تویتەر هەژماری چەند رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی سەر بە تۆڕە هەواڵییە جیهانییەکان ڕادەگرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تویتەر هەژماری چەند رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی سەر بە تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێن، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز و واشنتن پۆستی راگرت.
تویتەر ئەکاونتی چەند رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی بێ روونکردنەوە داخست. لەسەر ئەمەش رۆژنامەنووسەکان داوای روونکردنەوە دەکەن. حکومەتی ئەڵـمانیا و کاربەدەستانی ئەوروپاش هۆشداری دەدەنە ئیلۆن مهسك خاوەنی تویتەر سەبارەت بەم پێشێلکارییه و مافی ئازادی و رادەربڕین.
خاوەنی نوێی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئیلۆن ماسک، لە پەیامێکدا کە هەژماری تایبەتی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، رۆژنامەنووسانی تۆمەتبار کرد بە بڵاوکردنەوە زانیاری تایبەت سەبارەت بە شوێنی نیشتەجێبوونی.
لە تویتەکەی ماسکدا هاتووە، "یاساکان لەسەر رۆژنامەنووسانیش جێبەجێ دەکرێت وەک چۆن لەسەر کەسێکی ئاسایی جێبەجێ دەکرێت. دەتوانن بەدرێژایی رۆژ رەخنەم لێ بگرن، بەڵام ناکرێت شوێنی نیشتەجێبوونم ئاشکرا بکەن و خێزانەکەم بخەنە مەترسییەوە".
هاوکات، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش هەڕەشە دەکات ئەگەر تویتەر لە هەنگاوە هەرەمەکییەکانی بەردەوام بێت، هەژماری خۆی لە تویتەر دەسڕێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە CNNبڵاویکردەوە، "هەڵپەساردنی هەژماری ژمارەیەک لە پەیامنێران لەنێویاندا دۆنی ئۆسلیڤانی پەیامنێری کەناڵی CNN، جێگەی نیگەرانییە. بەڵام جێگەی سەرسوڕمان نییە، زیادبوونی ناسەقامگیری تویتەر دەبێت نیگەرانییەکی گەورە بێت بۆ هەر بەکارهێنەرێکی تویتەر. ئێمە داوای روونکردنەوەمان لە کۆمپانیاکە کردووە و پەیوەست بەو وەڵامەی پێمان دەگاتەوە پەیوەندییەکەمان هەڵدەسەنگێنینەوە".
جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپاش لە تویتێکیدا ، بە یاسای خزمەتگوزاییە دیجیتاڵییەکان هەڕەشە لە مهسک دەکات کە وا چاوەڕوان دەکرێت یاساکە هاوینی داهاتوو لەسەر پلاتفۆرمی وەک تویتەر جێبەجێ بکرێت. یاساکە داوا دەکات تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێز لە ئازادی رادەربڕین بگرن ئەگەر نا سزایان بەسەر دەسەپێنرێت.