حەمە هاشم؛ بەرهەمی ئایدیایی بەماتریاڵی سادە

3 مانگ لەمەوپێش



ئامادەکردنی هاوڵاتى

مانگرتنی حەوت نەخۆشی سلێمانی، ناوی ئەو نمایشە هونەریەیە کە شێوەکار حەمە هاشم بەماتڕیاڵی سادەو شێوەی دەربڕین ئامێز نیشانی دایین. بەرهەمە هونەرییەکەی لەسەر تابلێتێکی حەپی ئەمۆکسلینە کەزۆربەمان لەماڵەکانمان و لەبەکارهێنانەکانی رۆژانەماندا بەرچاومان دەکەوێت، بەڵام لەنمایشەکەی ئەم هونەرمەندەدا بەفۆڕمێکی ئیستاتیکی و بەناوەرۆکێکی ئایدیایی جیاواز دەیبینینەوە، ئەم بەرهەمە هونەریەی هونەرمەند بۆ زۆرێک لەبینەرەکانی وەک داهێنانێکی هونەری دەدرێت لەقەڵەم بەتایبەتی لایەنی فکریی کارەکە.

 سەبارەت بەم بەرهەمە هونەرییەی هونەرمەند (حەمە هاشم) و روانگە ئایدیاییەکانی زیاتر بۆ (هاوڵاتى) دەدوێت و دەڵێت: ئەم کارە هونەرییە سادەتریین سادەییە لەماتڕیاڵدا، بەڵام دەربڕی رەهەندی گەورەی فکرییە، ئەو رەهەندانەی کەیەکانگیر دەبنەوە لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئیداری خەڵک، لەنێو تەنگەژەی نادادپەروەرییەکی رووتدا، بیرۆکەکە زۆرتر لەکۆتایی هاتنی ئەو حەپانەوە هات کاتێک بۆ ئارامکردنەوەی سەرئێشەی خۆم پێویستم پێی بوو، دواتر سەیرمکرد من لەسەرئێشەیەکی گەورەتردام، خەڵکانی دەورووبەرم لە دەردەسەری و نەهامەتی گەورەدان، کۆمەڵگایەک دەناڵێنێ بەدەست نادادپەروەری و سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، کاتێک کە مرۆڤ بیردەکاتەوە خەستەخانەکانی شارێکی وەک سلێمانی دەرمانی تێدا نامێنێت، دەبێت بیربکاتەوە لەو کارەساتە، دەبێ بیهەژێنێت، تۆ ئەگەر مرۆڤیت و رۆحت تەریبی مرۆڤایەتییە دەبێ سڵ نەکەیتەوە لەدەربڕینە راستگۆیەکانت بەردەوام بیت، من وەک هونەرمەندێک تاکە چەکی دەستی من هونەرەکەمە، دەبێ هونەرەکەم بەهێزو گوزارشتی بەتوانای بخەمە بەر بۆئەوەی پەیامەکەی بگات، ئایدیاکەی بچێتە جێگای خۆی، ئەمە گرنگە لەهونەری پۆست مۆدێرندا، بەهای هونەری پۆست مۆدێرن زۆرتر لەبیرۆکە و ئایدیادایە نەک ماتریاڵ و فۆڕمی ئیستاتیکی، بەڵام من نەمهێشتووە بەها ئیستاتیکییەکەش وون بێت، چونکە بینەری کورد تائێستاش چاوێکی عاتیفی هەیە بۆ بینینی بەرهەمی هونەری و زۆر تاقەتی سەوداسەری و گەڕانی نییە بۆ تەفسیرکردنی کاری هونەری، بۆیە من ویستوومە لەڕێگای حەوت دەموچاوی قوپاوی تێکشکاوی خەمناکەوە باس لەکۆی نادادییەکە بکەم، باس لە روانین و فکری کۆی ئەو نەخۆشانە بکەم کەهیوابڕاو دەکرێن لە نەبوونی دەرمانی پێویست،.

 بەو ماتریاڵە سادەیەی کە بەکارمهێناوە دەتوانم گوزارشتێکی زۆری فکری دەرببڕم، ئەمەش کاری هونەرمەندی راستەقینەیە . هەروەها سەبارەت بەشێوازی کارکردن لەسەر فۆڕمی گشتی ماسکەکان زیاتر دواو گووتی : ئەو شێوە بینراوانەی کە لەکارەکەدا بەکارم هێناون، هەمان ئەو ماسک و دەموچاوانە بوون کە نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر وەک ستایڵی کارکردنی خۆم بەکارم دەهێنا، بەتایبەتی لەپێشانگای تایبەتیم بەم جۆرە ستایڵە هونەرییە بەناوی (ئەنفال.. سێبەری وڵاتێکی ونبوو) کەساڵی ٢٠٠١ کردوومەتەوە ئەم کارە هونەرییانە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ١٩٩٨ دەگەڕێتەوە ماتڕیاڵی کارەکان جۆراوجۆربوون، هەندێکیان پێستەی خۆشکراوو و هەندێکیان قوماش و ئیسفەنج و هەندێکیان پلێت بوون، لەم دواییانەدا چەند کارێکی دیکەم لەم چەشنە بە (فایبرگڵاس) ئەنجامدا، وە رەنگی بەکارهاتوو لەزۆربەی کارەکاندا بریتی بوو لە (خم) ، ئەم جۆرە رەنگە پاودەرێکی تایبەتە لە رەنگکردنی قاڵی و فەرشدا بەکارهاتووە لەکۆندا، هەڵبەتە من سوودم لەئەزموونەکانی (نەنکە شیرین)م وەرگرتبوو کە دەکاتە دایکی باوکم (رۆحیان شادبێت) چوونکە ئەو بەگەنجی خۆی تەونچی بووەو تا لەژیاندا مابوو جارجار ئەو تەجرەبانەی دووبارە کردبۆوە،  بۆ من گرنگ بوو ئەو رەنگە بەکاربهێنمەوە، چوونکە پێم وابوو ئەگەر بمەوێ لەکارەکانمدا رۆحێکی گەرمیانیانەو کوردانە بدەم، دەبێ هیچ نەبێ لەماتریاڵ و تەکنیکیشدا ئەوکارە بکەم، بەو پێیەش ئەنفال شاڵاوی زۆری گەیشتە گەرمیان و دەشتی کۆیە، ئەم بەکارهێنانی (خم)ە جۆرێک لەنزیکایەتی و هاوبەشی پێدەبەخشیم، لەلایەک وەک ئەوەی کەهونەرێک دەکەم جیاوازە لەهونەری (باو ) کە بۆ ئەوکاتەی باشووری کوردستان زۆر مۆدێرن بوو، لەلایەکیش وەک پەیوەندییەکی لۆکاڵی بەکەرەستەوە بایەخی خۆی هەبوو.

 لەکارەکانمدا وا تەفسیرم دەکردن کەفۆڕمێک بدەم بەدەستەوە شێوەی لەدەمووچاو بچێت، دەمووچاوی ماندوو، پڕ ئازارو ژان، نیگەران، تەنیا ، هەموو ئەمانەم کۆدەکردەوە لەو رواڵەتانەی کە شێوەی قوماشێک وەریدەگرێت کە دەربڕ بوو بۆ ئەو قوماش و جلوبەرگانەی کە مرۆڤی ئەنفالکراوی کورد دوای زیندەبەچاڵکردنی و دوای چەندین ساڵ لەنێوو رووکەشی خاکەکەدا قووماشەکانی دەمێنێت و شێوە تراژییدیە گەورەکە بەیان دەکاتەوە .

 ئەم کارانە لەفۆڕمدا دەکەونە خانەی هونەری (مۆدێرن ئاڕت) تێماکانی وەک پەیکەری ئەبستراکتی دەربڕینخوازی پیشان دەدات، کەرەستەی سادەو فۆڕمی سادە دەخووڵقان، هەرچەندە بۆ زەمەنی خۆی زۆر قبووڵکراوو نەبوون لەپانتایی گشتی هونەری شێوەکاری لۆکاڵی کوردی، بەڵام من ئیمانم موکڕبوو لەسەر بەرهەمێکی ناوازەو دانسقەی دوونیای مۆدێرنیتە،.  ئەمە بۆمن لە ئاکامی گەشەی فیکری و تێگەیشتنی زۆرم بوو لەو ئاگاییانەی لەدوونیای هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن لەجیهاندا گوزەری دەکرد، بۆیە ئێستاش بەهەوڵێکی جددی و و قووڵی دەزانم لەمێژووی هونەری خۆم، جۆرێکیش بوو لەئاماژەی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە بۆ کارەساتی ئەنفال.  ئەم بەرهەمانەم لەچوار پێشانگای تایبەتی نمایشکرد لەکاتی خۆییدا، هەروەها لەنمایشێکی تایبەتی دیۆەشدا لەشاری (گووا) لەهیندستان ئەزموونەکەم دووبارەکردەوە . بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو بەرهەمە تازەیەم گەڕانەوەشە بۆ بینگەی یەکەمی کارە هونەرییەکان مـوەک تەکنیک و بەکارهێنانی بۆ ئایدییایەکی بەهێز بۆ ئێستای خۆمان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار