له (ره‌خنه‌وه بۆ ره‌تکردنه‌وه)
کتێبێک له‌ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌ى ئه‌ده‌ب
6 ساڵ لەمەوپێش
ئه‌حمه‌د عه‌لی
کتێبى له ( ره‌خنه‌وه بۆ ره‌تکردنه‌وه)ى رۆژنامه‌نووس ئارام سدیق له چاپخانه‌ى (چوارچرا) چاپ کراوه‌و له‌م دواییه‌دا به تیراژی٥٠٠ دانه بڵاوبووه‌وه.
نوسه‌ر له‌سه‌ره‌تاى کتێبه‌که‌دا نووسیویه‌تى ( لێکۆڵینه‌وه‌ى ره‌خنه‌یی) به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌کاندا زوو خوێنه‌ر بێهیوا ده‌بێت که له هیچ جێیه‌کى ئه‌و کتێبه‌دا به‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ى ره‌خنه‌یى ناکه‌وێت که پشتى به میتۆدێکى ره‌خنه‌ى هاوچه‌رخ و زانستى به‌ستبێت و له‌سه‌ر به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌کان به وردى کاریکردبێت و شتێکى تازه‌ى کهشفکردبێت، به‌ڵکو ره‌نگه شۆکێک به خوێنه‌ر بدات و جۆره گرێ و پاڵنه‌رێکى غهریزیى نێگه‌تیڤى ده‌روونى تێدا بخوێنرێته‌وه‌و هه‌ست پێبکرێت، وه‌ک دووپاتکردنه‌وه‌ى ئه‌م زاراوانه له زۆربه‌ى لاپه‌ڕه‌کاندا:
«واعیز، پاسیڤ، ده‌رده‌دڵ نووس، ستایشکار، فریودان، نووسه‌رى ساخته، ته‌وه‌زه‌ل، شکستخواردوو، شاعیرى ساخته، بێبایه‌خ، بیرکورتیى بنووس، کۆڵه‌واریی، جوینه‌وه‌ى قسه‌ى سواو بێسه‌روبه‌ره، وێرانه، خۆ هه‌ڵواسین، بێ‌ئاگا.... تاد»
له کاتێکدا ئه‌و قه‌ڵه‌مبه‌ده‌سته به‌ڕێزانه‌ى باسیانکراوهو توانجیان لێگیراوه، له دنیاى نووسیندا ده‌بوو ئارام سدیق ده‌ستى ڕێزى له به‌رهه‌مه‌کانیان بنایه، نه‌ک هه‌ر ئه‌وانه، به‌ڵکو له په‌ره‌گرافه‌کانى هه‌مان کتێب‌دا پلار دهگردرێته که‌سانێکى تر‌ى لێهاتووى وه‌کو: له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی، عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، شێرزاد حه‌سه‌ن، ئیسماعیل حه‌مه‌ده‌مین، عه‌تا نه‌هایی، به‌کر عه‌لى ، ئه‌حمه‌دى مه‌لا و چه‌ندانى تر.....
من به‌ش به‌حاڵى خۆم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کم له‌سه‌ر کتێبێک نووسیوه، که ئه‌و بێ هیچ شیکاریى و بنه‌مایه‌کى زانستى و شه‌ن و که‌و کردنێک، توانجى بێ بنه‌ماى له نووسه‌ره‌که‌ى و به‌شداربووه‌کانى ناو کتێبه‌که‌ش گرتووه، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به منه‌وه هه‌بێت ده‌مه‌وێت ئارام سدیق بۆ نموونه‌ى چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ک راست بکه‌مه‌وه:
١- ئایا لاکان شیعرى نووسیوه؟
له لاپه‌ڕه ١٦٦ دا ئارام سدیق ده‌نووسێت:
« جارێکیش لاکانى لێده‌بێته شاعیره‌و ده‌نووسێت ( هه‌ندێ له شیعره‌کانى لامارتین وا لێکده‌درێنه‌وه زوو خۆیان ناده‌ن به‌ده‌سته‌وه) ده‌شێ بپرسین ئایا لاکان شیعرى نووسیوه؟»
سه‌ره‌تا من وام نه‌نووسیوه! نازانم (لامارتین) له‌کوێوه هاتووه؟ ده‌بوو به‌ئه‌مانه‌ته‌وه وته‌که بگواسترایه‌ته‌وه کهنووسیومه (لاکان)، جگه له‌وه‌ى له‌ڕووى ڕێزمانه‌وه ده‌بوو بینووسیایه (شاعیر) نه‌ک (شاعیره)، ئه‌مانه له‌لایه‌ک، به‌س سکانداڵه‌که له‌وێدایه که‌که‌سێک خۆى به‌ڕه‌خنه‌گر بزانێت و زانستى ئه‌وه‌ى نه‌بێت که‌به‌ڵێ (لاکان) شیعرى نووسیوه، ئه‌مه‌یه کۆڵهواریى راسته‌قینه، نه‌ک ئه‌و توانجانهى بهخشیونیهتیهوه بهکۆمهڵێکى زۆر نووسه‌رى کورد له‌ناو کتێبه‌که‌یدا.
به‌ڵێ، بۆ یه‌که‌مجار ژاک لاکان شیعره‌کانى له گۆڤاری
Le phare de Neuilly
ساڵى ١٩٣٣دا بڵاوکرده‌وه، ئه‌م گۆڤاره گۆڤارێکى سوریالى مانگانه بوو له‌لایه‌ن (لیز دههارم)ه‌وه ده‌رده‌کرا. ئه‌مه‌ش نموونه‌ى شیعرێکیهتى به‌ناونیشانى (باوه‌ڕى عه‌قڵانی) له‌گه‌ڵ کۆپى لاپه‌ڕه‌یه‌کى ئه‌و گۆڤاره‌یه.
٢- هه‌روه‌ها له‌لاپه‌ڕه ١٦١دا ده‌نووسێت:
« هیچکام له‌و نووسه‌رو شاعیرانه‌ى له‌م کتێبه‌دا نووسینیان بڵاوبۆته‌وه، یه‌ک ره‌خنه‌یان له‌سه‌ر شیعره‌کان نه‌نووسیوه، به‌ڵکو زیاتر شرۆڤه‌یان کردووه‌و خوێندنه‌وه‌ى خۆیان پێشکه‌شکردووه».
جێى خۆیه‌تى لێره‌دا بپرسین گوایه ره‌خنه‌ى نوێ خوێندنه‌وه‌و راڤه‌ى دۆزینه‌وه‌کان نییه؟ ره‌نگه لاى خاوه‌نى کتێب ره‌خنه توانجدان و فڕێدانى حوکمى پێشینه‌ى سه‌رپێیى بێت؟ بیرنه‌کردنه‌وه‌و خۆماندونهکردنه. خۆزگه نووسه‌ر له‌م رووه‌وه ئاشنادهبوو به‌چۆنیه‌تى و شێوازى هه‌ندێک کارى ره‌خنه‌ى جیهانى و ئه‌وسا راى خۆى ده‌رده‌بڕێ.
له‌لایه‌کى تره‌وه نووسه‌ر به‌م وته‌یه‌ى پێچه‌وانه‌ى ئه‌و وته‌یه ده‌وه‌ستێته‌وه که‌خۆى له‌لاپه‌ره ٢٣دا هێناویهتیهوهو هاتووه «ره‌خنه‌گر که‌سێکه کار له‌سه‌ر شیکردنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنى ده‌قى ئه‌ده‌بى ده‌کات»
٣- له‌لاپه‌ڕه ١٦٦دا ده‌نووسێت:
« چۆن ده‌زانن ئه‌و دالانهى شاعیر به‌کاریهێناوه چه‌ندین مه‌دلول له‌خۆده‌گرێت؟ «
له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم گه‌ر که‌مێک به‌وردى لێکۆڵینه‌وه‌که‌ى بخوێندایهتهوهو ته‌ماشاى لاپه‌ڕه ٤٥و ٤٧ى بکردایه ده‌یبینى کهدال و مه‌دلولى جیاواز ئاماژه‌یان پێدراوه‌و لێکدانه‌وه‌یان بۆ کراوه له‌سۆنگه‌ى رۆچوونى قووڵ بۆ ده‌قه‌کان و سه‌یرکردنیان له‌گۆشه‌نیگاى جیاوازه‌وه.
من به‌شبه‌حاڵى خۆم به‌هه‌نگاوێکى ئه‌رێنیم زانى، وه‌ڵامى ئه‌و پێشنیاره بده‌مه‌وه که له‌ماڵپه‌ره‌کان بڵاوکرایه‌وه به‌به‌شداریکردن له‌کتێبێکى ئاوها به لێکۆڵینه‌وه‌ى ره‌خنه‌یی، میتۆدى من له‌و لێکۆڵینهوەیەشدا کارکردن بووه له‌سه‌ر بنیادى زمانى ده‌قه‌که، جا گه‌ر له دیدێکى ساده‌و سه‌رپێى خاوه‌نى (لهڕهخنهوه بۆ ره‌تکردنه‌وه) به‌خوێندنه‌وه داده‌نرێت، ئه‌وا هه‌ڵبه‌ت لاى من لێکۆڵینه‌وه‌ى هاوچه‌رخ جۆرێکه له‌خوێندنه‌وه. سه‌باره‌ت ئه‌وه‌ى ئه‌و به‌شداری نه‌کردووه، ئه‌وا په‌یوه‌ندى به‌تواناکانى خۆیه‌وه هه‌یه، به‌س هێندى من ئاگادارى هه‌ندێک له‌شیعره‌کانى ئه‌و شاعیره بم، لێکۆڵینه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ى به‌زمانه‌کانى جگه لهکوردى له‌لایه‌ن که‌سانى ئه‌کادیمییه‌وه بۆ کراوه، باوه‌ڕناکه‌م پێویستى به‌وه بێت بهستایشى ئه‌و ببێته شاعیر یان بهتوانجدان له‌شیعر نووسین بکه‌وێت، دواجار حه‌زده‌که‌م راستکردنه‌وه‌ش بۆ ئه‌و هه‌ڵه‌یه بکه‌م که له‌لاپه‌ڕه ١٤٠دا تێیکهوتوهو نووسیویه:
« له زمانى عه‌ره‌بیدا به‌یاداشت ده‌وترێت مزکرات» ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌و ده‌بوو بنووسرایه « مذکرات «.
هه‌روه‌ها به‌کارهێنانى وشه‌ى (بنووس) له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه به‌شێوه‌یه‌کى به‌ربڵاو له‌ڕووى ڕێزمانه‌وه هه‌ڵه‌یه، چونکه ئه‌مه ده‌بێته فه‌رمان:
بـ+ چاوگ = فه‌رمان وه‌ک : بـ+ خۆ= بخۆ، گونجاوتر بوو وشه‌ى نووسه‌ر یان نووسیارى به‌کاربهێنایه.
به‌م خۆزگه‌یه دوایى به‌م کورته نووسینه دێنم و ده‌ڵێم: خۆزگه دنیاى ناسک و ههستیارو پێ ڕامانى ئه‌ده‌بمان نه‌ده‌شێواند به‌تێگه‌شتنى هه‌ڵه‌و کاڵوکرچى خۆمان، به‌ڵکو وه‌ک کورد گوته‌نى : نان بۆ نانه‌واو گۆشت بۆ قه‌ساب ده‌بوو.
هه‌ر به‌م جۆره‌ش ره‌خنه‌مان بۆ رهخنهنووسانى شاره‌زاو شایسته‌ى بواره‌که جێده‌هێشت.