ڕێگری لە فرۆشتنی كتێبەكانی دەمیرتاش دەكرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

گرووپێک لە رێکخستنەکانی گەنجانی مەهەپە، کە بە "نەتەوەپەرستی تووندوتیژ" ناسراون، لەنێو پێشانگای کتێب لە شارۆچکەی سەفرانبۆڵو لە پارێزگای کارابووک لە تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر ستاندی کتێبی نووسەر هالدون ئاچکسۆز، بەهۆی ئەوەی لە ستاندەکەیدا کۆی بەرهەمەکانی سەڵاحەددین دەمیرتاشی نمایش کردبوو.

گرووپەکە، هێرشیانکردە سەر خاوەن ستاندەکە، وێڕای سووکایەتیپێکردنی، کتێبەکانی سەڵاحەددین دەمیرتاشیان لە ستاندەکە بەڕووی خاوەنەکەیدا کێشا و بەدەم هاوار و جنێودانەوە پێیانوت: "نابێ کتێبەکانی سەڵاحەددین دەمیرتاش لێرە بفرۆشیت". لەکاتی تێکدانی ستاندەکەشدا، کتێبەکانی ئەتاتورکیش فرێدرانە سەر زەوی و  ستاندەکەیان تێکدا. 

ئەلیف کۆسە، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی سەفرانبۆڵو رایگەیاند: "بەداخەوە چەند کەسێکی سەر بە رێکخستنەکانی گەنجانی مەهەپە هەڵیانکووتایە سەر ستاندی کتێبەکانی نووسەری بەناوبانگ هالدون ئاچکسۆز. کتێبەکانی دەمیرتاشیان کێشا بەرووخساریدا و کێشەیان نایەوە و پێیانگوت، کە نابێت کتێبەکانی سەلاحەددین دەمیرتاش لەم پێشانگەیەدا بفرۆشرێن. زۆر بەداخم، کارێکی نەشیاو بوو، کە رووداوێکی لەمشێوەیە لە پێشانگای کتێب رووبدات". 

ئەلیف کۆسە راشیگەیاند: "بەهۆی ئەوەی ئەم گرووپە، لەنێو پێشانگای کتێب کێشەیان ناوەتەوە، شەش کەس دەستگیرکراون و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە رەوانەی بنکەی پۆلیسی سەفرانبۆڵو کراون". 

رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی 2021، بەبۆنەی یەکەم ساڵوەگەری ناساندنی شوێنەوارێکی مێژوویی وەک میراسی کولتووری جیهانی لەلایەن رێکخراوی UNESCO، شارەوانی شارۆچکەی  سەفرانبۆڵو پێشانگایەکی کتێبی بۆ ماوەی 10 رۆژ کردەوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش لەو ماوەیەكی لە زیندانە ژمارەیەك كتێبی نوسیوە و لە كتێبخانەكاندا نمایش كراون و  یەكێك بون لە پڕ فرۆشترین كتێبەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار