به‌هۆی به‌کارهێنانی وێنه‌که‌ی وه‌ک ڕیکلامێک بۆ قه‌ڵه‌وی، خانمه‌ ئه‌کته‌رێکی عێراقی سکاڵای له‌سه‌ر گۆڤارێکی به‌ریتانی تۆمارکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

به‌هۆی ئه‌وه‌ی وێنه‌که‌ی وه‌ک ڕیکلامێک بۆ قه‌ڵه‌وی به‌کارهێنراوه‌، خانمە ئەکتەرێکی عێراقی سکاڵای له‌سه‌ر گۆڤاری The Economistی به‌ریتانی تۆمارکرد.

بەپێی هەواڵی کەناڵی ئەلعەرەبیە، ئیناس تاڵیب کە یەکێکە لە خانمە ئەکتەرە ناسراوەکانی عێراق، لە بەریتانیا دەست دەکات بە رێوشوێنی یاسایی دژی گۆڤاری The Economist چونکه‌ له‌یه‌کێک لە بابەتەکانیدا بە ناونیشانی "بۆچی لە جیهانی عەرەبیدا ژنان لە پیاوان قەڵەوترن؟" وێنه‌که‌ی به‌کارهێنراوه‌ وه‌ک ڕیکلامێک بۆ قه‌ڵه‌وی، ئه‌و خانمه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و کاره‌دا ده‌ڵێت: "تەندروستم و دڵخۆشم بە چۆنیەتی دەرکەوتنم. ئەوە تەنها شتێکە کە بۆ من گرنگە".

ئه‌و خانمه‌ ئه‌کته‌ر ئاماژەی بەوە کردووە، گۆڤارەکە وێنەکەی ئەوی بەبێ مۆڵەت وەگرتن و بۆ مەبەستی خۆی بەکارهێناوە، ئەوەشی خستەڕوو کە بەکارهێنانی وێنەکەی لە بابەتەکەدا پێشێلکردنی تایبەتمەندییەکانی بووە,ئەو خانمە عێراقییە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا پارێزەرە بەریتانییەکەی باس لە "سکاڵاکەی دژی گۆڤارەکە" دەکات.

دواجار لە لێدوانێکدا بۆ گۆڤاری New Lines ، ئیناس تاڵیب رایگەیاندبوو: "داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە مەعنەوی و کۆمەڵایەتییە دەکەم کە بەهۆی ئەم رووداوەوە پێمگەییشتووە".ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ وێنەی خانمه‌که‌ نۆ مانگ پێش ئێستا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بابل لە عێراق گیراوە.
ئیناس تاڵیب ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ساڵانێکە لەلایەن هەوادارانییەوە بەرز دەنرخێنرێت، کارێکی لەو شێوەیە کە لەلایەن گۆڤارێکی نێودەوڵەتییەوە دژی ئەنجامدراوە بووەتە هۆی نائومێدبوونی.

لە کۆتایی مانگی رابردوودا لە گۆڤاری The Economist لە بابەتێکدا لە ژێر ناونیشانی "بۆچی لە جیهانی عەرەبیدا ژنان لە پیاوان قەڵەوترن؟" بڵاوکرابووەوە، بانگەشەی ئەوە کرابوو کە ژنانی عەرەب بەهۆی هەژاری و بارودۆخی کۆمەڵایەتییەوە لە ماڵەوە کات بەسەر دەبەن و بەو هۆیەوە کێشیان لە پیاوانی عەرەب زیاترە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار