ڤیان سەبری: دژی هەموارکردنی دەستووری عێراق نین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەلێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی پارتی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە پارتی دژی هەمواری دەستووری عێراق بێت و ڕایدەگەیەنێت: "ئەوان دژی هەموارکردنی دەستوور نین، بەڵکو هەمواری دەستوور رێگەی یاسایی خۆی هەیە".
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کەناڵی (رووداو)ی ڕاگەیاندووە: "ئەگەر دۆخی بەغدا بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەگەر هەیە خۆپێشاندانەکان بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن، سەرکردە شیعەکان هەموویان داوای گفتوگۆ دەکەن و دەستبردن بۆ شەڕ و خوێنڕشتن رەتدەکەنەوە، کەچی لە هەمانکاتدا هەموویان لەسەر ویست و داخوازییەکانی خۆیان پێداگرن و پاشەکشێ لە خواستەکانیان ناکەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بەدووری دەزانێت ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت و دەڵێت: "هەموو دەزانین ئەوەی لە بەغدا روودەدات کێشەی کەسی نێوان مالیکی و موقتەدا سەدرە و پەیوەستە بە ناوماڵی شیعەوە، بەڵام ئەگەر هەرێمی کوردستان بە بەغدا بەراورد بکرێت، ئێرە لەچاو عێراق بەهەشتە و ناوچەکەمان تاوەکو ئێستا ئارامە و دۆخی ئەمنی جێگیرە، بۆیە دۆخی بەغدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رەتیکردەوە کە ئەوان دژی هەموارکردنی دەستوور بن و دەڵێت: "ئێمە دژی هەموارکردنی دەستوور نین، بەڵکو هەمواری دەستوور رێگەی یاسایی خۆی هەیە و ساڵی 2019 دوای خۆپێشاندانەکان لیژنەیەک پێکهێنرا و شەش ئەندامی ئەو لێژنەیە کورد بوون، بەڵام ئێستا کە باس لە گۆڕینی دەستوور دەکەن، هاوتەریب دەیانەوێ سیستمی سیاسیی لە پەرلەمانییەوە بگۆڕن بۆ سەرۆکایەتی، ئەو تێڕوانینەش پێویستە هی هەموو لایەنە عێراقییەکان بێت نەک یەک لایەن بەتەنیا."
لەبارەی هەڵوێستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، د. ڤیان سەبری دەڵێت: هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق کرا و ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئێستا دەیبینین، ئەگەر جارێکی دیکە هەڵبژاردن بکرێتەوە و ئەنجامەکەشی هەر ئەوە بێت، هەمان لایەنی سیاسیی و یاسا و دەسەڵاتە لەسەرکاربن، ئەی چی دەگۆڕدرێت.