وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ باڵوێزخانەی توركیا:هێزەكانتان بكشێننەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بۆردومانەكەی دوێنێی سنوری زاخۆ، بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای لە بەغدا كردو یاداشتێكی ناڕەزایەتی توند دەدات و داوایان كرد توركیا سەرجەم هێزەكانی لەنێو خاكی عێراق بكشێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022، وەزارەتەكە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، لەسەر بۆردومانەكەی دوێنێی یەكێك لە هاوینەهەوارە گەشتیارییەكانی زاخۆ، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشتكراوە بۆ وەزارەتەكەیان و یاداشتێكی ناڕەزایەتی توندی دراوەتێ و تێیدا ئیدانەی ئەو تاوانەی هێزەكانی توركیا كراوە كە لوتكەی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی توركیایە بۆ سەر سەروەری عێراق و خاكەكەی و ناكرێت بێدەنگی لێبكرێت.

هەروەها راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دوپاتیكردۆتەوە كە بەغدا هەموو مافێكی خۆی بۆ گرتنەبەری رێكارەكان بەكاردەهێنێت بۆ پاراستنی سەروەری وڵات و سەلامەتی هاوڵاتیانی لەو دەستدرێژییانە"عێراق داوای كردوە سەرجەم هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق بكشێنرێنەوەو كێشەكانی لەناوخۆی وڵاتەكەی چارەسەر بكات بەدور لە سنورەكانی عێراق و ئازار گەیاندن بە گەلی عێراق".

هاوكات لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، داوا لە توركیا كراوە بەشێوەیەكی رەسمی داوای لێبوردن بكات سەبارەت بە تاوانەكەی دوێنێ و قەرەبوی خانەوادەی شەهیدەكان و بریندارانی هێرشەكەش بكاتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار