چوارچێوەی هەماهەنگی: ڕێگا بە كودەتا لەدژی شەرعییەت نادەین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
چوارچێوەی هەماهەنگی وەڵامی موقتەدا سەدر دەداتەوە كە داوای شۆڕشی لە خۆپیشاندەران كردووە و هاوكات داوا لە سەرجەم لایەنەكان بە تایبەتیش لە ڕەوتی سەدر دەكات بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن.
چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت:" دۆخەكە خەریكە سەردەكێشێت بۆ كودەتا بەسەر شەرعیەتی دەستوور و هەڵبژاردندا". هەروەها ئاماژە بەوەشدەكات، "ئەم دۆخەی ئێستا كودەتا خوێناوییەكان بەبیر دەهێنێتەوە".
ئاشكراشیدەكات: داوای گفتۆگۆ لە سەرجەم لایەن و هێزە سیاسییەكان بە تایبەت برایانی رەوتی سەدر دەكەین".
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەنراوەكەیدا باس لەوەشدەكات: " بەداخەوە پەرەسەندنی گرژییەكان گەیشتۆتە ئاستێك بانگەوازی كودەتا بەسەر گەل و دەوڵەت و دامەزراوەكانی دەكرێت و ئەمە كودەتایە بەسەر شەرعییەت و دەستووردا كە زۆرینەی رەهای گەل دەنگی پێداوە".
جەختیش لەوەكردەوە: " گەلی عێراق بەمە رازی نابێت، ئەمە داوای یەك هێزو كوتلەی سیاسییە كە نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق ناكات و ئێمە لەگەڵ گەلی عێراقین، بەرگری لە مافی هاونیشتمانییان و شەرعییەتی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسی دەكەین".
راشیگەیاند: "هەر كەس و لایەنێك ڕاو پرۆژەی هەیە بۆ هەمواری دەستوور رێگەپێدراوە لە چوارچێوەی دەستووردا پێشكەشی بكات".