ئێران هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران قەدەغە دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی کۆنترۆڵی کۆرۆنا لە ئێران دەڵێت:"تەنیا رێگە بەو کەسانە دەدەین هاتوچۆ بکەن کە مۆڵەتی نشینگەی ئێرانیان هەبێت، ڤیزای خوێندنیان هەبێت، بازرگانان، ئەوانەی ڤیزای کاریان هەیە، هاتووچۆ بە مەبەستی دەرمان، وەبەرهێنەرەکان و هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانی کە سەردانی وڵاتانی دیکەیان کردووە".
ئەم بڕیارە دوای تەشەنەسەندنی گۆڕاوی نوێی کۆرۆنا بە ناوی ئۆمیکرۆن دراوە. گەشتکردنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە 8 وڵاتی باشووری ئەفریقیا و 4 وڵاتی ئەوروپا، بەریتانیا، فەرەنسا، نەرویج و دانیمارک، لە ئەمڕۆ شەممەوە رادەگیرێت.
عەلی مستەفەوی، جێگری پارێزگاری ورمێ، پێشتر وتی: "هەڵگرانی پاسپۆرتی ئێرانیش ئەگەر بیانەوێ بگەڕێنەوە، دەبێت پشکنینی PCRی نێگەتیڤیان هەبێت، دوو ژەم ڤاکسینیان وەرگرتبێت و لە دەروازە سنوورییەکانیش پشکنینی کۆرۆنا بکەن."
بە وتەی مستەوفەوی، هەر کەس کە پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بێت، لە دەروازەی سنووریی کەرەنتین دەکرێ تاوەکو ئەو کاتەی کە پشکنینەکە نێگەتیڤ دەبێت.

