ئەمریکا: هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا، زیانی بە شەڕی دژی داعش گەیاندووە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، دەورییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هەسەدە دژی داعش کەمبوونەتەوە و وتی، " هێرشەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا، زیانی بە شەڕی دژی داعش گەیاندووە.

پاتریک ڕایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کرد و ئەوەی خستەڕوو کە هێرشی زەمینی دەستکەوتەکانی دژی داعش دەخاتە مەترسییەوە.

ڕایدەر لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانەکاندا وتی، ژمارەی دەورییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هەسەدە دژی داعش کەمبوونەتەوە. ئەمریکا داوای دانبەخۆداگرتن لە تورکیا دەکات، لەبەرئەوەی بەردەوامی ئۆپراسیۆنەکان و بە تایبەتی ئۆپراسیۆنی زەمینی، کاریگەری زۆر خراپ لەسەر شەڕی دژی داعش دروست دەکات و ئەوەش کاریگەری نەک لەسەر ناوچەکە، بەڵکو لەسەر جیهانیش هەیە. لە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیادا، دوو جار مەترسی راستەوخۆ لەسەر هێزەکانی ئەمریکا دروست بوو.

تورکیا بارەگایەکی هاوبەشی دژە تیرۆری رۆژئاوا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشی لە باکوری حەسەکە بە درۆن بۆردومان کرد و بۆمبێک ١٣٠ مەتر لە نزیک بارەگایەکی دیکەی ئەمریکا لە حەسەکە کەوتە خوارەوە.

بەگوێرەی ئەو بڕیارەی کە لەساڵی ٢٠١٩دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا دەریکرد، بەشێکی زۆر لە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان کشانەوە و لە ئێستادا بەتەنیا ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی لەو بەشەی کوردستان ماون کە زیاتر ئەرکی راوێژکاری سەربازیان لە ئەستۆدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار