سەرکردەکانی کۆسۆڤۆ داواکاری به ئهندامبوونی وڵاتهكهیان لە یەکێتیی ئەورووپا واژووکرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسانی باڵای کۆسۆڤۆ، داواکاری به ئهندامبوونی وڵاتهكهیان لە یەکێتیی ئەورووپا واژووکرد.
لە رێوڕەسمێکدا کە لە سەرۆکایەتی کۆمار لە پرشتینای پایتەخت سازکرا، داواکارییەکە لەلایەن سەرکۆماری وڵاتەکە، ڤیۆسا عوسمانی و سەرۆکی پەرلەمان، گلاوک کۆنجوفکا و سەرۆکوەزیران، ئالبین کورتی واژووکرا.
ههر لە رێوڕەسمەکەدا ڤیۆسا عوسمانی گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لەوە کرد لەمەودوا ١٤ی کانونی یەکەم وەک رۆژێکی مێژوویی دەناسرێت کە تیایدا هێزی ئاسایشی کۆسۆڤۆ (FSK) لە ٢٠١٨دا بووە سوپا و ههر لهو ڕێكهوتهدا كۆسۆڤۆ داوای بوونە ئەندامی پێشکەش بە یەکێتیی ئەورووپا کردووە.
عوسمانی ئاماژەی بەوە کرد کۆسۆڤۆ جگە لە یەکێتیی ئەورووپا هیچ جێگرهوهیهكی دیکەی نییە، ئەم ساتەش تایبەتە بەو هاووڵاتیانەی کۆسۆڤۆ و ئەو کەسانەی رووبەڕووی لەشکرکێشی و جینۆسایدی ناڕەوا بوونەوە و لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی و دیموکراسیی وڵاتەکەیاندا گیانیان بەختکرد.
گوتیشی: "کۆسۆڤۆ وەک بەشێک لە ئابووریی بازاڕی ئازاد و پشتیوانێكی بەردەوامی ئاشتیی و ئاسایش، شایەنی ئەوەیە بەشێک بێت لە خێزانی یەکێتیی ئەورووپا. رێگای بەردەممان روونە، رێگای بوونە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا پرۆسەیەکی یەکلایەنە نییە. لەوانەیە ئەم پرۆسەیە درێژخایەن بێت، بەڵام ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی سەرکەوتوو بین".