ئەمڕۆ پەرلەمان بەدواداچون بۆ داهاتی ناوخۆ و چەكی بێ مۆڵەت دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ  په‌رله‌مانی كوردستان کۆدەبێتەوە و بەدواداچوونی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و چەكی بێ مۆڵەت  لەکۆبوونەوەکەدا ده‌خرێته‌ڕو.

​ئەمڕۆ سێشەممە 21ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا کارنامەی کۆبوونەوەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بەڕێوەدەچێت و له‌ ته‌وه‌ری یه‌كه‌مدا بەدواداچوونی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری سەبارەت بە داهاتەكانی هەرێمی كوردستان ده‌خرێته‌ڕو.

ئەوەش هاتووە، له‌ ته‌وه‌ری دووەمدا خوێندنەوەی یەكەم ژماره‌یه‌ك پڕۆژەیاسا، بەپێی حوكمی بڕگەی (دوەم)ی ماددەی (78) و بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی(83) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ده‌كرێت.

ئەو پڕۆژەیاسایانەی لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت:

1- پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركردن لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

2- پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021 یاسای وەزارەتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

هه‌روه‌ها له‌ ته‌وه‌ری سێیه‌مدا دەنگ لەسەر ئەم پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (90 ، 91، 93، 96، 97) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌درێت.

1- پڕِۆژەیاسای هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

2- پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

له‌ ته‌وه‌ری چواره‌میشدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پێشنیاز و پڕۆژەیاسایانەی خوارەوە، به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:

1- پێشنیازەیاسای پاراستنی ئەرشیف لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

2- پڕۆژەیاسای چەك لە هەرێمی كوردستان-عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار