ئەمریکا دوا هۆشداری دەداتە ئێران لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەتۆمی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند:" هێندە کات بۆ ئێران نەماوە بێتەپێش و بە جیددی بەشداریی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننا بکات".
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی كانوونی یهكهمی 2021، رۆب مالی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن-ی رایگەیاندووە:" هێندە کات بۆ ئێران نەماوە بێتەپێش و بە جیددی بەشداریی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤییەننا بکات".
رۆب مالی وتیشی:"لە داهاتوویەکی نەهێندە دوور ئێمە بە ناچاریی بەو ئەنجامە دەگەین کە چیدیکە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015مان نەماوە و ئەو کاتە ناچارین گفتوگۆ بۆ رێککەوتنێكی دیکەی تەواو نوێ بکەین".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداریی داو وتی: " گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنێكی نوێ بەواتای چوونەنێو قۆناغێكی تەواو نوێوە کە تێیدا قەیرانەکە قووڵتر دەبێت".
مالی کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداریی لە هەر حەوت گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە دەڵێت" ئەگەر ئێرانییەکان بەردەوام بن لەسەر هەمان هەڵوێست، ئەوا ئێمە دەتوانین چەند هەفتەیەکی کەمی دیکە چاوەڕێ بین و دەگەینە قۆناخێك کە ئیدی شتێك بەناوی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 نەماوە".
لە مانگی نیسان تاوەکو حوزەیرانی ساڵی 2021، لەسەردەمی حکومەتەکەی حەسەن روحانی، سەرۆکی پێشووی ئێران، شەش خوولی گفتوگۆی ئەتۆمی لەنێوان وڵاتانی چوار کۆ یەک ئەنجامدران، لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆکی ئێران تەنیا یەک گەڕی دانیشتن ئەنجامدراوە.
لەکاتێکدا ئێران هەڵگرتنەوەی سەرجەم سزا ئابوورییەکانی سەر وڵات بە مەرجی گەڕانەوە و پابەندبوون بە رێککەوتنەکە داناوە، ئەمریکا جەخت لەوە دەکاتەوە کە پابەندبوون بە رێککەوتنەکە وخستنەڕووی نیازپاکی، مەرجی پێشینەی هەڵگرتنەوەی سزاکانە.

