ئاسایشی سلێمانی ئازادكردنی چەند گەنجێكی دەستگیركراوی ناحیەی پیرەمەگرونی ڕاگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند:" بە بڕیاری دادوەر، ژمارەیەك لە گەنجە دەستگیركراوەكانی خۆپێشاندانەكەی پیرەمەگروون، كە بە جلی پرتەقاڵی وێنەیان بڵاوكرایەوە ئازادكراون.

یاسین عەبدولسەمیع، وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە بە بڕیاری دادوەر، ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی خۆپێشاندانەكەی ساڵی رابردوو لە پیرەمەگروون، بە كەفالەت ئازادكران".

یاسین عەبدولسەمیع وتیشی: "دۆسیەی ئەوانەشی كە ئازاد نەكراون، لەبەردەستی دادوەری لێكۆڵینەوەدایە و رەنگە ئەمڕۆ ئەوانیش بە بڕیاری دادوەر ئازاد بكرێن".

وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئازادكردنی ئەو گەنجانە بەشێوەیەكی یاسایی، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم هاتوونەتە سەر هێڵ. وتەبێژەكەی ئاسایشی سلێمانی ئامادەنەبوو ژمارەی كەسە دەستگیركراوەكان و ئەوانەش ئاشكرا بكات كە ئەمڕۆ ئازاد كراون و وتی "ژمارەی كەسە دەستگیركراوەكان و ئازادكراوەكانیش دادوەر دەتوانێت ڕایبگەیەنێت".

رۆژی سێشەممە 04-01-2022 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێكی لەبارەی دانپێدانانی چەند كەسێك لەسەر سووتاندنی چەند فەرمانگەیەك لە ناحیەی پیرەمەگروون لە كاتی خۆپێشاندانەكانی چەند مانگێك پێش ئێستا بڵاوكردەوە كە خەڵكی پیرەمەگروونن، بەڵام ئەوەی خەڵكی نیگەران كرد نیشاندانی ئەو كەسانە بوو بە جلوبەرگی پرتەقاڵییەوە لەگەڵ شێوازی دانپێدانانەكەیان، ئەویش وایكرد فشارێكی مەدەنی دروست ببێت و چەند كەمپینێكیش بۆ ئازادكردنی ئەو گەنجانە دروست بكرێت.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، كە لەبەشێك لە شار و شارۆچكەكان هێزە ئەمنیەكان توندوتیژییان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەكارهێنا و لەكاردانەوەشدا خۆپیشاندەران چوونە سەر چەند دامەزراوەیەكی حكومی و بارەگا حزبیەكان و بەشێكیان سوتاندن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار