ئەردۆغان: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانمان بەردەوام دەبێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەنجومەنی ئاسایشی توركیا بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، كۆبونەوەو بەهیچ شێوەیەك باسی بۆردومانەكەی زاخۆیان نەكردووەو جەختكراوەتەوە لەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان بەردەوام دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی توركیا لە ئەنقەرەی پایتەخت بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆبووەوە، سێ كاتژمێری خایاندووە.
كۆبوونەوەكە بەئامادەبوونی یاریدەدەری سەرۆك كۆمار، وەزیرانی داد، ناوخۆ، بەرگری، دەرەوە، سەرۆكی میت، سوپاسالار، فەرماندەیی هێزەكانی ئاسمانی، دەریایی، وشكانی، سوپای یەك و دوو، هێزەكانی تایبەت و ئەندامانی دەستەی شورای سەربازیی، دوور لە چاوی كامێراكان ئەنجام دراوە.
لە راگەیەندراوی كۆتایی ئەنجومەنەكەدا هاتووە "زانیاریی بە ئەنجوومەن درا لەبارەی كۆی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە بەسەركەوتوویی لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجامدراون لە دژی پەكەكە / كەجەكە - پەیەدە/یەپەگە، فەتۆ و داعش كە هەڕەشە و مەترسین لە دژی ئاسایشی نیشتمانیمان، هەروەها پلان و رێوشوێنەكانی داهاتووش خراونەتە بەرباس و لێكۆڵینەوە".
هەروەها ئەوە خراوەتەروو كە "هەڵسەنگاندن بۆ بابەتی لووتكەی سەركردەكانی ناتۆ لە مەدرید كراوە و بانگهێشتی هاوپەیمانەكانمان لە ناتۆ كراوە لە بەرەنگاربوونەوەی فەتۆ و پەكەكە / كەجەكه - پەیەدە/ یەپەگەدا لەپاڵ توركیادا بن".