(گۆگۆڵ، دامه‌زرێنه‌رى ڕیالیزمى ڕه‌خنه‌یى له‌ئه‌ده‌بدا) بڵاوکرایه‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حه‌مه‌که‌ریم عارف، نووسه‌رو وه‌رگێڕ له‌دوایین پرۆژه‌ى وه‌رگێڕانى خۆى که‌وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانى کوردى بریتیه‌ له‌کتێبێک سه‌باره‌ت به‌نووسه‌رى ڕووسیایى «گۆگۆڵ»، دامه‌زرێنه‌رى ڕیالیزمى ڕه‌خنه‌یى له‌ئه‌ده‌بدا.
هه‌وڵێکه‌ بۆ ناساندنى ئه‌م نووسه‌ره‌و دونیاى نووسین و بیرکردنه‌وه‌و کارکردنی، که‌یه‌کێکه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانى ڕیالیزمى ڕه‌خنه‌یى و به‌شاکارگه‌لى وه‌کو «پاڵتۆ» و «تاراس بوڵباس»، بناغه‌ى ئه‌و جۆره‌ له‌ئه‌ده‌بى دامه‌زراند.
کتێبه‌که‌ به‌ناوى (گۆگۆڵ دامه‌زرێنه‌رى ره‌خنه‌ى ریالیزم)ه‌. یه‌کێکه‌ له‌چاپکراوه‌کانى ناوه‌ندى ئاوێرو له‌دوتوێى 342 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه‌. 
کتێبه‌که‌ له‌چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌ک پێکدێت و هه‌ریه‌که‌یان باسێکى سه‌ربه‌خۆیه‌و کاریگه‌رى گۆگۆڵ له‌سه‌ر ئه‌ده‌یى رووسى و نووسه‌ره‌کانى دیکه‌ش باسی لێوه‌کراوه‌.
به‌شى یه‌که‌مى کتێبه‌که‌ تایبه‌ته‌ به‌ژیانى نووسه‌ر که‌  به‌تێروته‌سه‌لى له‌سه‌رى دواو باسی لێوه‌کراوه‌، پاشان سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه‌ى گۆگۆڵى تیاژیاوه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ى پێویست خراوه‌ته‌ڕوو. 
گۆگۆڵ  له‌هه‌ردوو ژانرى چیرۆک و ڕۆماندا ده‌ستى باڵاى تێدا هه‌بووه‌و  له‌هه‌ردووکیاندا له‌ دوو به‌شى جیادا ئاماژه‌یان بۆ کراوه‌. دواتر په‌یوه‌ندى گۆگۆڵ و شانۆ خراوه‌ته‌ڕوو، دواتر کاریگه‌رى گۆگۆڵ  له‌سه‌ر ئه‌ده‌بى رووسى خراوه‌ته‌ڕوو.
وه‌رگێڕ  سێ چیرۆکى ناودارى گۆگۆڵى  که‌بریتین  له‌ «پاڵتۆ، لووت و گالیسکه‌ن» کردووه‌ به‌کوردى و ده‌قى ڕۆمانى «تاراس بوڵبا»شى به‌کوردى بڵاوکردۆته‌وه‌. 
نیکۆڵاى ڤاسیلیڤێچ گۆگۆڵ له‌ 21ی ئادارى  1809 له‌دایکبووه‌، نووسه‌رى کورته‌چیرۆک و ڕۆمان و شانۆگه‌رى ڕووسیه‌و به‌ڕه‌گه‌ز خه‌ڵکى ئۆکرانیایه.‌ 
به‌شێکى ڕه‌خنه‌گران به‌باوکى ڕیالیزم له‌ئه‌ده‌بى ڕوسیدا دایده‌نێن. هه‌رچه‌نده‌ له‌یه‌که‌م به‌رهه‌مى شانۆیى له‌ساڵى 1829دا هه‌ستى به‌شکست و سه‌رنه‌که‌وتن کرد، به‌ڵام دواى دوو ساڵ له‌ 1831دا که‌کۆمه‌ڵه‌ چیرۆکێکى ئۆکرانى به‌ناونیشانى (چه‌ند ئێواره‌ وه‌ختێک له‌چاندنگه‌یه‌کى نزیک دیکانگادا)ى بڵاوکرده‌وه‌، ناوبانگێکى باشى بۆ خۆى په‌یدا کردو شاعیرو نوسه‌رى ناودارى وه‌کو (پوشکین و جۆکۆڤسکى و ئه‌کساکۆڤ و بلنیسکى) په‌سه‌ندیان کردو به‌نوسه‌رێکى ڕیالیستى سه‌رکه‌وتوویان له‌قه‌ڵه‌مدا.
گۆگۆڵ جگه‌ له‌چیرۆکى کورت و ڕۆمان، کۆمه‌ڵه‌ شانۆگه‌ریه‌کى ڕیالیستى به‌هێزى هه‌یه‌، دیارترینیان شانۆگه‌رى (جه‌نابى موفه‌تیشى گشتى) له‌ساڵى 1836 نوسى و ده‌ریچواندو سه‌رکه‌وتنێکى باشى به‌ده‌ستهێنا و هێرشێکى توندوتیژى پێکه‌نیناوى برده‌سه‌ر چینى فه‌رمانبه‌ره‌کانى حکومه‌تى ڕوسیاى قه‌یسه‌رى، هه‌روه‌ها له‌ساڵى 1842 شانۆگه‌ریه‌کى سه‌رکه‌وتووترى نوسى به‌ناوى (ژنهێنان) و کارێکى ته‌واوى له‌نوسه‌رانى دواى خۆى کردو له‌هه‌مان ساڵ شانۆگه‌رى (قومارچییه‌کان)یشى نوسى و له‌زۆر لاوه‌ په‌سه‌ندکرا.
گۆگۆڵ له‌ته‌مه‌نى 43 ساڵیدا له‌ 21ی شوباتى 1852 کۆچى دوایى کردوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار