ئایا عێراق بودجه‌ی سێ ساڵ به‌یه‌که‌وه په‌سه‌ند ده‌کات...؟
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، سه‌باره‌ت به پەسەندكردنی بودجەی زیاتر لە ساڵێكی دارایی بۆ عێراق ڕوونکردنه‌وه ده‌دات، هاوكات ئاماژەی بە مەرجەكانی جێبه‌جێکردنی بڕیارێکی له‌و جۆره كرد.
له‌و باره‌یه‌وه مەزھەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق به ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراقی ڕاگه‌یاندووه: "لە یاسای هەمواركراوی بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019 ئاماژە بە پەسندكردنی بودجەی گشتی دەكات لەسەر بنەمای ساڵانە، بەو پێیەی ئەو رەشنووسە یاسایەی كە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران وەک یاسایەک کە پێی دەوترێت یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی.
هاوکات ئاماژە بەوەشدەکات کە"عێراق ستراتیژێك دەگرێتەبەر بۆ بودجەی گشتی كە بۆ سێ ساڵی داهاتوو درێژدەبێتەوە و هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرەكانی پلانی گەشەپێدانی ئابووری ئەو وڵاتە، بەڵام ساڵانە هەمواردەکرێتەوە .
وتیشی " پێشنیارێک ھەیە کە بودجەی گشتی بۆ زیاتر لە ساڵێکی دارایی پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای کاریگەرانەی بەڕێوەبردنی دارایی هەیە، وازهێنان لە بودجەی ساڵانە و گۆڕینی شێوازەکانی بودجە کە بۆ ژمارەیەک ساڵ پەسەند دەکرێن.
روونیشیکردەوە کە "پێشنیاره‌كه له ئه‌زموونه داراییه‌كانی جیهاندا جێبه‌جێ نه‌كراوه، بۆیه پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌كێك له رێكخراوه داراییه نێوده‌وڵه‌تییه فره‌لایه‌نه‌كان، كه عێراق ئه‌ندامه‌تی ئه‌و پرسه تاوتوێبکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی دیراسە بكرێت به گوێره‌ی ئه‌و بیرۆکه‌یه و سیستەمی پەسەندکراو لە دارایی گشتی و بەکارهێنانە جیهانییەکانی و بۆ هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە یاساییەکان ، ھەروەھا حیساباتی پەیوەست بە بنەماکانی حوکمڕانی بودجەی گشتی لەم جۆرە.