ژن و نێرسالارى و فێندهمێنتالیزمى ئیسلامی
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ فه‌یروز ڕهشام
6 ساڵ لەمەوپێش
شوان ئه‌حمه‌د کردویه‌تى به‌کوردی
خاتوو فه‌یروز ڕهشام، ڕۆماننوس و توێژه‌رو ئه‌کادیمیستێکى جهزائیرییهو له‌کۆلێژى ئه‌ده‌ب و زمان له‌زانکۆى (ئهلبوێره) له‌جه‌زائیر وانه‌بێژه. خاوه‌نى چه‌ندین نوسین و وتارى زانستیه‌و لهنوسینهکانیشیدا، بایه‌خ به‌پرسى ژن و هزرو کلتور ده‌دات.
له‌م ماوه‌یەى دواییدا یه‌که‌م ڕۆمانى خۆى که (٢٤٤ لاپه‌ڕه ده‌بێت، چاپى یه‌که‌م ٢٠١٧)، به‌ناوى (تشرفت برحیلک) بڵاوکرده‌وه. ڕۆمانه‌که به‌گشتى باس له‌کێشه‌و گرفته‌کانى ژنان ده‌کات، له‌نێو سیستمێکى نێرسالارى وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ى جه‌زائیریدا. هه‌روه‌ها کاریگه‌رى قوڵى فێندهمێنتالیزمى ئیسلامیش نیشانده‌دات، له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و ڕه‌فتارو هه‌ڵسوکه‌وتى یه‌ک به‌یه‌کى هاوڵاتیان، دواى ئه‌و (10) ساڵه خوێناوییه‌ى جه‌زائیر (1992-2002)، له‌گه‌ڵ تیرۆر‌و توندڕه‌ویدا به‌ڕێکرد.
ئه‌مه‌ى ده‌یخوێنیته‌وه گفتوگۆیه‌کى کورتى حه‌مید زنازى نوسه‌رو وه‌رگێڕه له‌گه‌ڵ فه‌یروز ڕهشامدا، ده‌رباره‌ى ڕۆمانه‌که‌ی.
حه‌مید زنازى: لهڕۆمانهکهتدا (تشرفت برحیلک)، بوێرانه‌و به‌قوڵى پرسى توندڕه‌وى ئایینى و ده‌رهاویشته وێرانکاریهکانیت، له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌ر ژنان خستۆته‌ڕوو .. ئایا توندڕه‌وى ئایینى له‌سه‌ر ئاستى ده‌رونى و کۆمه‌ڵایه‌تی، چ کاریگه‌رییه‌ک جێدێڵێت؟
فه‌یروز ڕهشام : توندڕه‌وى ئایینى هه‌ر به‌ته‌نها بیرکردنه‌وه‌و هه‌ڵسوکه‌وتى مرۆڤه‌کانى داغان نه‌کرد، به‌ڵکو په‌یوه‌ندییه کۆمهڵایهتیهکانیشى شێواند‌و به‌ئاستێک ئاڵۆزى کرد کهناچێت به‌ئه‌قڵدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا دۆخى ژنانى ته‌واو تێکدا. کێشه‌ى زۆر‌و دابه‌شبوونى ترسناک له‌نێو خێزانى جه‌زائیریدا ڕویدا، ئه‌ویش به‌هۆى تێگه‌یشتنى نوێوه بۆ ئایین و ئه‌و تێگه‌یشتنه نوێیه‌ش، ته‌واوى ئه‌ندامانى خێزانێک له‌سه‌رى کۆک نین.
خواپه‌رستى به‌م شێوه تازه‌یه‌ی، ڕواڵه‌تیه زیاد له‌وه‌ى مۆراڵى بێت، هه‌ربۆیه هه‌ندێک سه‌رله‌به‌ر به‌پێچه‌وانه‌ى قسه‌و ڕواڵه‌تى ده‌ره‌کیانه‌وه، ڕه‌فتارده‌که‌ن و ئه‌وه‌ش توشى جۆرێک له شیزۆفرینیاى کردوون.
توندڕه‌وى ئایینى بووه مایه‌ى پایه‌ماڵکردنی، ئازادییه ساده‌و ساکاره‌کانى پیاوان و هه‌روه‌ها ژنانیش. له‌وه‌ش مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه، کاریگه‌رى نه‌رێنى و مه‌ترسیدارى له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌کردنى منداڵان جێهێشتووه.
به‌داخه‌وه کاریگه‌رییه‌کانى ئه‌و (10) ساڵه ڕه‌شه‌ى جه‌زائیر پێیدا تێپه‌ڕى له‌ڕووى ده‌رونى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌و لهههڵکشاندایهو هه‌نوکه ده‌ره‌نجامه ماڵوێرانکهرهکانى ده‌بینین.
حه‌مید زنازى: له‌ده‌ستپێکى ڕۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێیت: (سه‌ربورده‌ى ژیانى که‌سه‌کان، بریتیه له‌مێژووى ڕاسته‌قینه‌ى کۆمه‌ڵگەکان).. ئایا به‌سه‌رهاتى کاره‌کته‌رى (فاتمه‌ى زه‌هرا)، بریتیه له‌چیرۆکى کۆمه‌ڵگه‌ى جه‌زائیری؟
فه‌یروز ڕهشام: وایه، ئه‌م ڕۆمانه هه‌ر ته‌نها سه‌ربورده‌ى ژنێک نییه، تاڵاوى توندوتیژى خێزانى چه‌شتبێ و ملکه‌چ به‌یاساکانى کۆمه‌ڵگه‌ى نێرسالارى کرابێت، به‌ڵکو ڕۆمانێکیشه ڕوماڵى ئه‌و گۆڕانکارییه قوڵانه ده‌کات که له‌بونیادى کۆمه‌ڵگه‌ى جه‌زائیریدا ڕویانداوه‌و ئه‌و وهرچهرخانانهش نیشانده‌دات که به‌سه‌ر نۆرم و به‌هاو کلتورو ڕه‌فتارى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵکه‌که‌یدا هاتووه، پاش ئه‌وه‌ى له (10) ساڵه ڕهشهکهداو دواتریش، توندڕه‌وى ئایینى سه‌ری کێشا بۆ هه‌موو جێیه‌ک.
ڕۆمانه‌که باس له‌ئێش و ئازارى ژنان ده‌کات، له‌چه‌ند ڕوویه‌که‌وه. هه‌ر له‌توندوتیژى جه‌سته‌یى و مه‌عنه‌وییه‌وه بیگره، تاده‌گات بهچهوساندنهوهى له‌ڕووى مادیهوهو ڕێگهپێنهدانى له‌وه‌ی، گوزارشت لهڕاوبۆچونى خۆى بکات. له‌گه‌ڵ پرسگه‌لێکى دیکه‌ى وه‌ک، باڵاپۆشى و په‌یوه‌ندى به‌جه‌سته‌ى خۆیه‌وه‌و تێرنه‌بوون له‌ڕووى سێکسى و مۆله‌قى خێزان و جیابوونه‌وه‌و.. هتد.
حه‌مید زنازى: ده‌بوو دۆخى ژن له‌مڕۆدا چاکتربوایه له‌جاران، به‌تایبه‌ت که‌مافى له‌خوێندن و کارکردن‌دا بۆته شتێکى ئاسایی؟
فه‌یروز ڕهشام: ئه‌وه ڕاسته ژنان مافى خوێندن و کارکردنیان به‌ده‌ستهێناوه، وه‌لێ ئه‌مه ماناى ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت کهنههامهتیهکانیان کۆتای‌یان پێهاتووه. ڕۆمانه‌که باس له‌یه‌کێک له‌و دیارده ترسناکانه ده‌کات کهبێدهنگى لێکراوه‌و زۆرێکى له‌و ژنانه‌ى کارده‌که‌ن به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌ویش گێچه‌ڵپێکردنى مادییه له‌لایه‌ن مێرده‌کانیانه‌وه.
ئاخر ڕازیبوون بهکارکردنى ژن، مه‌رجداره به‌وه‌ى ته‌واوى موچه‌که‌ى بداته مێرده‌که‌ی، هه‌تا لهژیاندابێ! نابێت به‌لاشته‌وه سه‌یربێت کاتێک ده‌زانیت ژنێک (مامۆستاى زانکۆ، یان پزیشک یاخود پارێزه‌ره) ، مافى ئه‌وه‌ى نییه له‌پاره‌ى خۆى سه‌رفبکات. بگره هه‌ندێجاریش ناچاره قه‌رزبکات تاههندێ له‌پێداویستیه گرنگه‌کانى خۆى پێ پڕبکاته‌وه، وه‌ک چاره‌سه‌رکردنى هه‌ندێ نه‌خۆشى تولانى و کوشنده!.
حه‌مید زنازى: ئایا ژن خۆى به‌رپرسیار نییه له‌و دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ى تێیدایه؟
فه‌یروز ڕهشام: به‌ڵێ پڕاوپڕ خۆى لێى به‌رپرسه‌و درێژه‌دانیش به‌گێڕانى ڕۆڵى قوربانى دادى نادات، گوایه پیاویان کۆمه‌ڵگه ده‌یچه‌وسێننه‌وه، چونکه ئه‌وه جگه لهچارهڕهشى زیاتر هیچى دیکه‌ى بۆ ناکات. ئه‌مه ئه‌و ده‌ره‌نجامه تاڵه‌یه کهکارهکتهرى (فاتیمه‌ى زه‌هرا) له‌ڕۆمانه‌که‌دا پێى ده‌گات، دواى ئه‌وه‌ى هه‌موو جۆره توندوتیژى و قوڕبه‌سه‌رییه‌ک ئه‌زموون ده‌کات.
ژن گه‌ر بیه‌وێت، تواناى ژێرهوژورکردنى مێژووى هه‌یه، به‌ڵام کێشه‌که له‌وه‌دایه بڕواى به‌وه نه‌ماوه تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بێت! ئه‌سته‌مه باس له‌ئازادى ژن بکه‌ین له‌کۆت و پێوه‌ندى کلتورى نێرسالارى کهسوکایهتى پێده‌کات و به‌که‌مى ده‌گرێت، گه‌ر ژن خۆى بڕواى به‌وه‌بێت کهبوونهوهرێکى بێئه‌قڵ و بێ دینه‌و ده‌بێت خۆى داپۆشێت، یان ته‌نها بۆ ئه‌وه دروستکراوه تا وه‌چه بخاته‌وه‌و سکوزا بکات.
زۆرێک له‌ژنان ڕێک و ڕاست کلتورى نێرسالارى به‌رهه‌مدێننه‌وه، دواى ئه‌وه‌ى به‌و کلتوره په‌روه‌رده ده‌بن و باوه‌ڕبه‌وه دێنن کهنێرسالارى یاساى سروشتى ژیانه. بۆیه ناکرێت به‌رپرسیارێتى دۆخى ناهه‌موارى کۆمه‌ڵایه‌تى ژن، ته‌نها بخه‌ینه ئه‌ستۆى پیاوه‌وه، به‌ڵکو ژنان خۆشیان له‌وه به‌رپرسن.
ئێستا لهکۆمهڵگە عه‌ره‌بیه‌کاندا، خهرهندێکى کلتورى و کۆمه‌ڵایه‌تى قوڵ که‌وتۆته نێوان ژن و پیاوه‌وه‌و پێویست ناکات، له‌وه زیاتر به‌گوتارى شه‌ڕانگێزى و دوژمنکارانه قوڵترى بکه‌ینه‌وه، چونکه له‌دواجاردا هه‌ردووکیان به‌دبه‌خت و سیاچاره‌ن. له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ى ئۆغرو هاوسه‌نگن، دیالۆگ و ڕێز بنه‌ماى مامه‌ڵه و هه‌ڵسوکه‌وته بۆ خاترى پایهدارکردنى مرۆڤ، به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ى که‌سه‌که نێره یان مێیه.
دوژمنى ژن هیچ ئان و ساتێک پیاو نه‌بووه، به‌ڵکو نه‌فامی بووه! ئاخر پیاویش قوربانى ده‌ستى کلتورێکه که‌ژن به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان، به‌شداربووه له‌به‌رهه‌مهێنانیدا. نه‌فامى و نه‌زانى کۆمه‌ڵگه‌ى به‌ره‌و ئه‌وه برد تا ئایدیاى توندڕه‌وى ئایینى په‌یڕه‌وبکات، ئه‌و ئایدیایه‌ى وه‌ک چۆن گه‌مارۆى ژنانی دا، وه‌هاش له‌هه‌موولایه‌که‌وه پیاوانى تهوقداو په‌یوه‌ندى نێوانى ئه‌و دوو بونه‌وه‌ره‌ى ئاڵۆزترکرد.
حه‌مید زنازى: لهڕۆمانهکهتدا ئێستێکى کاریگه‌رى تێدایه، ده‌رباره‌ى ئێش و ئازاره‌کانى ژن له‌گه‌ڵ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى مه‌مکدا. له‌وباره‌یه‌وه قسه‌مان بۆبکه؟
فه‌یروز ڕهشام: ته‌مه‌نى ژن لهکلتورى ئێمه‌دا زۆر کورته، له‌گه‌ڵ باڵقبوندا ده‌ستپێده‌کات و به‌ده‌ستپێکردنى ته‌مه‌نى نائومێدى کۆتایى دێت! له‌و ماوه کورته‌شدا داواى لێده‌کرێت، ته‌نها ڕۆڵى کۆمه‌ڵایه‌تى بگێڕێت، ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌سه‌ر حیسابى خه‌ون و خولیاکانى و ته‌ندروستیشى بێت.
کۆمه‌ڵگه به‌گشتى ژنى نه‌خۆش و نوقسانى خۆشناوێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌و ژنانه‌ى دووچارى نه‌خۆشى کوشنده ده‌بن، (10) قات ئازار ده‌چێژن: شێرپه‌نجه‌ى مه‌مک نه‌خۆشیه‌کى زۆر هه‌ستیاره، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى بهژنێتى ژنه‌وه هه‌یه‌و ئه‌سته‌مه مه‌زه‌نده‌ى ئاستى ئه‌و خه‌م و په‌ژاره ده‌رونى و کۆمه‌ڵایه‌تیه بکرێت که‌ژن داده‌گرێت، له‌حاڵه‌تى بڕینه‌وه‌ى یه‌کێک لهمهمکهکانیدا.
ئاخر ژن لهکۆمهڵگاکانى ئێمه‌دا، به‌چاوى سوک و وه‌ک بونه‌وه‌رێکى نوقسان سه‌یرده‌کرێت، ته‌نانه‌ت له‌و کاتانه‌شدا کهئهندامانى جه‌سته‌ى ساغ و سه‌لیمه. ئه‌ى ده‌بێت گه‌ر ئه‌ندامێکى هه‌ستیارى وه‌ک مه‌مک له‌ده‌ستبدات، حاڵى چۆن بێت؟!.
سه‌رچاوه: وێبسایتى: اڵاوان.