کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراقو لێکەوتەکانی
بڕوا كەمال
3 ساڵ لەمەوپێش
بڕوا كەمال
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق لەئێستادا باسێکی گرنگی میدیا جیهانی و نێوخۆییەکانە ، لە ٢٦ی تەمموزی ئەمساڵ جۆو بادین سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند : تاوەکو کۆتاییی ساڵی ٢٠٢١ ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کۆتایی پێدێت و ئەمریکا هێزە شەڕکەرەکانی لەعێراق دەکشێنێتەوە و تەنیا نزیکەی ٢٥٠٠ هێزی بۆ راهێنان و راوێژکاری دەهێڵێتەوە. ئەمەش بەڕای بەشێک لەچاودێرانی سیاسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق لێکەوتەی خراپی دەبێت بۆعێراق. ماڵپەڕی ئینتەرناشیۆناڵ پۆڵسی دایجێست ی ئەمریکیش لەڕاپۆرتێکیدا دەڵێت: بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق، ئەو وڵاتە هەمان سیناریۆی ئەفغانستانی تێدا دووبارەبێتەوە و سوپای عێراق لەبەریەک هەڵوەشێتەوە ، هەرچی لایەنەکانی سەر بەئێران و خودی بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوام رایانگەیاندووە کە باشترین تۆڵەی قاسم سولەیمانی ئەوەیە کە ئەمریکا لەعێراق ناچار بەدەرکردن بکرێ ، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەمریکا چیتر عێراقی بەلاوە گرنگ نیە واز لەململانێکردن لەگەڵ ئێران و لایەنگرانی دێنێت؟
ئەمریکا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی بەعس پاش ئەو هەموو تێچووە مرۆیی (زیاتر لە ٤٠٠٠ کوژراو) و دارایی (زیاتر لە ٧،٢ ترلیۆن دۆلار)ییە، عێراق بۆ ئێران جێدێڵێت؟ جگە لەمانەش ئەی نفووزو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا چیی لێدێت؟ لەم شیکاریەدا تەواوی ئەم پرسانە گەنگەشە دەکەین .
بوونی هێزەکانی ئەمریک لەدوای سالی ٢٠٠٣ لەعێراق
هێزەکانی ئەمریکا لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ وەو رووخانی ڕژێمی بەعس پاشان بونیادکردنەوەی وڵات کە لەوکاتەدا سوپای عێراق لەبەریەک هەڵوەشابووەوە بۆیە لەسەرەتادا سوپای ئەمریکا دەسەڵاتی رەهایان هەبوو لەعێراق لەدوای دروستکردنەوەی حکومەتی تازەو پەڕلەمان دەسەڵاتی شارەکانی دایەوە بەدەست عێراقیەکان بەڵام وەک هێزی یەکەم و پراکماتیکی دەسەڵاتداربوو ، پاشان لەدوای ساڵی ٢٠١١ لەسەردەمی باراک ئۆباما بڕیاریدا کە هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق بکشێنێتەوە، کەئەمەش رەخنەی زۆری لێگیرا لەلایەن خودی وڵاتەکەیەوە کە عێراقی لەسەر سینیەک پێشکەشی ئێران کردووە ، چونکە هێزی ئەمریکا دوو رۆڵی سەرکی دەبینی .
یەکەم: هەوڵی دەدا بەبەشداری هەرسێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق کە ( کوردو سوننەو شیعە) پرۆسەی سیاسی لەعێراق بەڕێوەببرێت .
دووم: رێگربوو لەهەژموونی ئەو لایەنانەی کە سەر بەئێران بوون، هەرچەند کە پۆستە هەستیارو گرنگەکان بەولایەنانە بوو کەنزیک بوون لەئێران بەڵام نەیدەهێشت هەژموونی شیعە بەسەر دوو پێکهاتەکەی تر زاڵ بێ، بەڵام لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەولایەنانەی کەسەر بەئێران بوون بەتەواووتی ئەجێندای ئێرانیان جێبەجێ دەکردو یەکەم کاردانەوەش دژی سوننەکان وەستانەوەو لەکابینەکەی نوری مالیکی ئەمە بەتەواوەتی دەرکەوت کەسەرکردە سوننیەکان کرانە ئامانج وەک : تارق هاشمی و رافیع العیساوی، بۆیە لەدوای ساڵی ٢٠١١ بەتەواوەتی سوننەکان لە پڕۆسەی سیاسی لەعێراق پەراوێز خران . لەکۆتاییەکانی سالی ٢٠١٣ پەیوەندیەکانی کوردو حکومەتی ناوەند تێکچوو و گەیشتە ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت لەلایەن ئەوهێزانەی کە سەربەئێران بوون.
مەترسی و سیناریۆکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق و کورد لەو نێوەندەدا
وەک لەپێشتوردا باسمان کرد کەئەوەی دڵخۆشە بەم بڕیارە ئێران و ئەو هێزانەی کە لەئێرانەوە نزیکن ، چونکە هەمیشە سەرکردەکانی ئێران باسلەوەدەکەن کە لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی بەرپرسی سوپای پاسداران گەورەترین تۆڵە لەئەمریکا دەرکرنیەتی لەعێراق، بەمەش ئێران هەژموونی خۆی فراوانتر دەکات لەعێراق، بۆیە لێرەدا دەتوانین سیناریۆکانی پاش کشانەوەی ئەمریکا بەچەند خاڵێک بخەینەڕوو .
یەکەم : بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا عێراق پێدەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە کە پێدەچێت شەڕی شیعەو سوننە ، سیناریۆیەکی کراوەبێ ، چونکە لەنەمانی ئەمریکا لایەنەکانی شیعەی سەر بەئێران سوننەکان ئەوەندەی تر چوارچێوەیان دەکەن و لەم بارودۆخەش شەقامی عێراقی مەترسی شەڕی تائیفی چاوەڕوانی دەکات .
دووم: بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەگەری بەرزبوونەوەی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەئۆپەراسیۆنی سەربازی و چالاکییەکانی و لەبەرامبەریشدا لاوازیی هێزە فەرمی و سەربازییەکانی سوپای عێراق، ئەوە بهئەگەرێکی بەهێزهوه ئەم سیناریۆیە دێتە ئاراوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی جارێکی تر کەڵک لەم دەرفەتە وەربگرن و رێگە لەهەڵوەشاندنەوە، یان تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ هێزەکانی سوپای عێراق بگرن. لێرەیشدا ئێران کە بەدامەزرێنەرو پشتیوان و راهێنەری ئەم هێزانە دادەنرێت، رۆڵی سەرەکیی دەبێت لەئاراستەکردنی ئەم هێزانە. ئەم بەرزبوونەوەی رۆڵەیش لە ئەگەری بەهێزبوونی داعش وادەکات کە وەکو پاش ساڵی ٢٠١٤و بەتایبەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لەساڵی ٢٠١٨، رەوایەتیی سیاسیی ئەم هێزانە بەرزدەبێتەوە.
سێیەم: یەکێکی تر لەسیناریۆکان لەپاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، پێکهێنانی حکومەتی عێراقییە کە لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ئەوهێزانەی کە سەربەئێران بوون توشی شکستێکی گەورەبوون و کورسیەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و تانەیان لەهەڵبژارنەکاندا بۆیە ، بەمەش پێکهێنانی حکەمەتی داهاتووی نادیارە و ئەستەمە کار بە زۆرینە و کەمینە بکرێت. بۆیە لێرەدا یان ئەو هێزانەی لایەنگری ئێران بەشدارییان پێدەکرێت و وەکو رابردوو کار بە بنەمای تەوافوق و دابەشکردنی پۆستەکان بەبێ گوێدان بە قەبارەی کورسییەکان دەکرێت، یان ئەوەی کە هەموو گوشارەکان بۆ ئەوە دەڕوات کە دووبارە هەڵبژاردن بکرێتەوە. هەروەها لەئەگەری پێداگریی سەدر لەسەر کارکردن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەوە ئەگەری سەرهەڵدانی پێکدادانی سەربازی بەرزدەبێتەوە.
چوارەم : بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە چونکە لەڕابردوو بینیمان کەحەشدی شەعبی بەموشەکی دوورهاوێژ چەند جارێک هەولێری پایتەختی کردە ئامانج، لەئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا مەترسی پێکدادان و شەری سەربازی ئەگەرێکی کراوەدەبێت و کورد زۆر بەوریاییەوە دەبێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات