دەمیرتاش پەیامێک ئاراستەی گەنجان دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە داوا لە گەنجانی کورد لەتورکیا دەکات لە قوتابخانەکاندا وانەی زمانی کوردی هەڵبژێرن.

رۆژی دووشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2022 سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر تویتێكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:" سڵاو گەنجانی بەهادار؛ وەک دەزانن وادەی دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە تاوەکو 7ی شوبات درێژکراوەتەوە. تکایە لە قوتابخانەکاندا زمانی دایکتان هەڵبژێرن؛ کرمانجی هەڵبژێرن، زازاکی هەڵبژێرن". 

کەمپەینی پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی وانەی زمانی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەردەوامە. تەنیا یەک هەفتە ماوە لەبەردەم گەنجانی پۆلەکانی 5-6-7 و 8 بۆ هەڵبژاردنی وانەی بژاردە. 

لە ساڵی 2012ـەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان زمانی کوردی وەک وانەی بژاردە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرێت، بەڵام بە هۆکاری جیاواز پرۆسەکە بە فەرمیش نەبێ، بە کردەیی راگیراوە.

لە 3ی کانوونی دووەمی 2022 ـەوە ناونووسین بۆ دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە دەستیپێکردووە؛ وادەکە رۆژی 21ی کانوونی دووەم  کۆتایی دەهات، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 20ی کانوونی دووەم رایگەیاند، بەهۆی نالەباری کەشوهەوا، قوتابیان ناتوانن بچنە قوتابخانە، بەوهۆیەوە و لەسەر ئەو داواکارییانەش کە ئاراستەیان کراوە، بڕیاریان داوە وادەی دەستنیشانکردنی وانەی بژاردە تاوەکو رۆژی 7ی شوباتی داهاتوو درێژبکەنەوە.

فۆڕمی خوێندن بەزمانی بژاردە لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێنەوە و بەشێک لە قوتابخانەکانیش بەشێوەی ئۆنلاین فۆڕمەکانیان خستوەتە بەردەستی باوانی قوتابیان. بەگوێرەی سیستەمی خوێندنیش لە وانەی بژاردە، ئەگەر 10 قوتابی داوای خوێندن بە هەر زمانێکی بژاردە بکەن، پۆلێکی تایبەتیان بۆ دەکرێتەوە. هەرچەندە واژۆی باوانی قوتابی زیاد بکات، هێندەی دیکە پۆلی خوێندنیان بۆ دەکرێتەوە. 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار