كۆنگرەی هەدەپە بەبەشداری 50 هەزار كەس دەستیپێكرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
كۆنگرەی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بە بەشداری 50 هەزار كەس دەستیپێكرد و زیاتر لە سەد شاندی نێودەوڵەتی بەشدارن لە كۆنگرەكەدا.
ئەمڕۆ، یەكشەممە 3ی تەموزی 2022، پێنجەمین كۆنگرەی گەورەی ئاسایی هەدەپە لە هۆڵی وەرزشی لە ئەنقەرە بە دروشمی "ئێمە چارەسەرین، بەڵێنمان هەیە" دەستیپێكرد.
نزیكەی 50 هەزار كەس بەشداری كۆنگرەكە دەكەن و زیاتر لە سەد شاندی بیانی و پارتە توركی و كوردییەكان بەشدارن، جگە لە مەهەپە، ئاكەپە و پەدەكە.
هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو لە كەساتی سیاسی، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و ڕێكخراوەكانی ژنان بەشدارن.
سەرەتای كۆنگرەكە بەخولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێكرد، پاشان دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرە هەڵبژێردران، كە لە پێنج كەس پێكهاتوون و سێ ژن و دوو پیاون.
مەحفوز گولەریوز، هاوسەرۆكی كاروباری ڕێكخستنی هەدەپە لە وتەیەكدا لەبەردەم ئامادەبووانی كۆنگرەكەدا وتی:" بەڵێن دەدەین ناوەندی فاشیزمی ئەنقەرە بگۆڕین بۆ ناوەندێكی دیموكراسی".
لە كۆنگرەكەدا هەزار و 50 ئەندام مافی دەنگدانیان هەیە و یەك ڕۆژ دەخایەنێت، تێیدا جگە لە هەڵبژاردنی هاوسەرۆكانی گشتیی هەدەپە، ئەنجومەنی هەدەپەش هەڵدەبژێردرێت.
هاوكات لە كۆنگرەكەدا بڕیارە دەستەیەكی ڕاوێژكاریی گەورە پێكبهێنرێت، كە نووسەران و ڕۆشنبیران و هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی بازنە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت.