تاڵیبان ٢٧ ژن وپیاو لەناوەندی شاردا بەرقامچی دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تاڵیبان لە شارەکانی زابول و هێلمەند بە قامچی لە بیست و حەوت ژن وپیاو دەدات و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا ئەسەپەێنێت، لەناو ئەو کەسانەدا کە لێیان دراوە دوانیان ژن بوون و بیست وپێنجی دیکەشیان پیاو بوون.
بەپێی ڕاگەێندراوی دادگای باڵای تاڵیبان، پێنج کەس لەوانەی بە قامچی لێان دراوە لە پارێزگای زابولن و دوانیان ژنن، بیست ودوو کەسی دیکەشیان سەرجەمیان پیاون ولەپارێزگای هێلمەندن. یەکێک لەو ژنانەی کە سزاکەی بەسەردا جێێبەجێکراوە بەتۆمەتی پەیوەندی سێکسی ناشەرعی ٣٩ قامپچی لێدراوە و سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، هەروەها لەنێویاندا پیاوێک بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی سێکسی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا ٣٠ قامچی لێدراوە و دوو ساڵ سزای زیندانی بۆدەرچووە.
بەشێکی زۆری ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕیان کراوەتەوە تۆمەتی دزی، سێکسی ناشەرعی (زینا)،بوونی پەیوەندی سێکسی لەنێوان پیاو و پیاون؛ لە دوای بڕیارەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆکی تاڵیبان، هێباتوڵلە ئاخوندزادە، پاڵپشت بە شەریعەتی ئیسلامی ، تاڵیبان دەستی بەم جۆرە سزایانە کردۆتەوە و ئەمەش کاردانەوەی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەلگەی مەدەنی ئیدانەی ئەم سزایانەیان کردووە و بەکارێکی دڕندانە و نامرۆڤانەیان وەسفکردووە، هەروەها داواشیان لە تاڵیبان کردووە ئەم جۆرە سزایانە ڕابگرێت. لەبارەی سزاکانی تاڵیبانەوە بە تۆمەتی لادان لە شەریعەتی ئیسلامی، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا سەرۆکی تاڵیبانی بە گەڕانەوە بۆ شێوازی حوکم کردنی سەرەتای تاڵیبان تۆمەتبارکرد.
جێبەجێکردنی ئەم سزایە بەسەر ٢٧ هاوڵاتی ئەفغانستان تەنها ڕوداوێک نیە، بەڵکوو لەسەرەتای دەستپێکردنەوەی حکومی تاڵیبان و داگیرکردنەوەی لوتکەی دەسەڵات لە ئەفغانستان لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢١ وە بەو شێوازە لێکدانەوەیەی تاڵیبان بۆ شەریعەتی ئیسلامی چەندین کەسی بەرقامچی داوە وشەلاقە کردووە کە ژنیشیان لە نێودا بووە لە پارێزگاکانی لۆگار، قەندەهار، کابول، لەغمان، تەخار و بامیان. بەدەر لە سزاکانی قامچی و زیندانیکردن وشەلاقەکردن بە ئاشکرا لە بەردەم خەڵکدا، تاڵیبان بۆ یەکەم جار لەدوای گرتنەدەسەڵات لە ئەفغانستان هەفتەی ڕابردوو لەبەردەم بەرپرسەکانی تاڵیبان و خەڵکی ئەو وڵاتە کەسێکی لە ناو یاریگایەکدا لە سێدارە دا.