فرانتس کافکا.. نامە بۆ باوک
6 ساڵ لەمەوپێش
حەسونە ئەلمسباحی
شوان ئەحمەد کردویەتی بەکوردی
لەمانگی تشرینی دوەمی 1919، فرانتس کافکا کە لەو کاتەدا تەمەنی 36 ساڵان دەبێت، نامەیەک بۆ باوکی دەنوسێت. نامەیەک کەدواتر دەبێتە دیکۆمێنتێکی ئەدەبی قەشەنگ، بۆ تێگەیشتن لەکارەکتەری ئەو نوسەرە قورس و ئاڵۆزە. بەر لەوە کافکا نۆڤلێتی (بەدگۆڕان)ی نوسیبوو کەساڵی 1915 بڵاوکرابووەوەو تیایدا بەزەق و زۆپی باس لەدڵڕەقی باوک دەکات، دەرهەق بەکوڕەکەی کەوەردەگۆڕێت بۆ دەعبایەکی قێزەون.
کافکا سێ دانە جار هەوڵی هاوسەرگیری دەدات، وەلێ تێکڕای هەوڵەکانی لەو پێناوەدا شکست دێنێت. بەهۆی ئەو پەتا ئیسپانیەی لەساڵی 1918 بڵاودەبێتەوە، ناچاردەبێت بگەڕێتەوە ماڵە باوانی، چونکە ناتوانێت بەتەنها بژی. ئەوەش لەگەڵ خواستی بۆ سەربەخۆيی و بەئازادى ژیان، یەک نەدەهاتەوە. هەروەها نەشدەگونجا لەگەڵ ئەو خەونەی، ماوەیەکی زۆر لەهەوڵی بەدیهێنانیدابوو کەبریتی بوو لەکۆچکردن بۆ فەلەستین.
بەرلەوەی (نامە بۆ باوک) بنوسێت، لەیاداشتەکانیداو لەبەرواری شەشى تەمموزی 1919 دەڵێت: (یەک بینە هەمان ئایدیاو هەمان حەزو هەمان ترس. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا من زۆر لە جاران ئارامترم، وەک ئەوەی وەرچەرخانێکی گەورە بەڕێوەبێت و منیش لەدورەوە هەستی پێدەکەم).
لەپێنجى کانونی یەکەمی هەمان ساڵیشدا دەنوسێت: (واجارێکی دیکە بەناو هەمان خەنەکی ترسناک و تەنگەلان و دورودرێژدا پەلکێش دەکرێم، خەنەکێک کەمرۆڤ تەنها لەخەودا دەتوانێت بیبڕێت. وەلێ بڕینی لەکاتی ئاگاییداو بەویستی خۆم، کاری نەکردەیە).
ساڵی 1918 کافکا دوچاری قەیرانێکی سۆزداری تازەدەبێت و دواجار ئاکامەکەشی، بەئێش و ئازارێکی زۆر کۆتایی دێت. سەروەختێک بۆ چارەسەری نەخۆشی لەئاسایشگەیەک دەبێت، ئاشنایەتی لەگەڵ کیژێکی جواندا پەیدادەکات و کچەکەش ناوی (ژولیا فوهەریسکۆڤا) دەبێت.
دوای ئەوەی ڕێکدەکەون لەسەرئەوەی هاوسەرگیری بکەن، کافکا ترسی لێدەنیشێت و سەرلەنوێ دەستدەکاتەوە بەدادو بێداکردن لەخراپی باری تەندروستی کەڕەنگە ببێتە مایەی مردنی بەگەنجێتی و ئەوەش ببێتە مایەی، شێواندنی ژیانی خانمێکی جوانکیلەی وەک ژولیا.
پێدەچێت ئەو تەنگژە سۆزداریە تازەیە، کافکای هاندابێت ئەو نامەیە بۆ باوکی بنوسێت و تیایدا، هەرچی شتێ لەناخیدا کۆبۆتەوە تا ئەوکاتە، هەڵیڕێژێت و بەیانی بکات. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو نامەیە گرنگترین دیکۆمێنتێکە کەڕەهەندە پەنهان و شاراوەکانی ژیانی کافکامان بۆ ئاشکرابکات.
لەو نامەیەدا باس لەو ڕووداوو بەسەرهاتانە دەکات کە لەتەمەنی منداڵی و لەتەمەنی هەرزەکاریدا، بەسەریداهاتوون و پەیوەندیە سۆزداریە شکستخواردووەکانی وەبیردێنێتەوە، هەروەها ڕاوبۆچونی خۆشی لەبارەی ئایین و ئەدەب و خێزان و پرسگەلێکی دیکە دەخاتەڕوو.
لەمیانەی ئەو نامەیەوە، ئەو ماناو سیمبولانەمان بۆ ڕوندەبێتەوە کەپێشتر نوسیونی، بەتایبەت (بەدگۆڕان). لەو بەرهەمانەدا بەگشتی پەیوەندی ناسەقامگیرو دژواری خۆی، بەباوکیەوە بەدیدەکەین. هەربۆیە لەنامەکەیدا بەباوکی دەڵێت: (لەبەرهەمەکانمدا مەبەستم تۆی. ئاخر من هیچ شتێکی دیکە ناکەم، جگە لەگلەیی و گازندەکردن کەناتوانم لەبەردەمی تۆدا بیانکەم).
کافکا نامەکەی بەمجۆرە دەستپێدەکات: (باوکی ئازیزم، لەم ماوەیەی دواییدا پرسیاری ئەوەت لێکردم: بۆچی باس لەوەدەکەم، گوایە من لەتۆ دەترسم؟ بەڵام وەکو هەموو جارێک نەمزانی چیت جواب بدەمەوە. لەلایەک بەهۆی ئەو ترسەی لەبەردەمتدا دامدەگرێت و لەلایەکی دیکەشەوە، باسکردنی ئەو ترسە وردەکاری زۆری هەیەو منیش ناتوانم ئەوانە بەقسە لە بەردەمتدا دەربڕم. بۆیە کاتێک لێرەدا هەوڵدەدەم بەنوسین وەڵامتبدەمەوە، ئەوا وەڵامدانەوەکەم پڕ کەموکوڕی دەبێت، ئەویش لەبەرئەوەی ترس و دەرەنجامەکانی کاتێک ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم، لێمناگەڕێن و پاشان قەوارەی گەورەیی ئەو بابەتەی دەیخەمەڕوو، لەسەرو بیرەوەری و بیرکردنەوەمەوەیە).
هەر لەپەرەگرافەکانی سەرەتای نامەکەیدا، کافکا ئەوە بەبیری باوکی دێنێتەوە کەچۆن هەرچی جارێک لێی توڕەبووە، پێی وتوە: (وەک ماسی هەڵتدەدڕم). ئەوەش بۆخۆی ڕستەیەکە دڵڕەقی و توندوتیژی باوکمان، بەرامبەر کوڕە بچوکەکەی نیشاندەدات و پێمان دەڵێت، چەند ڕقی لێیبووە. ئاخر لەبەرئەوەی تەنها دەعبایەکی قێزەونە، ئەوا دەبێت بێ هیچ سۆزو بەزەییەک، پێی پێدابنرێت و بپلیشێنرێتەوە.ڕێک و ڕاست وەک گریگۆر سامسا لەنۆڤلێتی (بەدگۆڕان)دا.
بەهۆی ئەو دڵڕەقی و سەختگیریەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، ترس لەناخی کافکادا زیاد دەکات و وای لێدێت، نەتوانێت بەدڵێکی کراوەو بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە، قسە لەگەڵ باوکیدا بکات. کافکا دان بەوەدادەنێت کەباوکی بۆ ئەو نمونەی: (هێزو تەندروستی و بڕوابەخۆبوون و زمان پاراوی و بەدەست و بردی و شارەزایی و سەردەرکردن بووە لەکاروباری ژیان و خەڵک و خوا)دا. ئەمە لە کاتێکدا ئەو وەک منداڵێکی لەڕولاوازو لەش بەبارو ترساوو هەمیشە ڕاڕاو دوودڵ، گەورە دەبێت.
سەروەختێک لەگەڵ باوکیدا دەچن بۆ مەلەوانگە، جیاوازی لەڕادەبەدەری نێوان خۆی و باوکی دەیتۆقێنێ. ئاخر باوکی خاوەن لەش و لارێکی بەهێزو تێکسمڕاو و سنگ پان دەبێت، هەرچی کافکاشە لەڕولاوازو لەش بەبارو سەرو سنگێکی بچوکی دەبێت.
لەبەرئەوانە زۆرترین کات لەکابینەی مەلەوانگەکەدا خۆی گیردەدات، لەترسی ئەوەی لەبەرچاوی خەڵکدا، لەتەنیشت باوکیەوە ڕانەوەستێت. ئەو جەستە بەهێزە وا لەکافکا دەکات بەجۆرێک لەباوکی بڕوانێت: (وەک ئەوەی ستەمکارێک بێت و ڕەوایەتی خۆی لەڕێی هزرەوە نا، بەڵکو تەنها لەڕێی هێزی کارەکتەری خۆیەوە بسەپێنێ).
هێرمان کافکا وەک چۆن ڕقی لەکوڕەکەیەتی، وەها ڕقی لەهاوڕێکانیشی دەبێتەوەو بە(جڕوجانەوەر)و بە(سەگ) ناویان دەبات و بەتوندی هێرشدەکاتە سەریان، بەبێ گوێدانە هەست و سۆزی کوڕەکەی بەرامبەریان. ئەو باوکێک بووە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدابووە، بەوشەی زبرو نەشیاو برینداری بکات. هێرمان کافکا بەتوانج و خوێن ساردیەوە کوڕەکەی دواندوەو بەردەوام فەرمانی پێداوە: (بخۆو دەم نەکەیتەوە، تا لەنان خواردن دەبیتەوە). یان: (خێرا نانەکەت بخۆو خاوو خلیچکی مەکە!!).
لەسەر سفرەی نان خواردن کافکا ناچار دەبێت بەوەی، بێدەنگ بێت و وریای هەر جوڵەو ئەملاولایەکی بێت کەئەنجامی بدات. هەروەها هۆشی بەوەوەبێت چی دەڵێت. لەبەرامبەردا باوکی چی بوێت دەیکات و بەخواستی خۆی قسە دەردەپەڕێنێ، بێ ئەوەی کەس بوێرێت قسە لەقسەیدا بکات.
ئاخر ئەو هەموو شتێکی بۆ هەیەو وەهاش مامەڵە لەگەڵ کوڕەکەیدا دەکات، وەک چۆن ئاغایەک لەگەڵ کۆیلەیەکدا هەڵسوکەوت بکات!! بەهۆی ترسی زۆری لەباوکی، کافکا قسەکردنی بیردەچێتەوە. هەرچی جارێک هەوڵدەدات قسەی لەگەڵدا بکات، دەشڵەژێت و دەموپلی بەیەکدادێت.
کافکا باوکی تاوانبار دەکات بەوەی، ئەو باعیسی شکستخواردنی هەموو هەوڵەکانیەتی بۆئەوەی هاوسەرگیریی بکات، لەبەرئەوەی نایەوێت سەربەخۆبێت و ئازادانە کاروباری ژیانی خۆی بەڕێبکات، بەڵکو هەوڵی ئەو بۆئەوەیە هەر پاشکۆبێت و نەتوانێت بێ پرس و ڕاکردن پێی، پەنجە بەئاوادا بکات.
کافکا ڕووی دەمی دەکاتە باوکی و دەڵێت: (لەنێوانی من و تۆدا شەڕی ڕاستەقیە ڕووی نەدا، گەر ڕووی بدایە، ئەوا دەستبەجێ هێزو هەرەکەتم نەدەما. هەربۆیە بەردەوام ڕامدەکردو خۆم دەخواردەوەو نائومێدی و خەم و ناسۆرەکانم دەشاردەوەو لەگەڵ خۆمدا بەشەڕدەهاتم).
ڕەخنەگران هاوڕان لەسەر ئەوەی (نامە بۆ باوک)، دەتوانێت ڕووە جیاوازو زۆر ئاڵۆزەکانی (چیرۆک و ڕۆمانەکانی) کافکا ڕۆشن بکاتەوە. ئاخر ئەوە هەرتەنها نامەیەک نیە ئاڕاستەی باوکێکی دڵڕەق و سەختگیر کرابێت، بەڵکو هاوکات ڕوی لەو خوێنەرەشە کەخۆی لەدنیایەکی نامۆو پڕتەلیسمدا، وەک وێڵگەردو وبنویەک دەبینێتەوە.
وەک ئەوەی کافکا ویستبێتی ئامۆژگاری خوێنەران بکات، بەرلەوەی دەست بەخوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبیەکانی بکەن (لەچیرۆک و ڕۆمان)، بچن (نامە بۆ باوک) بخوێننەوە.