داعش نەما، داعش هاتەوە!

كامل ئەحمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



كامل ئەحمەد

لەچەند مانگی رابردوودا ئێمە شاهیدی دووبارە هێرشبردنەوەو سەرهەڵدانەوەی داعش بووین بەتایبەتی لەکوردستاندا لەشوێنی جۆراجۆرو کاتی جۆراوجۆردا. هاوکات لەچەند رۆژی رابردوودا ئەم هێرشانە توندبوونەوەی زیاتریان بەخۆیانەوە دیوەو چەندین گوندی ناوچە سنورییەکان، یان راستتر وایە بڵێین ئەو گوندانەی کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هاوبەشی هێزە سەربازی و میلیشیاییەکانی عێراق و هێزە میلیشیاییەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداری کوردستانەوە. ئەم هێرشانە بەئاشکراو بەبەرچاوی هەموو ئەم هێزانەوە روودەدات. هێزێک هێرش دەکات و دەیەوێت خۆی دەرخاتەوە کە گوایە کۆتایی بەدەسەڵات و خیلافەتی هێنراوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی دەسەڵاتدار لەعێراق و ئەمریکای هاوپەیمانیان. هێزێک کە بە دانپێدانانی سەرانی بۆرژوازی دەسەڵاتداری کوردستان و عێراق لەتازەترین و نوێترین چەک و جبەخانە و تاکتیکی سەربازی بەهرەمەندە کەم ئەم سوپاو هێزانەی عێراق و کوردستان لێی بەهرەمەندنین. ئەوەشی ئاشکرایە ئەمە لەئاسمانەوە دانابارێتە سەرزەوی و بێگومان هێزی گەورەی لەپشتە.

ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە بۆ کاتی سەرهەڵدانی داعش و مەبەست لێی لە ٢٠١٤ دا، وێڕای بوونی چەندین گرووپی چەکداری جۆراوجۆری گۆشکراو بەم پرەنسیپە ئایینیە توندڕەوو ماڵوێرانکەرە لەپێش ئەویشدا، بە ئاشکرا دەبینین کە داعش لەچوارچێوەی هاوسەنگی پێدان، یان جێگیرکردنی پایەکانی دەسەڵاتی ئەمریکی لەناوچەکەداو بەتایبەتی لە عێراقدا هێنرایە سەر کایەی ململانێ و کێشمەکێشی دەسەڵاتی سیاسی. ئەو کات و ئێستاش مەبەست لێی کەمکردنەوەی نفوز و پایگای ئێرانە لەعێراق و ناوچەکەدا. ئەو کات داعشیان وەک هێزێکی کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و خوێنڕێژ بەردایە گیانی خەڵکی موسڵ و شەنگال و بەشێک لەناوچە سوننی نشینەکانی عێراق بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە دەسەڵاتی مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، بدەن کە لایەنگرێک و ئەڵقە لەگوێیەکی تەواوی ئێران بوو. کاتێک ئەمریکا هەستی کرد کە ئیتر مالیکی ئەو کەسە نیە بتوانێت بەرژەوەندیەکانی خۆی و مانەوەی لەعێراقدا لەسایەیدا مسۆگەر بکات، پەنای بۆ داعش برد بۆ ئەوەی جێ پێی بلەرزێنێت و دەسەڵاتی وەلا بنێت. ئەوەبوو لەڕووی واقیعیشەوە مالیکی لەدەسەڵات لابراو بە عەبادی جێگەی گیرایەوە بەو هیوایەی کە بتوانێت هەم بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لەعێراقدا مسۆگەربکات و هەم ئێرانیش قبوڵی بکات.

ئەو تراژیدیایانەی بینیمان لەجینۆسایدکردنی یەزیدیەکان و وێرانکردن و خاپورکردنی شارێکی وەک موسڵ بە سەر دانیشتوانەکەیدا، بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانی کوردستان و عێراقەوە بەڕێوەچوو و ئاسانکاری بۆ کرا. ئەو کاتیش ئەو سوپا زەبەلاحەو ئەو هەموو چەکدارە کوردانەی کە گوایە پارێزگاری لە شەرەف و خاکی کوردستان دەکەن تەنها بڵقی سەر ئاو دەرچوون وە لەڕێکەوتنێکدا بە قازانجی مەرامەکانی خۆیان ئەو هەموو ماڵوێرانی و تاوانانەیان ئەنجامدا لەبەرامبەر خەڵکی کوردستان و عێراقدا و بەبێ هیچ بەرگرییەک هەموو ئەو ناوچانەیان رادەستی داعش کرد و ئەو دێوەزمەیەیان لێ دروستکرد کە بووە هۆی لێسەندنەوەی ژیان و هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی لەدانیشتوانی ئەو ناوچانە.

ئێستاش هەمان سیناریۆ بەڵام لەکات و ساتێکی ترداو لەئاڵوگۆڕێکی تردا لەناوچەکدا خەریکە وەک تراژیدیایەکی کۆمیدی خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئێستا ئەم گوندو ئەو گوندی کوردستان هێرشی دەکرێتە سەرو دەسەڵاتدارانی کوردستان و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان خەریکی رێگاخۆشکردن و ئاسانکارین بۆ ئەم کارە قێزەونە. سیناریۆی ئەم جارە ئەوەیە کە ئەمریکا وادەی دەرچوونی هێزەکانی لەعێراق دا نزیکبووەتەوە کە کۆتایی مانگی دیسێمبەری ئەمساڵە.

ئەمریکا دوای کشانەوەی لە ئەفغانستان و شکستی لەوێ و پەیدابوونی  دڵەڕاوکێ لەنێوان هاوپەیمانەکانیدا و دابەزینی پێگەی لە نێویاندا، پێدەچێت بیەوێت چاو بەم ستراتیژیەی خۆیدا بگێڕێتەوەو عێراق و ناوچەکە چۆڵ نەکات بۆ نەیارەکانی وێڕای سەرقاڵبوون و تاودانی ئەسپی خۆی لەو ناوچەیەدا لەبەرامبەر رکابەری گەورەو سەرکی خۆی کە چینە. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەمە دەستەبەربکات پێویستی بە هێنانەوەی مۆتەکەی داعشە. پێویستی بەوەیە کە ئەگەر ناچار بەکشانەوەش کرا بتوانێت لەڕێگای هەم داعش و هەم هاوپەیمانەکانیەوە ئەم بوونەی خۆی لە ناوچەکەدا مسۆگەر بکات و بەرانبەر ئێران بەپلەی یەکەم و بەرژەوەندیەکانی چین لەئاستی ماکرۆدا بگرێت.

ئەمریکا بەم مانۆڕانەی لەڕێگای داعش و هاوپەیمانە ناوچەیی و ناوخۆییەکانیەوە لەعێراق و کوردستاندا دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت. دەیەوێت هەڵبژاردنێکی پێشوەخت کە لەعێراقدا وەک سیاسەتێکی ئەمریکی تەواو عەیار بەڕێوەچوو وە تا ئێستا ئەمریکا لەمەدا بە براوە هەژماردەکرێت، بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بەسەرەنجام بگەیەنێت و هەوڵدەدات لە پێگە و هەیمەنەی ئێران  کەمبکاتەوە و هاوپەیمانەکانی خۆی بخاتە سەر کورسی دەسەڵات و بیانهێڵێتەوە. لەهەمان کاتدا ئەمریکا داعش وەک چەکوشێک بەکاردەهێنێت لەم هەلومەرجەدا کە کاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانە سەبارەت بەکێشەی ئەتۆمی ئێران لەڤییەنا. ئەمە شەڕێکی بەردەوامە و لەبارودۆخی جیهانی راگوزەری ئەمڕۆدا لەزۆر کات و شوێندا قابیلی ئەوەیە گۆڕانی بەسەردا بێت.

ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی تری عێراقیش گرنگە ئەوەیە کە وێڕای ماڵوێرانیەک کە بە نسیبی ئەوان دەبێت، هیچ پەیوەندیەکی نە بەشوێنی ژیانیان و نە بەئایندەیانەوە نیە. ئەوان دەبێت ئەوەیان لا ئاشکرابێت کە دەبنە خۆراکی ئەم سیاسەتە فریوخوازانەیەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەژێر ناوی بەرگری لەخاکی کوردستان و کۆتاییهێنان بەداعش. داعشێک، کە بەقەولی سەرانی بۆرژوازی خۆیان و بەپێی هەموو ئەو بەڵگەنامانەی تا ئێستا ئاشکرابووە، دروستکراوی دەستی ئەمریکایە بۆ بەکارهێنانی لەبەرامبەر رکابەرەکانیدا.

هەتا ئەمریکا لەناوچەکەدا بێت و هەتا داگیرکاری ئەمریکی بەردەوام بێت، نە خەڵکی کوردستان و نە خەڵکی عێراق ناتوانن لە ئاسایش بەهرەمەندبن و لەم چەشنە جەنگە بەوەکالەتانە بە دووربن. بۆیە خواستی سەرەکی خەڵکی کوردستان و عێراق دەبێت چوونە دەرەوەو ملشکاندنی هەموو هێزەکانی ئەمریکا بێت لەعێراق و ناوچەکەدا بۆ ئەوەی چیتر هێزەکانی وەک داعش نەتوانن پەیداببن و گەشەبکەن و ئەم هێزانەش نەتوانن بەم بیانووەوە ماڵ و ژیان و چارەنووسی خەڵک بەبارمتە بگرن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار