كازمی بۆ فەرماندەكانی سوپا: خۆتان بۆ بەرگری كردن ئامادە بكەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرماندە و سەركردە ئەمنیەكانی راسپارد، خۆیان ئامادە بكەن بۆ بەرگریكردن لە خاكی عێراق لەكاتی ئەنجامدانی هەر هێرشێك و ئەكێك كەپێیان دەسپێردرێت.
مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی فەرماندە ئەمنیەكان و كادرە پێشكەوتوەكانی وەزارەتی بەرگری كرد و ستایشی سوپای عێراقی كرد، كە لە پێناو نیشتماندا قوربانیان داوە و رایگەیاند:"حكومەت لە سەرەتای پێكهێنانییەوە، كاریكردوە بۆ پشتیوانیكردن لە سوپای عێراق و بنیاتنانی دامەزراوەی سەربازی، ئەوەی زیاتریش سوپا شایستە دەكات كە ئەركەكانی خۆی لە پاراستنی سنورەكانی عێراق و ژیانی هاوڵاتیان جێبەجێبكات".
هەروەها راشیگەیاند:"ئێمە یەكگرتوین و بڕیارە بەرگری لە وڵاتەكەمان بكەین، ئەركی سوپا ئەوەیە كە رێگر بێت لە هەر هەوڵێك بۆ سازشكردن لەسەر یەكپارچەیی خاكی عێراق".
فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان سەركردە ئەمنییەكانی ئاڕاستە كرد كە لەم قۆناغەدا سەرنج بخەنە سەر هەوڵی هەواڵگری و بەرزكردنەوەی ئاستی مەشق و راهێنانەكان و ئاگاداری و گرنگیدان، "بۆئەوەی یەكەكانی هێزە چەكدارەكان بتوانن ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە ئەنجامبدەن بەمەبەستی شكستپێهێنانی جموجۆڵی تیرۆرستان و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر سەر خاكی عێراق بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانمان".