چاوشئۆغڵو: پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا ڕێکبکه‌ون

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کۆتا رۆژی سێزدەهەمین کۆنفرانسی باڵیۆزەکانی تورکیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگه‌یاند: "بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی سووریا پێویستە دەسەڵاتێکی بەهێز لە سووریا هەبێت. ئەو ئیرادەیەی کە دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەر بستێكی خاكه‌كه‌یدا هەبێت تەنها بە یەكێتی و پێکەوەبوون دەبێت".
به‌پێی هه‌واڵێک که‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی تورکی بڵاویکردۆته‌وه‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ڕایگه‌یاندووه‌:"تورکیا لە سووریا بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڵام شێوازی ئاستانا بۆ چارەسەری دیپلۆماتی و سیاسی لە سووریا لە ئارادایە"وتیشی: "پێویسته‌ ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا بسازێنین. بە پێچەوانەوە ئاشتییەکی هەمیشەیی بوونی نابێت، هەموو کات ئەمە دەڵێینەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوه‌ی ئایا بەدەر لە پەیوەندیی هەواڵگری پەیوەندیی راستەوخۆی دیپلۆماتییان لەگەڵ سووریادا هەیە یان نا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی لەوە کرد کە پێشتر کۆبوونەوە لە نێوان ده‌زگا هەواڵگرییەکاندا هەبووە بەڵام دواتر ئەمەش پچڕاوه‌ و رایگه‌یاند:"ئێستا دووبارە دەستی پێکردووەتەوە. لە ئەنجامدا لەم کۆبوونەوانەی نێوان ده‌زگا هەواڵگرییەکاندا بابەتی زۆر گرنگ دەچنە رۆژەڤەوە. من لە کۆبوونەوەی وڵاتە بێلایەنەکان لە بەلگراد، لە کاتی قسەکردنم لەگەڵ وەزیرەکانی دیکە، بە سەرپێوە گفتوگۆیه‌كی کورتم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کرد. لە پەراوێزی ئەو کۆبوونەوەیەدا پێش نان خواردن. لە ئەنجامدا لەوێ هەروەکو پێشتر گوتم، تاکە رێگای دەربازبوونی ئەو وڵاتە رێککەوتنی سیاسییە. پێویسته‌ له‌ تیرۆریستان پاکبکرێته‌وە. هەر کێیەک بێت و ناوی هەرچییەک بێت لەلایەکی دیکەوە دەبێت ئاشتییەک لە نێوان سوورییە ئۆپۆزسیۆنەکان و رژێم هەبێت، وەکو تورکیاش ئەوەمان راگەیاند کە پاڵپشتیی دۆخێکی له‌وشێوه‌یه‌ دەکەین".
مه‌ولود چاوشئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد کە ئەگەر یەکێتی و پێکەوەبوون لە سووریا نەبێت، ئەوا رووبەڕووی دابەشبوونی سووریا دەبنەوە و گوتی:"تاکە ئامانجی یەپەگە دابەشکردنی سووریایە. بۆ رێگرتن لە دابەشبوونی سووریا پێویستە دەسەڵاتێکی بەهێز لە سووریادا هەبێت. ئەو ئیرادەیەی کە دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەر شوێنێکی خاکەکانی هەبێت تەنها بە یەكێتی و پێکەوەبوون دەبێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار