەندە بەگشتی لەئابوریدا قەتیس ماون، دەرخەر راستیەکی گەورەترن. دەکرێت خۆپێشاندان و ناڕەزایی و مانگرتنەکان وەها ببینین کەهەموو دەربڕی قەیرانن لەبەش و بواری جیاوازی حوکمڕانیدا. بەڵام نابن بەشۆڕش چونکە نە رەهەندە گشتییەکی سیستەمی سیاسی بەهێند وەردەگرن و نە هەڵگری هیچ ئەڵتەرناتیڤێکن وەک فیکرو سیستەم و شێوازی حوکمڕانی. لەکوردستان کۆمەڵێک دید وەک راستی لێهاتووە، هەرچەندە هێندە بەڕێکخراویی دەرنەبڕاوە. بۆ نموونە، ئەگەر شیکاریی زمانەوانی بۆ دەربڕینەکانی خەڵک بکەی ئەوەیە کە سامانی زۆر لەوڵاتدا هەیە، ئەگەر گەندەڵی و بەهەدەردان نەمێنێت یان کەمبکرێتەوە، ئەوا بەشی هەموان دەکات. ئەم دیدە هەندێکی راستە، بەڵام بەگشتی راست نیە. بەدڵنیاییەوە گەندەڵی زۆرە، بەڵام ئەگەر بنبڕیش بکرێت، ئەوا ناتوانێت چارەسەری دۆخی دارایی کوردستان بکات. لەهەمانکاتدا دیموکراسی هەرێم کاریگەری ناڕەزایی سنوردار دەکات، بەتایبەتی لەسەردەمی لیبرالدا. زۆرێک لەچالاکوانان ساتەوەختی ناڕەزایی وەک ساتەوەختی بەدەستهێنانی سەرمایەی رەمزی و سیاسی دەبینن هەتا پاشان لەهەناو پرۆسەی دیموکراسی هەرێمدا سەرمایەگوزاری لەسەر بکەن بۆ تەرجەمەکردنی بۆ دەستکەوتی دارایی و ئابوری. ئەمە بەتایبەتی لە کەلتورێکی دواکەوتوی وەک کەلتوری کوریدا کەهێشتا بڕوای بەقارەمانە بۆ گۆڕینی دۆخەکەی، سۆشیال میدیاش بوارێکی باشی گونجاندوە بۆ دروستبوونی خێرای قارەمان. ئەگەر ناڕەزایی بەدوای رازیکردندا بگەڕێت و خۆپیشاندان بەدوای بینین و بیستندا بگەڕێت، ئەوا ئێمە دۆخێکی قەیراناویمان هەیە بەبێ چارەسەری پرسە سەرەکیەکان. سیستەمی ئابوری هەرێم بە بنبەست گەیشتوە. ئەمە پێویستی بەعەقلی ئابورییە لەگەڵ ئازادیدا بۆ چارەسەرکردنی.

 

زۆرجار هێزە کۆنە دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵگە کەسانی خۆیان دەنێرنە ناو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانەوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی و بەدەستهێنانی ئامانجی تایبەتی خۆیان . بەڵام رەهەندی دەروونی ناڕەزایی کورتە، هەرچەندە زۆرجار کاریگەرە و بۆ یەکجاری ئاراستەی ناڕەزاییەکان دەگۆڕێت. ناڕەزایی هەندێک جیاوازە لە خۆپێشاندان. ناڕەزایی یانی دەربڕینی ناڕازیبون لە کەسێک، دەزگایەک، ناوەندێک، لە بەر کارێک یان کردارێکی نەشیاو یان خراپ

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار