مه‌ستوره‌ى ئه‌رده‌ڵانى ده‌کرێته‌ زنجیره‌ى ته‌له‌فزیۆنى

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

زنجیره‌  ته‌له‌فزیۆنى ژنه‌ شاعیرى کوردو مێژوونووس (مه‌ستووره‌ ئه‌رده‌ڵان) له‌لایه‌ن پووران دره‌خشه‌نده‌وه‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت.
عه‌لى دارابى، جێگرى کاروبارى پارێزگاکانى ڕێکخراوى ده‌نگ و ڕه‌نگى حکومه‌تى ئێران له‌وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵى «ئیسنا» ڕایگه‌یاند  »دروستکردنى زنجیره‌ى مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان له‌لایه‌ن پووران ده‌رخشنده‌وه‌ دروستده‌کرێت و ناوبراو ‌سه‌رقاڵى نووسینى فیلمنامه‌ى ئه‌و زنجیره‌یەیە‌«.
ناوبراو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که‌هه‌واڵى دروستکردنى زنجیره‌ى مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان به‌م زووانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ.
ماه‌ شه‌ره‌ف خانم قادرى (مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان) شاعیرو نووسه‌رو یه‌که‌م ژنى مێژوونووسى جیهانه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ى ئه‌رده‌ڵانه‌کانى سنه‌یه‌ که‌ساڵى (١٨٠٥ى زایینى ) له‌شارى سنه‌، ناوه‌ندى حکومه‌تى ئه‌رده‌ڵانه‌کان له‌دایکبووه‌و له‌سه‌رده‌مى خۆیدا، ژنێکى چالاک و ناودار بووه‌و ژنى خوسره‌و خانى والى سنه‌ بووه‌، ساڵى 1848ز  له‌ته‌مه‌نى (44) ساڵیدا کۆچى دوایى کردووه‌و له‌گۆڕستانى گردى سه‌یوان له‌شارى سلێمانى نێژراوه‌.
مه‌ستووره‌ ئه‌رده‌ڵان شاره‌زاى زمانه‌کانى کوردی، فارسى و عه‌ره‌بى بووه‌و له‌ماوه‌ى ژیانیدا به‌دوو زمانى کوردى و فارسى شیعرى نووسیوه‌. شیعره‌کانى  مه‌ستووره‌ نزیکه‌ى (20) هه‌زار به‌یت ده‌بێت، به‌ڵام زۆربه‌ى  شیعرەکانی لەناوچوون و تەنیا دوو هەزار بەیتێکی ماوەتەوە کەساڵی (١٩٢٦ز)، میرزا ئەسەدوڵڵا خانی کوردستانی، سەرۆکی فەرهەنگی سنە، لەتاران چاپیانی کردووە.
مه‌ستوره‌ جگه ‌له‌وه‌ى شاعیربووه‌ ، هه‌روه‌ها مێژوونووسێکى به‌ناوبانگیش بووه‌، مێژووى بنه‌ماڵه‌ى ئه‌رده‌ڵانیشى نوسیوه‌ته‌وه‌. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار