حکومەتی عێراق 28 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابیندەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
جێگری پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند:" حکومەتی عێراق 28ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابینکرد و ئەمرۆ یەکەم کۆبوونەوەمان لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی كرد كە بە چ شێوازێك بێت و چۆن بتوانین شنگال ی پێ ئاوەدان بكەینەوە".
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کارۆباری کارگێری بە هاوڵاتی وت"ئەمرۆ یەکەم کۆبوونەوەمان لسەر بڕە پارەیەی کە بەغدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابین کرد لەدیوانی پارێزگای ئەنجامدرا، لەکۆبوونەوەکەدا باس لەوپرۆژانە کرا کە بەو بڕە پارەیە دروست دەکرێن، هەروەها لیژنەیەکی تایبەتیش بە سەرۆکایەتی پارێزگاری پێکهێنرا کە خۆی سەرپەرشتی کارەکە دەکات".
رەفعەت سمۆ وتیشی"ئەم لیژنەیە پێش سەری ساڵ دەست بەکارەکانی خۆی دەکات وبەبێ دواکەوتن دەست بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگۆزاری لەبواری پەروەردە، تەندروستی، کارەبا ، ئاو لەگەڵ رێگا وبان".
جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کارۆباری کارگێری ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "راستە ئەم بڕە پارەیە کەمە بەروارد بەو وێرانکارییەی داعش ئەنجامی داوە بەڵام سەرەتاییەکی باشە و دڵنیایین وەجبەیەکی تری پارە جگە لەم 28 ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال خەرجدەکرێت".

