وه‌زیرى كاره‌با: لە ئەمساڵدا كارەبای نیشتیمانی دەدرێتە كەرتی تایبەت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 

وه‌زیرى كاره‌با ڕایگه‌یاند:" پرۆسەی بەتایبەتیکردنی بەشی دابەشکردنی کەرتی کارەبا، لەماوەی ئەمساڵدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە 3ی كانوونی دووەمی 2022، کەمال محه‌مه‌د ساڵح، وه‌زیرى كاره‌با ڕایگه‌یاند: "ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەرەتای ساڵی نوێ بۆ 3373 مێگاوات بەرزبوەتەوەو ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای زیاترمان هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی نەتوانراوە تا ئەم ئاستە بەرهەمبهێنین"، ده‌شڵێت:"پرۆسەی بەتایبەتیکردنی بەشی دابەشکردنی کەرتی کارەبا، لەماوەی ئەمساڵدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا لەساڵی 2022 بەدەرکردنی ژمارەیەک بڕیارو ڕاسپاردە بەڕێوەچوو، به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى وه‌زاره‌تى كاره‌با، کەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری کارەبا له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا وتویه‌تى:"ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەرەتای ساڵی نوێ بۆ 3373 مێگاوات بەرزبوەتەوەو ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای زیاترمان هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی سوتەمەنی نەتوانراوە تا ئەم ئاستە بەرهەمبهێنین".

ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "لێخۆشبونی لە15% کرێی کارەبا کە تا کۆتایی ساڵ درێژکرابووەوە، کاریگەرییەکی باشی بۆ سەر گەڕانەوەی قەرزەکان هەبوه‌".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "پلان‌و بەرنامەکانی ساڵی نوێی وەزارەت خۆیان لەدەیان پڕۆژەی دانانی وێستگە، ڕاکێشانی هێڵی کارەباو زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەوانە بەوزەی خۆرو هیدرۆپاوەردا ده‌بیننه‌وه‌و پڕۆژەی پێوەری زیرەکیش تائێستا 80%ى تەواوبوە، لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵیشدا بەیەکجاری کۆتایی دێت".

له‌باره‌ى سه‌رپێچیه‌كانیش بۆسه‌ر هێڵه‌كانى كاره‌با وتویه‌تى:"هەڵمەتی نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆرەکانی کارەبا دەستپێدەکرێتەوە، سیستەمی دەستنیشانکردنی سەرپێچییەکان لەتۆڕی پێوەری زیرەک کارادەکرێت".

زیاتر وتویه‌تى:"لەگەڵ زیادبونی ژمارەی هاوبەشانی کارەبا، پێویستە 300 هەزار پێوەری دیکەش دابنرێت، پرۆسەی بەتایبەتیکردنی بەشی دابەشکردنی کەرتی کارەبا، لەماوەی ئەمساڵدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار