تاوانى دوژمنکاری: دۆسيەی روسیاو ئۆکرانیا

3 ساڵ لەمەوپێش



بەهەست موراد

تاوانی دوژمنکاری چەمکێکی تازەیە بۆ تاوانێک کە، بەدرێژای میژوو ئەنجامدراوە. ئەم تاوانە دەوڵەتێک، یان چەند دەوڵەتێک لەڕێگەی هێرشی سەربازی بۆسەر دەوڵەتێک یان چەند دەوڵەتێکی تر ئەنجامی دەدات. لەوانە دەرکەوتنی ئەم تاوانە وەک چەمک و تێرمی یاسای، لەیاسای نیودەوڵەتیدا بگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو، بەڵام میکانیزمی داگایکردنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە هاتا چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر چالاک نەبووبێت. لەساڵی (١٩٦٧) نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆ یەکەم جار، لیژنەیەکی بۆ پێناسەکردن و دیاریکردنی سروشتی ئەم تاوانە پێکهێناو سەرئەنجام لە (١٩٧٤/١٢/١٤) لە بڕیاری ژمارە (٣٣١٤) خۆیدا بەم جۆرە پێناسە تاوانەکەی کرد: دوژمنکاری بریتییە لەبەکارهێنانی هێزی سەربازی لەلایەن دەوڵەتێکەوە لەدژی سەروەری، یەکێتی خاک یان سەربەخۆیی سیاسی دەوڵەتێکی تر یان بەهەر جۆرێک کە، پێچەوانە بێت لەگەڵ ئامانج و مەبەستی نەتەوەیەکگرتووەکان. هەر لەو پرۆژە بڕیارەدا، کۆمەڵێک کار ئاماژە دراون کە بەکاری دوژمنکارانە دەناسرێن، تەنانەت ئەگەر راگەیاندنی جەنگیش بوونی نەبێت. لەو کارانە: داگیرکردن، بۆمبارانکردن، داخستنی بەندەری دەریای، هەر هێرشێکی سەربازی لەوشکانیدا یان لەدەریادا یان هێرشی ئاسمانی، بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەوڵەتێک کە لەناوخاکی دەوڵەتێکی تردایە بەپیچەوانەی رێککەوتنی نێوانیان، رێگەدانی دەوڵەتێک بەدەوڵەتێکی تر بۆ ئەوەی خاکەکەی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتێکی تر، ناردنی باندو گروپی چەکداری بۆ دەوڵەتیكی تر یان شەڕکردنی ئەو باندو گروپانە بەنوێنەرایەتی ئەو دەوڵەتە لەدەوڵەتێکی تردا. ساڵی (١٩٩٨) کە، رێکەوتننامەی رۆما دەرچوو، پێناسی تاوانی دوژمنکاری کە، لە پرۆژە بڕیارەکەی سەرەوەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هات، لەڕیکەوتننامەکەدا کۆپی کرا، بەڵام تەنیا لەساڵی (٢٠١٧) دا، تایبەتمەندی بابەتی دادگای تاوانی نیودەوڵەتی بۆ تاوانەکە چالاک بوو. 

شەڕی روسیا و ئۆکرانیا و هۆکاری شەڕەکە:

دوای هەڵوەشانەوی یەکێتیی سۆڤیەت، هەندێك لەو (١٥) کۆمارەی کە یەکێتی سۆڤیەتیان پێکدەهێنا سەربەخۆییان وەرگرت. یەکێک لەو کۆمارانە ئۆکرانیا بوو کە، لەساڵی (١٩٩١) دا بوو بەدەوڵەتێکی سەربەخۆ. ئۆکرانیا دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە، لەباشورییەوە لەسەر دەریای رەشەو لە رۆژهەڵاتیەوە هاوسنورە لەگەڵ روسیاو لە باکووریشیەوە بیلاروسیایە و لەڕۆژئاواشەوە هاوسنورە لەگەڵ هەریەک لەپۆڵەندا و سلۆڤانیا و هەنگاریا و رۆمانیا و مالدۆڤیا. ئۆکرانیا لە دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، دەستی کرد بەدروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ هەریەک لەوڵاتانی پۆڵەنداو هەنگاریا و ئیتالیا و ئەڵمانیا. لەساڵی (٢٠٠٨) دا، ریفراندۆمێک لەو وڵاتەدا بەڕێوەبچوو بەمەبەستی زانینی خواستی زۆرینەی هاووڵاتیان کە ئایا بەبێلایەنی بمێننەوە، یان ببن بەبەشێک لە یەکێتی ئەوروپا. دەرئەنجامی ریفراندۆمەکە بریتی بوو لەوەی کە زۆرینەی بەشی رۆژئاوای دەنگی بە چوونە ناو یەکێتی ئەوروپاداو زۆرینەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەشی دەنگیان بەمانەوە بەبێلایەنی دا. ساڵی (٢٠١٤)، لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکرانیا لەدژی سەرۆکی ئەوکاتەی وڵات، (ڤیکتۆر یانکۆڤیج)ی لایەنگری روسیا، پرۆئەوروپای و ئەمریکاییەکان دەستەڵاتیان گرتە دەست و دەرئەنجام خۆپیشاندانی لایەنگرانی روسیا لەڕۆژهەڵات (لەهەرێمی دۆنباس) لەدژی دەستەڵاتی تازەو لکاندنی کریما بەڕوسیای لێکەوتەوە. ناوچەی دۆنباس لە (٢) هەرێم پێکدێت: (لۆگانسک و دۆنێسک). ئەم ناوچەیە چڕی دانیشتوانی زۆرە و لە رووی کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە زۆر پێشکەوتووە. ئەگەرچی ئەم هەرێمە لەساڵی (١٩٩١) دا، دەنگیان بەسەربەخۆیی ئۆکرانیا دابوو، بەڵام لەدوای سەربەخۆیی تووشی کێشەی بێكاری و پشتگوێخستنی کارگێڕی و سیاسی هاتن لەلایەن دەستەڵاتی ئۆکرانیاوە. شایەنی باسکردنە کە، ئەو هەرێمە روسی زمانن و زیاتر لەگەڵ روسیا هاوسۆزن و دژی نزیکبوونەوەی ئۆکرانیان لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریکا.

 

بیانووی روسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا: 

لەوانەیە کۆمەڵێک هۆکار هەبووبن بۆ هێرشەکەی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بەڵام سەرەکیترین هۆکار هەوڵەکانی ئۆکرانیا بوو بۆ بەئەندامبوون لەهاوپەیمانی ناتۆ. هەر لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، ئۆکرانیا هەوڵی بە ئەندامبوون دەدات لە یەکێتی ئەوروپا، بەڵام رەوشی سیاسی و کارگێڕی و یاسای وڵاتەکە هاوکار نەبوو بۆ جێبەجێکردنی ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپا لەو وڵاتەدا. پێناچیت روسیا کێشەی زۆری لەبەئەندامبوونی ئۆکرانیادا هەبوبێت لەیەکێتی ئەوروپا، بەو پێیەی کە یەکێتی ئەوروپا یەکێتییەکی سیاسی و یاساییە، وەک ئەنجومەنی ئەوروپا و هیچ مەترسییەکی ئاسایشی بۆسەر وڵاتەکەی دروست ناکات، بەڵام شکستی ئۆکرانیا لەبەئەندامبوونی لەیەکێتی ئەوروپا و پەلەپەلی وڵاتەکە بۆ ئەندامیەتی لەو رێکخراوە، ناچاری لەدەرگادانی ناتۆی کرد بەو هیوایەی کە لەبەرامبەر دەسکەوتی سەربازی بۆ ئەوروپا، ئەویش رێگای چوونە ناو یەکێتی ئەوروپای بۆ کورت بێتەوە. هەوڵی کاریگەرو بەردەوامی ئۆکرانیا بۆ چوونە ناو ناتۆ، روسیای ناچارکرد کە، دەست بەگرتنەبەری رێوشوێنی ئاسایشی بکات لەبەرامبەر هەوڵەکانی ئەو وڵاتەدا. دوای چەندین جار، ئاگادارکردنەوە و نائومێدبوونی، دواجار لە (٢٢/٢/٢٠٢٢) دا، روسیا دەستی کرد بەهێرشکردنەسەر ئەو وڵاتە.

 

هێرشی روسیاو تاوانی دوژمنکاری:

سەرەڕای تێگەیشتن لەنیگەرانییەکانی روسیا بەدروستبوونی مەترسی کاریگەر لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی و گەمارۆدانی لەلایەن هاوپەیمانی ناتۆوە، بەڵام ئۆکرانیا لە چوارچێوەی یاسای نیودەوڵەتی هاوچەرخدا، وڵاتێکی خاوەن سەروەرییەو ئازادە لەدروستکردنی پەیوەندی دیبلۆماسی و بەستنی پەیماننامەو چوونە ناو هاوپەیمانی یاسایی و سەربازییەوە، ئەوەندەی کە لەگەڵ ئامانج و مەبەستی نەتەوەیەکگرتووەکان و پرەنسیپە باڵاکانی یاسای نیودەوڵەتی چونیەک بێت. لەو سۆنگەیەوە، هەوڵی ئۆکرانیا بۆ بەئەندام بوون لەهاوپەیمانی ناتۆو یەکیتی ئەوروپا تەواو یاساییە و ناکۆک نییە لەگەڵ هیچ پرەنسپێکی یاسایی نێودەوڵەتی و هێرشی روسیاس بەتەواوی دەچێتە چوارچیوەی تاوانی دوژمنکارییەوە.

 

تاوانی دوژمنکاری روسیا و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی:

هەروەک لەسەرەوە باسمان کرد ، ئەگەرچی تایبەتمەندی بابەتی داگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ تاوانی دوژمنکاری چالاکە لەئێستاداو تاوانەکە دەچێتە ناو لیستی ئەو تاوانانەی کە دادگا لەپێناو دادگایکردنی ئەنجامدەرانیدا دامەزراوە، بەڵام دادگا ناتوانێت دۆسیەی تاوانی دوژمنکاری روسیا بۆسەر ئۆکرانیا ببینێت لەئێستادا، چونکە بۆئەوەی دادگا بتوانێت دۆسیەی تاوانێک ببینێت دەبێتت بە میکانیزمێک دەستەڵاتی پێبدرێت کە، یان لەلایەن دەوڵەتەکەوە، یان داواکاری گشتی دادگا خۆی، یان ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئۆکرانیا ئەندام نییە لە دادگای ناوبراوداو بەشێوەیەکی کاتیش تایبەتمەندی دادگای قبوڵنەکردووە، بۆیە دادگا ناتوانێت دۆسیەی تاوانێک ببینێت کە لەسەر خاکی ئۆکرانیادا روویداوە یان لەلایەن هاووڵاتییەکانییەوە ئەنجامدراوە. بەهۆی ئەندامیەتی هەمیشەی روسیا لەئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی و مافی ڤیتۆ، ئەنجومەنی ناوبراویش ناتوانێت دۆسیەی تاوانەکە بگەڕێنێتەوە، چونکە لەئەگەری وەها کۆبوونەوەیەکدا، بەدڵنیاییەوە روسیا پڕۆژە بڕیارەکە ڤیتۆ دەکات. هەرچی داواکاری گشتی دادگاشە، دەسەڵاتی گێڕانەوەی دۆسیەی تاوانەکان لەدەوڵەت و ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرێت. بەکورتی هێرشی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەدڵنیاییەوە تاوانی دوژمنکاری پیکدەهێنێت و تاوانەکە دەچێتە ناو لیستی تاوانەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام میکانیزمێک نییە بۆ گێڕانەوەی دۆسیەکە بۆ بەردەم دادگای ناوبراو. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار