سەقەتی بیر یان سەقەتی حیزبایەتی؟
2 ساڵ لەمەوپێش
دلشاد تالەبانی
لە دەیەی یەک و دووەمی سەدەی ١٩ کۆمەڵەو سەندیکاکان دامەزران . دامەزراندنی حیزب وەک شێوە سەرەتایەکەی جولانەوەی شارتی بوو لە ١٨٣٩ لە لایەن روبرت ئۆین لە سەر بنەمای هەرەوەزی.
پارتی سیاسی نۆی لە چلەکانەوە دامەزرا ، یەکێک لەوانە کۆمەڵەی کۆمونیست بوو، کە مارکس و ئەنگلز بنەمای فیکریان دارشت بە ناوی ( مەنەفیستی پارتی کۆمونیست ) لە ١٨٤٨.
لەو کاتەوە ٢ تێزی حزبی هاتە کایەوە کە ململانی یەکیان دەکرد، لە ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم و دووەمیش ناکۆکی و بەربەرەکانیان بەردەوام بوو. یەکەم بە ناوی لیبرال، دیموکراتخواز، سۆسیال دیمکرات ، تەنانەت لە ناو بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیش، کە حیزب و بیرولایەنی تریشی قەبوڵ بوو تەنها خۆی بە نوینەری میللەت یان چین نەدەزانی . بروای بە حوکمڕانی لە سەر بنەمای هەڵبژاردن و سیستەمی پەرلەمانی و رادەستکردنی دەسەڵات هەبوو وبراوی بە کودەتاو دەسەڵات گرتنەدەست بە زەبر نەبوو. کە لە ئەوروپا ( زۆرینەی ئەوروپا پاش داڕوخانی سیستەمی سۆڤێتی)، چەند وڵاتی ئاسیاو ئەمریکای باکورو ئەمریکای لاتینی پەێڕەو دەکرێت.تێز و بیر ولایەنێکی تر کە تەنها خۆی بە پێشەگ و پێشڕەو وسەرکردەی گەل دەزانێت ( الحزب الطلیعی – القائد) کە لایەنی تر قەبوڵ ناکات یان بە پاشخان ( تابع)ی خۆی دەزانێت . هەموو حیزبە کۆمونیستەکان ، بە سوود وەرگرتن لەوان ، حیزبە ناسێۆنال و ناسیۆنال سۆسیالیستەکان ( نازی و فاشی) لە سەر ئەو بناغەیە دامەزراون . یان دەبێت ملکەچ وفەرمانرەوایی ئەوانی قەبوڵ بێت،یان پاکتاو دەکرێن . تەنانەت لە سەردەمی نوێ کۆمەڵێک حزبی ئیسلامیش دامەزراون کە هەر پشتیان بەو پرنسب وبنەمایە بەستوە ( قاعدە، تالیبان، داعش ، سیستەمی ئیران، حزب اللە ، کۆمەڵێک لە حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان و عیراق و تورکیا و ناوچەکە ) . بۆیەش لە سەر ئەو بنەمایە هەڵسووکەوت دەکەن، گەر بە رەواڵەتیش ئیدعای تر بکەن . یان دەبێت بیبەنەوە ودەسەڵاتیان هەر لە دەستدا بێت ، یاخود شەڕکردن و قەڵاچۆکردنی نەیاران، بۆیەش زۆرینەیان میلیشیای چەکداریان هەیە . ئەگینا ئەوەی ئەوانەی تری قەبوڵ بێت و بڕوای بە رادەستکردنی دەسەڵات هەبێت ، پێویستی بە میلیشیا وچەکدار نیە .
حیزبە کۆمونیستەکان و نازیەکان بە ئاشکرا ئامادەی دروستکردنی حزبی تر و رادەستکردنی دەسەڵات نەبوون و نین ، کە باسی هەڵبژاردنیش دەکەن، دەبێت لە خەڵکی هەمان حیزب و بە تایبەتی ئەوانەی وەلائیان بۆ سەرکردەکان هەیە وکاندیدی ئەوانن ( وڵاتانی بەرەی سۆڤێتی کۆن، چین، کوریای باکور، بەعس ، ئێران ، سوریا ، لیبیای سەردەمی قەزافی ، میسری سەردەمی ناسرو ئیتحاد اشتراکی و چەندین شوێنی تر).
لە کوردستانیش حیزبەکان لە سیەکان وچلەکانی سەدەی ٢٠ دامەزراون ، زۆربە پشتیان بە ٢ بنەما بەستوە. یەکەمیان بیرۆکەی خێڵەکی و سەرۆک خێڵ( سەرۆکەکانیشیان لە زۆربەدا نەگۆڕاون) . دوومیش بنەمای بیرۆکەی پارتی پێشڕەوو پێشەنگ و سەرکردە. لە بنەرەتدا هەموو لەوە سوودیان لە پارتە کۆمونیستەکان و نازیەکان وەرگرتوە، بۆیە (نە لە ناوخۆ و نە لە دەرەوی خۆشیان بیری جیاوازیان قەبوڵ نەبوە و ناکۆکیەکانیان لە زۆربەدا بە زەبر و چەک لابەلا کردوە)، هەر لە باشور تا باکور و رژهەڵات و رۆژئاواش ، مێژووش شایەدی ئەوەیە . گەر بەرامبەریشیان بە رەواڵەتی قەبوڵ بوبێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەیان قەبوڵ نەبوە،ئەوەش تا ئێستا بناغەی سەرەکی زۆر لە لاوازیەکانی جولانەوەی کوردە لە هەموو پارچەکان .
هەموو وا بیردەکەنەوە( پارتی ، یەکێتی، حیزبە ئیسلامیەکان گەر توانایان هەبێت، گۆڕان ، تەنانەت شاسوارو نەوەی نوێش) . سەد جاریش لە هەولێر و دهۆک ، یان لە ناوچەکانی سڵێمانی وگەرمیان لایەنی تریش بیبەنەوە دەسەڵات رادەست ناکرێت.
ئێستا لە عیراق، ئێران ، سوریا، لیبیا ، روسیا، بلاروس ،تورکیا و زۆر وڵاتی تریش هەڵبژادن یان ساختەکاری تێدا دەکرێت، یان نەیارەکان بە شێوەیەک لەناو دەبرێت، یاخود هێز و زەبری راستوخۆ بەکار دێت. لە کوردستانیش ئەوە بە زەقی لەبارچاوەو ئەوەی توانا و ئیمکانیاتی هەبێت هیزی چەکداری دروست کردوە . گەر وا نەبێت هەر لایەی هێزی بۆ چیە؟ با هەموو دەزگا سەربازی و ئەمنیەکان هی دەوڵەت و حکومی بن ، نەوەک هی لایەنەکان. تا ئەو بارەش بەردەوام بێت، لەو وڵاتانە جێگیری بەدی ناکرێت، گەندەڵی ، هەلپەرستی ، بەفیڕۆدانی سامانی گشتی ، نەبونی خزمەتگوزاری بەردەوام دەبێت ودەسەڵات هەردەم ئامادەیە بۆ داپۆشینی قەیرانە ناوخۆیەکان ، قەیران و شەڕی دەرەکی دروست بکات، ئەنجامەکەی هەرچیش بێت. بۆ کورد کارەساتئامیزتەرە ،لە بەر ئەوەی دەوڵەت و کیانی سەربەخۆی نیە و هەردەم لە لایەن دوژمنەکانەوە بە ئاسانی بەکار دێت.