لایەنگرانی سەدر لە شەقامن و چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێت: سورین لەسەر هەنگاوەكانمان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خۆپیشاندانی لایەنگرانی موقەتەدا سەدر لە شاری بەغداد بەردەوامەو تا بێت ژمارەی خۆپیشاندەران زیاتر دەبێت و دژی هەنگاوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ پێكهێنانی حكومەت و دەڵێن چاوەڕوانی فەرمانی سەدر دەكەن.
لەچەند رۆژی رابردوودا خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر دژی كاندیدكردنی محمد شیاع سودانی كاندی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ئێستا داواكارییەكانیان بەرزكردوەتەوەو دەڵێن: رێگەنادەین چوارچێوەی هەماهەنگی حكومەت پێكبهێنێت.
هاوكات رەفیق ساڵحی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: "ئێمە كاندیدی خۆمان (محمد شیاع سودانی) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناگۆڕین"، و وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە كورد دەكات لە هەفتەی داهاتوودا لەسەر یەك كاندید رێكبكەون بۆ تێپەڕاندنی پۆستی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت".
هاوكات شیروان دووبەردانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە عێراق رایگەیاند: " بە دوو كاندیدی سەرۆك كۆمار ناچینە ناو هۆڵی پەرلەمان و مەسعود بارزانی بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەك سینارێوی 2018 دوبارە نابێتەوە".