ئاسیاسێڵ لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق راهێنان بەخوێندكاران دەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەو خوێندكارانەی لەڕاهێنانەكان سەركەوتوو بوون خەڵات دەكرێن
كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەمەراسیمێكدا خەڵاتی ئەو خوێندكارانەی كرد، كەمەشقی پراكتیكییان لەئاسیاسێڵ تەواوكردبوو، بەشێك لەو خوێندكارانە ساڵانە هەلی كاریان لەئاسیاسێڵ بۆ دەڕەخسێت.
مەراسیمەكە رۆژی پێنجشەممە، 8-12-2022 لەهۆتێل گراند میلینیۆم لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
لەهەر نووسینگەیەكی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق ساڵانە چەندین خوێندكار راهێنان وەردەگرن، ئەو خوێندكارانە خۆیان دەڵێن سودێكی زۆریان بینیوە، زانكۆكانیش باس لەتوانای ئەو خوێندكارانە دەكەن كەخولەكانیان تەواوكردووە، تائێستا نزیكەی چوار هەزار خوێندكار لەو پرۆگرامەی ئاسیاسێڵ سودمەندبوون.
فەرهاد قادر سەرۆكی زانكۆی گەرمیان بەهاوڵاتی وت: «جێی خۆیەتی بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی گەرمیانەوە پیرۆزبایی لەخوێندكارانمان بكەم كەتوانیان بەشداری پرۆگرامی راهێنانی تواناكان بكەن و سوپاسی ئاسیاسێڵیش دەكەم، بەتایبەت ئەو خزمەتەی پێشكەشی خوێندكارانی زانكۆكانیان كردووە».
وتیشی: هەمیشە ئاسیاسێڵ ویستوویەتی لەڕێگەی نوێوە خزمەتی تواناكانی خوێندكاران بكات، ئەم پرۆگرامەش توانیویەتی تاڕادەیەك پەیوەندی لەنێوان زانكۆو بازاڕی كاردا دروستبكات كەسودی دەبێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالێتی خوێندن و ئاوێتەكردنی خوێندن بەپێداویستیەكانی دیكە.
هاوكات عومەر فالح بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەكانی ئاسیاسێڵ بەهاوڵاتی راگەیاند: «راهێنانەكان بۆ سەرجەم بەشەكانە بەتایبەت بۆ ژمێریاری و فرۆشتن و راگەیاندنیشی تێدایە، ئەمساڵ لەهەموو عێراق زیاتر لە 500 خوێندكار بەشدارییان لەو پرۆگرامەدا كردووە».
وتیشی: «تائێستا زیاتر لە سێ هەزارو 500 خوێندكار سودمەندبوون لەو پرۆگرامە، چونكە پرۆگرامەكە لەساڵی 2008ەوە دەستیپێكردووەو لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق لەنوسینگەكانی ئاسیاسێڵ خوێندكاران سودمەند دەبن لەو پرۆگرامە».
بەرپرسی پەیوەندییە گشتیەكانی ئاسیاسێڵ دەڵێت: «كۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەدەستپێشخەری فاروقی مەلا مستەفا ئەو پرۆگرامە نمونەییەی راگەیاندووەو ستافێكی شارەزا ئەو كارە دەكات».
ئەیوب كەریم بەڕێوەبەری ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار لەكۆلێجی تەكنیكی-زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوڵاتی وت: «ئەمە بۆنەیەكی گرنگە بۆ ئێمە، دەمانەوێت سوپاسی ئاسیاسێڵ بكەین كەساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو لەخوێندكاران دەرفەتی راهێنانیان بۆ دەڕەخسێنرێت لەئاسیاسێڵ، ئەم پرۆگرامە بەشێكە لەڕاهێنانی خوێندكاران و ئامادەكردنیان بۆ بازاڕی كار».
«دەرفەتێكە بۆ دروستكردنی پەیوەندی لەنێوان خوێندكاران و بازاڕی كار، جگە لەوەی سودی بۆ خوێندكاران هەیە، سودی بۆ كۆمپانیاكانیش هەیە كە كەسی بەتوانا بدۆزنەوە بۆ كۆمپانیاكانیان، ئێمە لێرەوە داواكارین لەكەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان دەرفەتەكانیان بۆ خوێندكاران زیاتر بكەن هاوشێوەی ئاسیاسێڵ»، ئەیوب كەریم وای وت.
دیمەن فەرەیدون یەكێكە لەو خوێندكارانەی سودمەندبووە لەپرۆگرامەكە، ئەو دەڵێت: زۆر سودی لەپرۆگرامەكە بینیوە بۆ زیادكردنی توانای، باس لەوەشدەكات بەهۆی ئەو پرۆگرامەوە بچێتە هەر كارێكەوە سەركەوتوو دەبێت.