وەزیرێكی كابینەی نۆیەم دوو تریلۆن دینار خەرج دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن ئاشكرای دەكات بڕی دوو تریلۆن دیناریان بۆ 121 پرۆژە خەرج كردووەو دەشڵێت:" لەو گوژمەیە 854 ملیار دینارمان بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبان خەرج كردووە كە بەرهەمەكەی هەزار و 212 كیلۆمەتر ڕێگاوبان بووە".
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گرنگترین كار و چالاكییەكانی وەزارەتەكەی لەو سێ ساڵەدا دەخاتەڕو.
دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن رایگەیاند: ئەركە سەرەكییەكانی وەزارەت پێكهاتون لە دروستكردنی ڕێگەوبان و پردەكان و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون.
هەروەها دەشڵێت: سەرەڕای ئەو ئەركانە ئێستا وەزارەت لە سەرقاڵی دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی خێرای هاتووچۆ، فڕۆكەخانەیە.
" لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمدا وەكو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە (60) پڕۆژەی ڕێگاوبان لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە (854) ملیار دینار جێبەجێ بكەن، كە بەرهەمەكەی هەزار و (212) كیلۆمەتر ڕێگاوبان بوە و لە ناویدا (92) كیلۆمەتر رێگای یەك ساید و دو ساید و رێگای لاوەكی و گوند و پڕۆژەی دروستكردنی تونێل و پردی گەورەی لەخۆ گرتوە"، وەزیری ئاوەدانكردنەوە وا دەڵێت.
لە بارەی یەكەی نیشتەجێبونەوە وەزیری ئاوەدانكردەوە رایگەیاند: توانیومانە (9) پڕۆژەی بیناسازی و نیشتەجێكردن لەسەر بودجەی وەبەرهێنان بە گوژمەی گشتی (98) ملیار و (500) ملیۆن دینار تەواو بكەین.
دانا عەبدولكەریم باسی لەوەشكردوە، (82) پڕۆژەی بچوك و مامناوەند لەسەر بودجەی ئاسایی بە گوژمەی گشتی دو ملیار (794) ملیۆن دینار بۆ رێگای گوندەكان تەواوكراوە.
هاوكات راشیگەیاند، هەنگاوی یەكەممان ناوە بۆ دامەزراندنی هێڵی ئاسنین لە هەرێی كوردستان، كە لە ئێستادا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە بە هاوكاری چەند كۆمپانیایەكی پسپۆڕی نێودەوڵەتی.
وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە بارەی كۆی گشتی كارەكانی وەزارەتەكەیەوە لە سێ ساڵی رابردودا وتی: بە گشتی (121) پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگاوبان و نیشتەجێكردن بە گوژمەی زیاتر لە دو ترلیۆن دینار ئەنجامدراوە.