سوپای عێراق هه‌زاران ئێزدی ناچاری هه‌ڵاتن ده‌کات

2 ساڵ لەمەوپێش



(ئینگه رۆگ

و. لهئهڵمانییهوه: هیوا ناسیح

 

(ئینگه رۆگ ژنه رۆژنامهنوسی ناودار له فرایبورگ - ئهڵمانیا لهدایکبووه، کۆمهڵناسی و مێژوو ئیتنۆلۆجی خوێندووه، ئهو یه‌‌کێکه له رۆژنامهنووسه ناسراوهکانی رۆژنامه‌‌ی بهناوبانگی (NZZ) ی سویسری، زیاتر لهبیست ساڵه  بهردهوام راپۆرت و وتار لهسهر ناوچه گهرم و قهیراناوییهکانی خۆرههڵاتی ناوهڕاست دهنووسێت بهتایبهت عێراق و تورکیاو سوریاو ئێران. کتێبکی لهسهر تورکیا ههیه بهناوی (تورکیا گهله تهواونه‌‌کراوهکه، خهونه‌‌کهی ئهردۆغان بۆ ئیمبراتۆریهتی عوسمانی).

هاوکات له‌‌گهڵ هێرشی تورکیادا بۆ سهر گهریلاکانی پارتی کرێکاران لەباکوری عێراق سوپای عێراقیش هێرشێکی بۆ سهر میلیشیا ئێزدییهکان لهناوچهی شهنگال دهستپێکرد. زۆر لهئێزدییهکان گومانیان ههیه که بهغدا بهفشاری تورکیا کاری وابکات.

ئێستا جارێکی تریش کهوتنهوه ههڵاتن. ههزاران کهس لەکهمینهی ئاینیی ئێزیدییهکان له رۆژانی رابردوودا بهرهو دهرهوه‌‌ی ناوچه‌‌‌کانی دهوروبهری شهنگالی باکوری عێراق ههڵاتوون، بهڵام شهپۆلی ئاوارهبوونی ئهمجاره بههۆی ئیسلامه توندڕهوهکانی داعشهوه نهبووه، که پێش ههشت ساڵ تاوانی گهورهیان دژ بهم کهمینهیه پیاده کرد، بهڵکو بههۆی سوپای عێراقهوه روویداوه.

بهئۆتۆمبیلی زرێپۆش و تۆپی قورسهوه یهکهکانی سوپای عێراق سهرهتای ههفتهی پێشوو پێشڕهوییان بۆ گوندهکانی دهوروبهری شهنگال لەڕۆژئاوای موسڵ کرد. ههڵمهتهکه بۆ سهر یه‌‌کهکانی پاراستنی ئێزیدییهکانه‌‌، که میلیشیایهکی ناوچهیی ئێزدین، که‌‌ناوچهیهکیان له سنوری نێوان سوریا و عێراق لهژێر کۆنترۆڵدایه. ئهو میلیشیایه‌‌ی که بەکوردی و بهکورتی  ناوهکهیان یه‌‌بهشه ناسراوه، ساڵی ٢٠١٤ پاش گهوره تاوانهکانی لهلایهن داعشهوه دژیان کرا دروستبوونه.

 

نزیکبوون لهپارتی کرێکارانهوه وهک بیانویهک

سوپای عێراق داوا ده‌‌کات که یهبهشه خاڵهکانی کۆنترۆڵ رادهست بکات و لهناوچهکه بکشێتهوه. ئهوان ده‌‌ڵێن رێگه نادهن که جێپێ به سهروهرێتی عێراق لێژ بکرێت، ئهمه لێدوانی سهرکردهی سوپاکهیه. بهڵام له نهستی زۆر له ئێزدییهکاندا ئهو بهسهرهاته دهزرنگێتهوه، که سوپای عێراق و ههروهها هێزی پێشمهرگهی ههرێمهکه لههاوینی ٢٠١٤دا ههڵاتن و ئێزدییهکانیان بێ پارێزگاری بۆ جیهادییهکان بهجێهێشت.

لهوکاتهدا تهنها هێزێک، که به خێرایی گهیشتنه جێ بۆ هاوکاریی ئهوان، گهریلاکانی پارتی کرێکارانی تورکیا پێکاکا و هێزهکانی نزیکی ئهوان بوون له ناوچه هاوسنورییهکانی سوریا، که ناویان هێزهکانی پاراستنی گهل (یهپهگه)یه. ئهوان دواتر راهێنانیان بهشهڕڤانه کوڕو کچهکانی ناوچهی سنجار کرد. لای کهمی لەڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌‌وه پهیوهندییهکی نزیک له نێوانیاندایه.

زۆر له ئێزدییهکان و چاودێران رایان وایه که ئهو پاساوه‌‌ تهنها مههانهیه. ئهوان باوهڕیان وایه که حکومهتی ناوهندی بهغدا لهژێر فشاری تورکیادایه. ئهنقهره ئهو گروپانه بهتیرۆریست دهناسێنێت، که وا لهپارتی کرێکارانهوه نزیکن. زۆر جاران تورکیا هێرشی کردووهتهسهر ناوچهی دهوروبهری شهنگال بهدرۆن و بهرپرسی باڵای هێزهکانی ئێزدی کوشتووه، کهپێش ههشت ساڵ دژی داعش جهنگاون و ژیانی ههزاران ئێزدییان ئهوکات لەمهرگ رزگار کردووه.

 

کوردهکان دژ بهکوردهکان

هێرشی سوپای عێراق بۆ سهر میلیشیا ئێزیدییهکان هاوکاته لهگهڵ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سهر پێگهکانی پارتی کرێکاران لهباکوری عێراقدا. له ١٨ی نیساندا هێزه کۆماندۆکانی تورکیا له سنوره درێژه سهدان کیلۆمهتریەکه‌‌ی نێوان زاب و سێگۆشهی سنوریی تورکیا، عێراق و ئێرانهوه هاتنه ناوهوه. هاوکات فڕۆکه شهڕکهرهکانی جێت و درۆنهکانی تورکیا دهستیان به بۆمبارانکردنی ناوچهکه کرد. له ناوچهی شاخاویەکانی قهندیل که پارتی کرێکاران بارهگای سهرهکییان تێدا داناوه، که ناوچهیهکی سهختهو دهیان ساڵه بووەته ناوچهیهکی گرنگ بۆ کشانهوهی هێزهکانی پارتی کرێکاران.

پاش ئهوهی سوپای تورکیا له رابردوودا سهرکهوتوو بوون لەوهدهرنانی هێزهکانی پارتی کرێکاران لهنێو تورکیادا، ئێستا مهبهستیانه ناوچهکانی سوریاو عێراقیش لهوانهی پێیان دهڵێن (تیرۆریستهکان) پاکبکرێنهوه.

ههرچهنده حکومهتی عێراق هێرشهکه‌‌ی له قاوداوه، بهڵام سهرۆکی تورکیا ئهردۆغان سوپاسی خۆی بۆ ههریهکه لهبهغدا و ههروهها حکومهتی ههرێمی کوردهکان دهربڕی بۆ (هاوکاریی نزیک)یان لهگهڵیاندا. ئهردۆغان دهتوانێت له هاوکاریی چالاکانهی پارتی دیموکراتی کوردستان و خێزانی بارزانی بههرهمه‌‌ند بێت، که ناوچهکهی نزیک سنوری تورکیایان له ژێر کۆنترۆڵدایه. پارتی دیموکرات داڵدهی دهیان بنکهی سهربازی سوپای تورکیای داوه. لەکاتێکدا سهربازانی تورکیا لهشهڕێکی سهختدان لهگهڵ چهکدارانی پارتی کرێکاراندا، پێشمهرگهکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاردان، بۆ ئهوهی رێگهی ئهگهری ههڵاتنی ئهوان ببڕن.

دوو کهسی ئهوروپی دهسگیرکراون

ناوچهی شهنگال  و دهوروبهری بههۆی نزیکی لهسنوری سوریاوه ناوچه‌‌یهکی ستراتیژییه لهشهڕی دژ بەپارتی کرێکاراندا. ههر کهس ئهوێ کۆنترۆڵ بکات، رێگای هاتووچۆ و کۆمهکی ئهوان دهبڕێت. پێش چهندان ساڵ ئهردۆغان رایگهیاند، که رێگا نادات لهشهنگالدا قهندیلی دووهم دروست ببێت. هاوتهریب لهگهڵ هێرشی تورکیادا هێزهکانی حکومهتی عێراقیش له ١٨ی ئه‌‌پریلدا دژ به میلیشیاکانی شهنگال و دهوروبه‌‌ری پێشڕهوییان کرد.

لهمیانهی بهڕێوهچوونی ئۆپهراسیۆنهکهدا سهربازه عێراقییهکان دوو چالاکوانی بیانییان دهسگیرکرد، ئهوان هاووڵاتی ئهڵمانی مارلین فێوریستهرو سلۆڤینی ماتیچ کهڤهجیجن، ههردوو وهک دوو رۆژنامه‌‌نوسی ئازاد کاردهکهن. ئێستا ههردووکیان له زیندانێکی بهغدادان، چییان بهسهر دێت، جارێ روون نییه.

جگه له بهغداد حکومهتی ههرێمی کوردیش، لەپێشدا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوچهکه به جێنفوزی خۆی دهزانێت. لەئۆکتۆبهری ٢٠٢٠ دا ئهوان رێککهوتن لهسهر بهڕێوبردنێکی هاوبهش بۆ ناوچهکه. لەپاڵ ئاوهدانکردنهوهی ناوچهکهدا باسی کشانه‌‌وهی پارتی کرێکارانیان لهناوچهکه و میلیشاکانی ئهوێ کرد، بهڵام ئهمه جێبهجێ نهکرا. لهبری ئهمه لهئێستادا ناوچهکه لەلایهن سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی عێراقی، پێشمهرگهکانی پارتی دیموکرات، میلیشیاکانی نزیک له ئێران و ههروهها میلیشیاکانی ئێزدی وهک یهبهشه کۆنترۆڵی ناوچهکهیان کردووه.

 

ئێزدییهکان داوای پارێزگاریی لهکۆمهڵگای نێوده‌‌وڵهتی دهکهن

ههموو لایهک ئێزدییه‌‌کانیان بهسهرباز کردووه. بهڵام بۆ ئاسایشی ناوچهکه هاوکار نین. ئهم رهوشه لاوازبوون و دابهشبوونی نێوان ئێزدییهکانی زیاتر لێکهوتۆتهوه، ئهمه‌‌ش ئهگهری ئهنجامدانی کۆمهڵکوژیی بهرامبهریان لهلایهن داعشهوه زیاتر ده‌‌کات. ئیسلامییه توندڕهوهکان ساڵی ٢٠١٤ ههزاران پیاوی ئێزدییان قهتڵوعام کردو ههزاران لهژنان و کچانی ئهوانیان رفاندو کرد بهکهنیزهک و سه‌‌بایا و دهسدرێژییان کردنه سهر.

رێکخراوه خێرخوازییهکان و نهتهوهیهکگرتوهکان ملیۆنان دۆلاریان سهرف کردووه، تا رزگاربووه ئێزیدییهکان بگێڕنهوه بۆ جێوڕێی خۆیان. بهڵام بههۆی ناسهقامگیریی رهوشی ئاسایشهوه تا ئهمڕۆش زۆربهیان له کوردستان ئاوارهن. بهههزارانیشیان بهرهو ئهوروپا ههڵاتوون.

ههڵگری خهڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زڕگاربووی کۆمهڵکوژییهکان نادیه موراد دوای گرژییهکانی ئهمجاره داوای کۆمهک لەکۆمهڵگای نێودهوڵهتی دهکات، که کێشهکه چارهسهر بکهن و دانیشتوانی سیڤیل بپارێزن. لهئهوروپاو وڵاته یهکگرتووهکانی ئه‌‌مریکاوه هیچ ئیرادهیه‌‌کی سیاسی بهدی ناکرێت، که خۆیان تێکهڵ بهکێشه ئاڵۆزهکه بکهن. دیاره تا رهوشهکهش ئاوا بمێنێتهوه، ئێزدییهکان وهک تۆپێکی یاریی لهنێوان دهستهڵات بهدهستانی ناوچه‌‌کهو ههڕهشهکانی ئهنقهرهدا دهمێننهوه.

سهرچاوه:

رۆژنامهو سایتی نۆیه تسویرخه تسایتونگی سویسری (NZZ).

https://www.nzz.ch/international/irak-armeeoffensive-zwingt-tausende-jesiden-erneut-in-die-flucht-ld.1682212?fbclid=IwAR0Fxz21BJ7t1bUscrKzpTrAqHcQyxYHTThQGvkw2FT39lTFgTRYVpgBAaM

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار