فەرەنسا كەسێك دەستگیردەكات چەكی كیمیایی دەگوازێتەوە بۆ سوریا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیسی فەرەنسا کەسێکی سوری دەستبەسەر دەکات کە گومانی ئەوەیان لێکردووە کەرەستەی دروستکردنی چەکی کیمیایی لە رێگەی کۆمپانیایەکی گواستنەوەوە لە فەرەنساوە بردووەتە سوریا.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی كانوونی یهكهمی 2021، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کەیسەکە رایانگەیاند، ئەو کەسە رۆژی شەممە 25-12-2021 لە باشووری فەرەنسا دەستگیرکراوە و ئاماژەیان بەوەش کرد، ئەو کەسە لەدایکبووی ساڵی 1962ە و لە دەرەوەی فەرەنسا ژیاوە، "بەڵام بۆ پشووی سەری ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی گەڕاوەتەوە وڵات".
دەستگیرکردنەکەشی بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە دادگای فەرەنسا، بەهۆی ئەوە بووە کە گومان دەکرێت "پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، هاوکاربوون تێیدا و هاوکاربوون بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" ئەنجامدابێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو تاوانانەی ئەو کەسەی لەسەری دەستبەسەر کراوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاداری ساڵی 2011 کە ئەو کات تازە جەنگی ناوخۆی سووریا دەستیپێکردبوو، تاوەکو لانیکەم مانگی کانوونی دووەمی 2018 لەسەر ئەو کارانە بەردەوام بووە کە پێی تۆمەتبار کراوە.
ئەو سەرچاوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەو کەسە کۆمپانیای لە شوێنی جیاواز هەبووە و "بەشداریی لە دابینکردنی کەرەستەی جیاواز بۆ حکومەتی سووریا بۆ دروستکردنی چەکی نائاسایی کردووە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە دەبێتە جاری یەکەم کەسێک بەهۆی گومانی پاڵپشتیکردنی حکومەتی سووریا دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەی فەرمییەوە" لە فەرەنسا.
جەنگی سووریا تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس، کە بە گەورەترین جەنگ لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دادەنرێت.
حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت و دەڵێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی ساڵی 2013دا چەکە کیمیاییەکەی لەنێوبردووە.

